کێ بەرپرسە لە قوربانییەکانی ئاڵای شۆڕش.. مەلا بەختیار یان خەڵکی تر؟

یەک راستی هەیە دەبێ هەموان بیزانین ئەویش ئەوەیە کە لە شۆڕشی چەکدرایدا زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە سیما دیارەکەیەتی، خاڵی نیە لە کاری نەباش و تەنانەت تاوان کردنیش، یەک شۆڕشی رزگاری لە دنیادا نابینی تاوانی تێدا ئەنجام نەدرابێ، شۆڕشی گەلی کوردستانیش خاڵی نیە لەم راستییە.
بەڵام ئایە ئەو هەڵە و تاوان و کەموکوڕیانە دەتوانن تابلۆ گەورە و جوانەکە بشارنەوە، بێگومان و بە دڵنیاییشەوە، نەخێر.

ئەو چاوپیکەوتنە و ئەو کتیبەی مەلابەختیار نوسیوێتی، بەهیچ جۆریک خزمەت بەم باردۆخە پڕ لەقەیرانەی ئێستا ناکات، دەسپێشخەرییەکی زۆر خراپیکردوە بۆ هەڵدانەوەی ئێسکوپروسکی رابردو، کە نەک هەر ناتوانی هەتوانی برینەکانی ئێستا بکا، بەڵکە بۆ ماوەیەکی دریژتر ئاشتی و تەونی کۆمەڵایەتی لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێ، گەلۆ مەلابەختیار ئەم ئاوە ئەکاتە ئاشی کێوە؟.

نەوشیروان مستەفا بەدەمی خۆی و بە قەڵەمی خۆی نوسیوێتی کە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و دینی، لەبەرامبەر مێژوی گەلەکەی و خوای خۆیدا هەڵئەگرێ و ئامادەیى وەڵامدانەوەیە لە هەموو ئەو روداوانەی لە (1975 تا 1991) کە تیایدا بەرپرس بوە.

کاک نەوشیروان هەموو تەمەنی خۆی لە شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا سەرفکرد، کۆتا ساڵەکانی ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و سیستمیکی پارلەمانی دروستبکرێ کە لەجیاتی حکومەتی حیزبى حکومەتی هاوڵاتیمان هەبێ، هەموان لە بەرامبەر ماف و ئەرک و یاسادا وەک یەک بن، دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێ، مەخابن مەرگ رێیپێنەدا تەواوی بکا.

هەڵبەت نابێ هیچ کەسێک بە موقەدەس بزانین و لەدەرەوەی رەخنەلێگرتن و هەڵسەنگاندنەوە بیبینن، بەڵام درۆکردن و بوختانکردنیش نیشانەی نەمانی مۆڕاڵی سیاسی و کۆمەلایەتی یە.

مەلا بەختیار، هەر بەوەوە نەوەستاوە بەڵکە هانی خۆی و تەنی شەهیدەکانی ئاڵای شۆڕشی داوە بچن لە دادگا شکات لە نەوشیروان بکەن و ئەمیش ئامادەیە بێت شایەتییان بۆ بدات!.

سەرنج بدەن لەو یانزە دێڕەی دەستپێکی نامەکەیدا کە بەخەتێکی زۆر جوان نوسیوێتی، بزانن دەبێ شەهیدەکانی ئاڵای شۆڕش شکات لە کێ بکەن، لە نەوشیروان مستەفا یان لە مەلابەختیار؟.

مەلا بەختیار، لە دانپێدانان و ئیدانە نامەکەیاندا زۆر بە ڕونی نوسیوێتی کە:
یەکەم: مەلابەختیار دژایەتی کردنی کۆمەڵەو یەکێتی بە تاوان ناوبردوە.
دوەم: کنەکردن و دزەکردن (تسلل) بۆ ناو ریکخستنەکانی کۆمەڵە و دروستکردنی تەنزیم لە ناو تەنزیم دا بە تاوان ناساندوە.

سێیەم: مەلابەختیار لە چەندین شوێنی نامە حەوت لاپەڕەیەکەیدا دەیانجار پەشیمانی و ئیدانە ی خۆیانی کردوە و جیابونەوەی (ئاش)ی بە خیانەت ناوبردوە.

بۆیە:
بەپێی ئەو ئیدانەکردنەی خۆی، کەسوکاری هەموو ئەوانەی کە بونەتە قوربانی جا شەهید بوبن یان کوژرابن یان داودەزگاکانی بەعس گرتبێتنی و لە سێدارەی دابن یان ئەشکەنجە درابن، با بڕۆن داوای مافی خۆیان لە مەلابەختیار بکەن نەک خەڵکی تر.

بۆیە مەلا بەختیار، لەجیاتی بڕوا شایەتیبدا و پارێزەر بۆ کەسوکاری ئەوانە بگرێ با بڕوات پارێزەر بۆ خۆی بگرێ.

بەشبەحاڵی خۆم رێز لەو شەهیدانە دەگرم و وەک هەرشەهیدیکی تر دەیانبینم و هاوخەمی کەسوکاریانم.

بەڵام، بۆ مەلابەختیاریش کارێکی ناشیرینە کە ناوی کەسانێکی تێکەڵ بەو شەهیدانە کردوە، کە خۆشی باش دەزانێ لە جاشایەتیدا کوژراوە، نابێ کەسوکاری ئەو شەهیدانە لێی قبوڵ بکەن!.
بێگومان کردنەوەی ئەم دەرگایە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە و، پارلەمانی کوردستانیش بەیاسا ئەم دەرگایەی داخستوە، بۆیە ئیسارەکردنیشی جۆرێکە لە ئاژاوەگێڕی و هیچی تر.
مەلا، ئاوێکی خراپی ڕشت.

979 جار خوێندراوەتەوە