خەتا و گوناحتان کرد بەرامبەر ئەم هاوڵاتییە!

زانیاری دروست، لە هۆڵەندیەوە کردومە بە کوردی.

لەڕێی شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە، بینەری تەلەفکردنی ٤١ تۆن پەتاتە بوم، کە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە فڕی درا، گوێم لە قسەی ئەندامانی لیژنەکە و خاوەنی پەتاتەکە بو. دیمەنەکە نیگەرانی کردم. بۆیە بە ئەرکی خۆمم زانی ئەم زانیاریانە دەربارەی ئەو ڕوداوە لە هۆلەندیەوە بکەم بە کوردی، سەرچاوەی زانیاریەکانم دو لە ماڵپەرە متمانە پێکراوەکانی هۆلەندایە. زۆر جار پزیشکەکان بە نەخۆشەکان دەڵێن بۆ ئەوەی خواردنی تەندروست بخۆیت، سەیری سایتی (Voedingscentrum) بکەن. من بۆ ئەم بابەتە سودم لەم سایتە و لە سایتی (Puur gezond) وەرگرتوە. هیوادارم هەم لیژنەکە و هەم خاوەن پەتاتەکە ئەم نوسینە ببینن. من دڵم لای خاوەن پەتاتەکەیە.

ئایە ئەتوانی پەتاتەی چەکەرەدار بخۆی؟
بەڵێ، هیچ دودڵ مەبە لە خواردنی. بەڵام دەبێ بەتەواوی بە قوڵی شوێنی چەکەرەکەی لێ بکەیتەوە و فڕێی بدەیت. شوێنی چەکەرەکە مادەیەکی سامی سروشتی تیایە پێی دەوترێ سۆلانین (solanine). ئەم مادەیە لەکاتی کوڵاندندا ناشکێ و لەناو ناچێ. ئەکرێ توشی هەندێک کێشەت بکات وەکو، سک ئێشە،سک چون یان تالێهاتن. ئەمەش ئەگەر هاتو بڕێکی زۆر لە سۆلانین بخۆیت.

چەکەرەکردنەکە دو شتی تری هەیە: یەکەم ، جیڕ و رەق، دوەم بڕی ڤیتامین تیایدا کەم دەبێتەوە. بۆیە پەتاتە بۆ ماوەی زۆر و لە شوێنی گەرم دا هەڵمەگرە، باشترە هەورەبان یان لە رەفەی شوێنی تاریک و فێنک دا لە نێوان (8-10) پلەی سەدی دا بیپارێزی بۆ ئەوەی زو چەکەرە نەکات.

ئەکریلامید (Acrylamide)
لەکاتی سورکردنەوە یان برژاندن و فریتیور کردنی پەتاتەدا لەوانیە مادی ئەکریلامید دروست ببێ. ئەمە مادەیەکی شێرپەنجەییە بەتایبەت کاتێک دروست دەبێ ئەگەر پەتاتەکە زۆر سوربکرێتەوە کە تۆێاڵی ڕەش بگرێ. بۆیە گرنگە بۆ سەلامەتی خۆت زۆر سور نەکرێتەوە یان زۆر نەبرژێ و ڕەش دابگەڕێ بۆئەوەی کەمترین ڕێژەی ئەکریلامید وەربگریت.

چی لە پەتاتەی سەوز هەڵگەڕاو بکەین؟
ئەگەر بۆ ماوەیەک پەتاتە لەبەر ڕوناکی دابنرێ ڕەنگی سەوز دەبێ. هەروەها پەتاتەی ڕەنگ سەوز بو مادەی سۆلانین (solanine) تیایە. ئەگەر پەتاتەکە بەتەواوی ڕەنگی سەوز بوبو، باشترە فڕێی بدەیت  نەیخۆیت. ئەگەر پەڵەی سەوزی پێوە بو، ئەوا دەتوانی ئەوەی لێ بکەیتەوە و فڕیی بدەیت، بەشە ساغەکەی بخۆیت.

ئەوەی لە تەلەفزیۆنەکانەوە بینیم، ئەو پەتاتانەی کە خاوەنەکەی بە چەقۆ لەتی دەکرد و پیشانی هەمومانی دا، هی فڕێ دان و تەلەفکردن نەبو. بەڕای من تاوانێک بو بەرامبەر ئەو هاونیشتمانیە کرا و داوای لێ دەکەم، لە ڕێی داگاوە سکاڵا دژی ئەو دەزگایە تۆمار بکات کە ئەو بڕیارە ناڕەوایەی داوە.

لە خوارەوە ڤیدیۆی تەلەف کردنەکە دا ئەنێم...

1416 جار خوێندراوەتەوە