شەن و کەو! (5)

ئەڵقەی پێنجەم

چەند کۆنە ئاشێ، مێژووی چەواشە، ئەنوسنەوە بۆ کۆنە جاشێ !

لە بەشی چوارەم دا بە بەڵگەوە پەردەمان لەسەربەشێک لە درۆنامەکەی شەهاب کەریم هەڵماڵی.
پێشتر زانیمان کە ئەو سیناریۆیەی کەریمە شەل باسی کردوە کەوتۆتە مانگی تەموزی ساڵی ١٩٨٤ وە.

تەمموز ئەو مانگەیە کە تیایدا خەریکە سارد و سڕیەکانی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی و ڕژێم تیا گەرم وگوڕ دەبێتەوە. کاک نەوشیروان لە کتیبی خولانەوە لەناو بازنەدا لاپەڕە ٧١ و لە ژێر سەردێڕی خولێکی تری گفتوگۆدا نوسیوێتی:
"دۆخی ئاڵۆزی کوردستان و ساردی نێوان یەکێتیی و بەعس بەدرێژایی مانگەکانی مایس، حوزەیران، تەموز بەردەوام بو. رۆژی ٢٠ ی تەمموز، سەعدی مەهدی ساڵح هاتە سورداش و داوای کرد کە گفتگۆ دەستپێ بکرێتەوە و، ئەوان ئامادەن بۆ پێشوازی وەفدی یەکێتیی. رۆژی ٢٥ تەموز وەفدی یەکێتی بەرێکەوتن بەرەو بەغدا... وەفدی یەکێتیی پێکهاتبو لە: فەرەیدون عەبدولقادر، عومەر عەبدوڵلا،عومەر عەزیز، بەسەرۆکایەتی د. فوئاد مەعصوم."

لەو کاتەدا نەک ئەو سیناریۆ دروستکراوە، بەڵکە هەر کاریکی ترکرابێ چوەتە خانەی بەرەڵلایی و شڕەخۆریەوە بۆ دەستخستنی تفەنگێ یان قاچوقوچی ترەوە!

شەهاب لە لاپەڕە ١٦٨ دا نوسێوێتی " پاش دەربازبوونم لە شاری سلێمانی، ڕەوانەی ئێران کرام بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری (ڕەزاییە ) ئورمیە، کە ئەو کاتە حیزبی سۆسیالیست و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتننامەیان لەگەڵ ئێراندا هەبوو. لە ڕاستیدا حیزبی سۆسیالیست (حسک) هاوکاریی ئەو پێشمەرگانەی دەکرد کە بۆ پێویستیی چارەسەر دەچوونە ئێران و منیش بە نامەی فەرمیی حیزبی سۆسیالیست (حسک) ڕەوانەی ئێران کرام"

لە ڕاستیا ئەمەش درۆیەکی ترە، چونکە ئەو کاتەی شەهاب باسی ئەکات، گەرمەی مفاوەزاتەکەیە، بەرەی (جود) کە حیزبی سۆسیالیست تیایدا ئەندام بوو، دژی گفتوگۆبون. لەو کاتەدا یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی لەگەل سۆسیالیست دا نەبوو.

کاک نەوشیروان لە کتیبی خولانەوە لەناو بازنەدا لە لاپەڕە ١١٥ دا لە ژێر سەردێری ئاشتبونەوە لەگەڵ لایەنەکانی جود نوسیوێتی"تەنها لایەنێک کە بە دەنگ بانگی یەکێتییەوە هات حسک بو. سەرەتا شیخ محمەدی شاکەلی سەردانێکی مام جەلال و مەکتەبی سیاسی کرد، دوای ئەویش چەند جارێ محەمەدی حاجی مەحمود هات و گفتوگۆی لەگەل مامجەلال و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کرد زەمینەیان بۆ گفتۆگۆی نیوانمان سازکرد... وەفدێکی حسک کە پێکهاتبو لە : قادر جەباری، محەمەد شاکەلی ، محەمەد ڕەحیم (خاڵە حاجی) ١٨-٢٤ ی نیسانی ٨٦ هاتن بۆ یاخسەمەر."

کەواتە ئەوکاتەی کە شەهاب باسی ئەکات گوایە بە وەرەقەی حسک چوە بۆ ئێران بۆ عیلاج، درۆیەکی شاخداری تر و ناڕاستە. چونکم دووساڵ دواتر نێوانی یەکێتیی و حسک بەرەو ڕیکەوتن چوە. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە. ئێوە ئازادن لەبەینی خۆتاندا هەم درۆ وهەم فشە بۆ یەکتر بکەن، بەلام کە درۆ بەمەبەستی شێواندنی مێژوو ئەهۆننەوە، بەم جۆرە بە درۆتان ئەخەینەوە.

