زیاتر
لە یەک ملیۆن و (200) هەزار، هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان، ژیان و گوزەرانیان پەیوەستە
بە موچەوە، بازاڕ و کاروکاسبی بەشێکی تری هاونیشتمانیانی تری هەرێم، هەر پەیوەستن
بە موچەوە، چونکە جومگەکانی تری ئابوری لەهەرێمدا سست و لاواز و بێ بەرهەم کراون،
ئەوەی رەوڕەوەی ئابوری هەرێم دەجوڵێنێت، تەنها موچەیە، موچەی مانگی پێنجی بەر لەجەژنی قوربان نەدرا و سەدان و هەزاران موچەخۆر
و خێزانیان لە خۆشی و چێژی جەژن بێ بەشکرد.
لەکاتی
دابەشکردنی موچەدا، مانگانە بڕی یەک ترلیۆن دینار، دەچێتە گیرفانی هاونیشتمانیانی
هەرێمەوە، نیوەی زیاتری ئەم گوژمەیە، دەستاودەست دەکات و بازاڕ دەجوڵێنێت.
ئەوەی
لەم وتارەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر، هاتنی گەشتیارانە بۆ هەرێم، لەئێستادا
تاکە سەرچاوەی بەدەستگەشتنی پارە، گەشتیاران و سەردانیکەرانی خۆشەویستن.
سوپاس
بۆ خوای گەورە، سەرجەم ڕەگەزەکانی کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمدا هەن، وەک ئاوهەوای فێنک
و شوێن و جێگای گەشتیاری و سەرچاوەی ئاو، هتد. ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران
بەتایبەت گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
بەهۆی
گرنگی گەشتوگوزار و دەرئەنجامەدارایی و ئابورییەکانی ئەم کەرتە ستراتیژییە، کەزیاتر
لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانە، واباشترە لایەنەپەیوەندیدارەکان بەگشتی و هاوڵاتیانیش بەتایبەتی،
ئەوپەڕی ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی لەگەشتیاران، چونکە لەئێستادا تاکە ڕێگا بۆ
داهات، گەشتیارانن.
لێرەوە
داواکارین لەسەرجەم خاوەن شوێن و جێگاو سەیرانگاکان و ئوتێل و میوانخانەکانی هەرێم،
بەوپەڕی توانای خۆیان بخەنەکار لەپێناو ڕازیکردنی گەشتیاران بەگشتی و گەشتیاران و
سەردانیکەرانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گیرفانپڕ.
بۆئەوەی
هیچ نەبێت لەم قەیرانە داراییەدا، سەرچاوەیەکی داهات هەبێت بۆ ڕێژەیەک لە هاونیشتیمانیان،
کەواتە بەخێرهاتنێکی گەرمی گەشتیاران و سەردانیکەران دەکەین، هیوادارین ڕێژەیەکی زۆری
گەشتیاران و سەردانیکەران، بچنە شوێن و هاوینەهەوارو سەیرانگاکان.
243 جار خوێندراوەتەوە