بۆ بەدواداچونی درۆکانی کەریمە شەل وەک خۆی لە لاپەڕە ١٦٥ دا نوسیوێتی: " منیش خۆم کرد بە دووکانی سەراجەکەدا و تفەنگی پاسەوان و پێناسەکەی لە گیرفاندا دەربکەم…"
لەلاپەڕە ١٦٤ یش دا وەسفی دوکانەکە بەم جۆرە بۆ ئەکات: " ئەویش بەر دووكانێكی زەڕەنگەرێک بوو، بەرامبەرەکەشی دووكانی سەراجێك بوو كیفی دەمانچه و جۆری سیلاحی دروست دەكرد. "

ئەو وەسف و ناونیشانەی کە لە سیناریۆکەیدا کردوێتی، دوکانی کاک محەمەدی سەراجە کە خۆشبەختانە کاکە حەمەی سەراج لەژیاندا ماوە.
بۆیە لام گرنگ بو کاک محەمەد بدۆزمەوە و قسەی لەگەل بکەم. سوپاسی هاورێکانم کاک شتخ کەمالی زەرەنگەر و کاک خەباتی مام تۆفیق ئەکەم، کە بە هۆی ئەوانەوە توانیم بەتەلەفۆن لەگەل کاک محەمەد کە ئێستە لەئەلمانیا ئەژی، ئەم گفتوگۆیە بکەم.

ئەوە بو لە سەعات ٢٢ ی شەوی شەممە لەسەر یەک شەممەی بەرواری٢٢/٢٣/٨/٢٠٢٠ زەنگم بۆ لێدا گفتوگۆم لەگەل کردو چیرۆکەکەی شەهاب کەریمم بۆ گێرایەوە و لیم پرسی بێ زەحمەت ئەتوانی بۆم بگیرێتەوە چۆن بوە؟ چونکە بە پێی چیرۆکەکەی شەهاب یەکێ لە سەربازە بریندارەکان خۆیکردوە بە دوکانەکەی تۆ دا کاک محمەد وتی کاک خالید چیت بۆ بگێرمەوە دلنیات ئەکەم شتی وا نە لە دوکانی من و نە لەگوزەرەکەشماندا ڕوی نەداوە. کاکە برۆن لەهەموو دوکاندارەکانی ئەو گوزەرە بپرسن کێ بڕوا بەو قسانە ئەکات و هەر پێویست ناکات وەلامی شتی وابدەیتەوە. ئینجا وتی کاکە دوکانی سەراجیەکەی من ئێستە دوکانی زەرەنگەریە. دڵنیابە نەک لەو سالەدا لەهیچ ساڵیکی تریشدا لەبەر حەوەزەکەدا کوشتنی ئەفسەریک و چوار پاسەوان روی نەداوە. لەکۆتایی دا تەکیدی لیکردمەوە و وتی حەقیش نیە سەری خۆت بەوەوە بیەشێنێ. من پیم وت ئاخر ئەمە درۆکردنە بەناوی مێژوەوە نابێ بێ وەلام دەربازببێ. لە بەینی قسەکاندا وتی با شتێکت بۆ باس بکەم، وتم فەرموو، وتی ساڵی ١٩٨٨ دوکانەکەم زەرەنگەری بوو، دوو دز بە دەمانچەوە هاتنەسەرم، ڕوبەڕویان بومەوە و بەرۆکی یەکێکیانم دادڕی و قۆپچەی کراسەکەی کەوتە خوارەوە تەقەیەیان لێکردم خەریک بو بمکوژن ورایانکرد. ئەو رۆژە شیخ جەعفەری محافز لە هەولێر بوو محمەد عەبۆ جیگری بو، پۆلیس هاتن بەدەم روداوەکەوە مفەوەز کەمال پیاوێکی نەجیب و دلسۆز بوو وەعدی دامێ دزەکان بدۆزێتەوە و داوایلێکردم کە دۆزیماننەوە لێ یان خۆش نەبم... سەرت نەیەشینم لەماوەی چەند رۆژیکدا هەردوکیانگرتن. یەکێکیان (د.ع.ز) بو. من لە مافی کەسی خۆم خۆش بوم...

بەندەش وەک خالید ڕەزا بە پێویستی ئەزانم باسی جوامیری مفەوەز کەمال بکەم، لەکاتی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕاپەرین، لەڕیی ڕێکخستنەوە بەنامە پەیوەندیەمان بە مفەوەز کەمالەوە کردبو کە لە بنکەی پۆلیسی ئیسکان بو، ئەو دڵنیایی دابوینێ کە رۆژی ڕاپەڕین لە بنکەکەی خۆیدا چی پێ بکرێ ئەیکا. بەداخەوە هەر لەوێ شەهید کرا،شەهیدبونەکەشی قسەوباس هەڵدەگرێ. یادی بەخێر و گۆڕی پڕ لە ڕوناکی بێ.

لە کۆتایی قسەکاندا، سوپاسی کاک محەمەدم کرد و داوای وینەیەکی دوکانی سەراجیەکەیم لیکرد کە ئێستە دوکانی زەرەنگەریە ، بۆم بنێرێ تا وەک بەڵگەیەک بلاوی بکەمەوە. وتی وینەم هەیە بەلام ئێستە لام نیە هەوڵ ئەدەم. من چاوەڕوانم.

من بەتەنها لەگەل کاک محەمەدی سەراج قسەم نەکردوە، بۆ دلنیابون لەوەی کە ڕوداوێکی لەو جۆرەی کەریمەشەل باسی ئەکات لەگەڵ چەندین کەسایەتی و دوکانداری ئەو گوزەرە قسەمکردوە لەوانە کاک عومەر محەمەد رەئوفی زەرەنگەر، کاک کەمال فەتاح ی زەرەنگەر، کاک شیخ کەمالی زەرەنگەر، کاک ئەحمەدی زەرەنگەر مامۆستا رزگاری جەلالی حاجی محمەد و کاک عەبدوللای حاجی محەمەد...هەمویان روداوێکی لەو شێوەیەیان بە ناڕاست ناوبرد.

لەدوای چۆڵکردنی سورداش و گواستنەوەی خەستەخانەکە بۆبەرگەڵو شەهاب کەریم چیکرد و چۆن پاداشتی ئەوانەی دایەوە کە خزمەتیانکرد؟

ڕەنگە شەهاب شوینی برینداربون و شوینی چارەسەرکردن و شوینی مانەوەی خۆی بیر چوبێتەوە. بۆیە بیری ئەخەمەوە بەو بەڵگانەی سەرەوە نە حسک وەرەقەی بۆکردوە نە چوە بۆ ئێران. بەڵکو یەکەم جار لە خەستەخانەکەی سورداش لەکاتی مفاوەزاتەکەدا چارەسەری بۆکراوە، پێش شەربونەوە نەمانی خەستەخانەکەی سورداش بۆ فەترەی نەقاهە چوە بۆ گوندی باڵەخ دوو برای پێشمەرگە کە کاک ئەحمەد ئیسماعیل و مامۆستا سابیر ئیسماعیل باڵەخین هەم وەک کاریکی ئینسانی و هەم وەک رۆحی پێشمەرگانە لەناو گوندی باڵەخ هۆدەیەکی بۆ ئەگرن و زیاتر لە دوو مانگ خزمەت و هاوکاری تەندروستی ئەکەن. ئەمڕۆچوارشەممە ڕێکەوتی ٢-٩-٢٠٢٠ سەعات ١٩ بەکاتی هۆلەندا، لەگەڵ مامۆستا سابیر قسەمکرد و بەگرنگم زانی لەدەمی خۆیەوە تۆماری بکەم. مامۆستا سابیر کە لەهەمان کاتدا قسەی لەگەل ئەحمەد ی برایدا کرد وتی: بەڵێ لەکاتی برینداریەکەیدا کەهات بۆ باڵەخ ئیمە ژوریکمان لە ناودێ بۆ پەیداکرد و زیاتر لە دوو مانگ خزمەتمانکرد. ئەوەی کە کردمان ئازایەتی نەبو وەک ئەرکێکی پێشمەرگانە کردومانە. بەڵام ئەوەی گرنگە باسی بکەین کاتیک کە تەسلیم بوە و بو بەجاش ئەو چاکەیەی چۆن دایناوە؟ ئەوانەی پێشمەرگەبون باش ئەزانن کە باوک و کەسوکاری پێشمەرگە سەردانی کوڕەکانیان کرد، هاورێ پێشمەرگەکانیش وەک کوری خۆیان سەیرئەکردن، لەو ماوەیەدا کە باوکم سەردانی ئەکردین، شەهاب کەریم یش باوکی ناسی، باوکم بۆ دابینکردنی ژیانی خیزانەکەمان بەعیزەتیکی بەرزەوە لە بەردەرکی سەرا جگەرەی ئەفرۆشت. رۆژێک کەریمە شەل باوکم ئەبینێ، لەجیاتی چاکە دانەوەی بەگیری ئەهێنێ و داوای ٣ سێ هەزاردیناری ئەوکاتەی لێ ئەکات، باوکیشم پێی ئەڵێ رۆلە من رۆژانە ئەوەندە پەیدا ئەکەم بە کولەمەرگی پیی بژین، مەگەر بمکوژی ئەگینا ئەوە بەمن هەڵناسورێ. ئەوە پاداشتی کەیمە شەل بو، بۆ باوکی هەردوو پێشمەرگەکە. کاک ئەحمەد باڵەخیش لەدوای ڕاپەرینەکەدا بەڕیکەوت کەریمەشەل ئەبینێ، لەبەر ئەوەی شۆڕش لیبوردنی بۆ جاش و بەعسیەکان دەرکردبو، لە گوڵێک کاڵتری پێ ناڵێ. ئەوە جیاوازی نێوان پێشمەرگە و جاش دەرئەخات.


یەکێکی تر لە کارە دزێوەکانی کەریمەشەل بەگرتدانی یەکێ لە هاوریکانی کۆمەڵەیە کە ئەویش هاورێ (بەرزان) بو لە رۆژی ٢٨-٢-١٩٨٩لە گەرەکی ئیسکان و خۆشبەختەخانەی هاورێ کەی تر بەردەست نەکەوت و رزگاری بو.
ئەو دوو نمونەیە با بەس بێ و، لە ئەڵقەیەکی تایبەتدا بەدرێژی باسی نامەی ئەعمالی ئەکەین. شایەتەکانی ئێمە هەم زیندون هەم ئامادەی روبەڕوبونەوەن وەک ئەوانەی ئەوان مردوەکان نین!
ئیشتەش نەچوە بچێ ئەتوانێ داوای لێبوردن بکات.
سەبارەت بە ناو هێنانی کاک سۆران حەمە سەعید کە بە ئۆتۆمۆبیلەکەی بردوێتی بۆ دۆڵە ڕوت. ئەمە ڕاستە کاک سۆران بە لاندرۆڤەرێک هاتوە بەشوێنتا نەک بۆ ماڵی نەوزادی عەبەی تەقی وەک ئاماژەت پێداوە، بەڵکە بۆماڵی باوکت لە خانوی پۆلیسەکانی گەڕەکی ئیسکان. بردویتی بۆ قوڵ قوڵە و تەسلیمی عومەر عەرەبی کردویت.

لەکۆتایی دا پەیامم بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەوەیە، ئەگەر خەباتی خۆتان و حیزبەکەتان بە لاتانەوە گرنگ نیە، حەقە خوێنی ئەو هەموو شەهیدە بتانگرێ. چۆن ڕێگە ئەدەن ئاسۆی قومریەکان بکرێنە (قوربان)ی و پێشمەرگە و تیکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتییی نیشتمانیی بکرێن بە (جەللاد)!!
بۆ ڕێگە ئەدەن بە پارەی یەکێتیی و بە دنەدانی ئەوانەی کە حیزبەکەتانیان بەم رۆژە گەیاند، مێژوی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو جۆرە بشێوێنن؟

ئێمە و مانان و بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی هاوڕێم کە هاتوینەتە دەنگ بۆ ڕێزگرتنە لەو مێژووە هاوبەشەی خۆمان. ئەو مێژوەی کە لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێوە دەستپێ ئەکات هەتا لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.

ئەفسوس ئێستا دوو گروپ ئەو مێژوە ناشیرین ئەکەن، گروپێکیان کۆنە جاش و هەندێ لە کۆنە ئاشەکانن ئەوانەی هیچ سەروەریەکیان نەماوە بۆ وتن!

بەشێکیش بەرپرس و مافیاکانن؛ ئەوانەی سیاسەتیان کردوە بە بزنس و سڵ لەهیچ ناکەنەوە، ئەم گروپە کە کەمینەی ئەو مێژوەن ئەگەر سەروەرییەکیشیان هەبوبێ بە رەفتارەکانیان دۆڕاندویانە و شتیکیان نەماوە بۆ شانازی پێوەکردن و لە پێناوی حەزە شەیتانیەکانی خۆیاندا سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە.

تێبینی: زەرەنگەری سانا ئەوەی کە دەبەکانی لاوەیە، دوکانە کۆنە سەراجیەکەی کاک محەمەدە کە ئێستە زەرەنگەرییە.
وێنەکانی تر بازاڕی حەوزە وشکەیە.

سەرنجێکی پێویست: لەراستیا من مەبەستم لە ئاڵای شۆرش وەک گشت (کل) نیە و رێزی زۆر لەوانە ئەگرم کە بەپاکی کردویانە و ئێستەش زۆریان هاوڕێمن. من بۆیە نوسیمە (چەند) کۆنە ئاشێ لە خۆمەوە نەم وتوە، بڕۆن کتێبەکە بخوێننەوە ئینجا ئەزانن چەند بەشێک لە کتێبەکە وەک خۆیان باسی ئەکەن ئاش بون، بۆیە منیش دەستەواژەى چەند کۆنە ئاشێکم بەکارهێناوە.

ماوێتی ...

428 جار خوێندراوەتەوە