شەن وکەو! (4)

ئەڵقەی چوارەم

درۆکردن بەناوی کاک نەوشیروان مستەفاوە بۆ؟
مێژوو بە درۆزن و درۆزانەکان نانوسرێتەوە!

شەهاب کەریم، سیناریۆیەکی گاڵتە ئامێزی بەناوی کاک نەوشیروان مستەفا وە هۆنیوەتەوە، کە گوایە لەکاتی مفاوەزاتەکەدا، عومەر عەرەب و شەهاب و سەلاح چاوزەقی ناردوە بۆ کوشتنی ئەفسەرێک و چوار سەرباز لەناو بازاڕی سلێمانی دا. قسەمان لەسەر ئەوەنیە کە ئایە ئەوانە شایەنی کوشتن بون یان نا، داگیرکەربون یان نا، بڕیاردانی کوشتنیان ڕەوابوە یان ناڕەوا، بەڵکە قسەمان لەسەر هۆنینەوەی درۆیە بەدەمی سەرکردەیەکەوە و خۆی بکات بەپاڵەوان!

لێرەدا بەو پەڕی بڕوا بە خۆبونەوە بە دۆکیومێنت و ئەرگومێنت و شایەت، هەوڵ ئەدەم درۆکانی ئەم کابرایە کە هەموو شایەتەکانی کوژراون و بەتەنها خۆی ماوەتە، لە بێخەوە هەڵتەکێنم. بێگومان ئەمە تەنها درۆ و تەنها بوختانی نیە ونابێ. زۆربەی زۆری بەشەکانی کە بەدڵناییەوە لەلایەن خەلکی کینەلەدڵ وە بۆی نوسراوە، تەرخانە بۆ هۆنینەوەی درۆو بوختان بە دەمی کاک نەوشیروان ەوە. منیش بەردەوام ئەبم لە بەدرۆ خستنەوەیان.

ئەوانەی ئەیانەوێ لە مێژوی پرشنگداری نەوشیروان مستەفا بدەن، ئەبێ بەو داخەوە رۆژێک بمرن و لە شەرمەزاری زیاتر هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە، نەوشیروان مستەفا راستە بە جەستە لەناوماندا نییە، بەڵام سامانێکی گەورە لە کتێب و نوسین و ئاکاری لە دوای خۆی جێهێشتوە، کە بە نەمری ئەیهێڵێتەوە.

شەهاب لە بەشێکدا کە ناوی لێناوە (بمکوژن بەڵام بە جێم مەهێڵن) لە لاپەڕە ١٥٤-١٧٠ ناشیانە دەستی بەنوسێنەوەی درۆکەی کردوە خۆی کردوە بە پاڵەوانی فیلمەکە!

لە لاپەڕە ١٥٥ دا نوسێوێتی" لە لایەن بەرپرسی ڕێکخستنی کەرتەکەمانەوە کە ئیلتیزامی بە ڕابەرسیاسی و تیپ و نەوشیروان مستەفاوە هەبوو، تۆفیق ناسراو بە هونەر بە نامەیەکی فەرمیی هەریەک لە فەرماندەی کەرتەکەمان؛ عومەر حەسەن ناسراو بە (عومەر عەرەب) و بەندە شەهاب کەریم و جێگری کەرتەکەمان سەڵاحی حاجی عەلی ناسراو بە (سەڵاح چاوزەق)، لەلایەن سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان نەوشیروان مستەفا بانگ کراین... لە بەرگەڵوو چاومان بە نەوشیروان مستەفا کەوت وتی: عومەر پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمانە و جێی بڕوا و متمانەی ئێمەیە، ئەویش ئێوەی دەستنیشان کردووە لە دڵسۆزی و ئازایەتیدا. لە ڕێکخستنەکانی ناوشارەوە هەواڵی ئەفسەرێکمان پێ گەیشتووە، خۆی و پاسەوانەکانی غەدرێکی زۆر لە کاسبکاران و هاوڵاتییان دەکەن، غەدرکردنیشیان لە خەڵکی؛ ڕۆژانە دووبارە دەکرێنەوە، گەر دەتوانن لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوتاوانبارە لەکۆڵ خەڵکی شار بکەنەوە ".

جارێ، کەسێک یەک تۆز هۆشیاری سیاسی و ئاگایی ریکخراوەیی کۆمەڵەی هەبێ، ئەبێ بزانێ کە رابەرسیاسی تیپ، جیایە لە بەر پرسی کەرتی رێکخستن! بەرپرسی کەرتی رێکخستنیش ئیلتیزامی بە ڕیکخراو و ڕیکخراویش ئیلتیزامی بە ناوەندەوە هەیە نەک بە سکرتێرەوە !!

شەهاب نوسیوێتی نەوشیروان مستەفا بانگی کردین بۆ بەرگەڵو ئەمە درۆیە.

چونکە بارەگای کاک نەوشیروان لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٣وە هەتا تەموزی ١٩٨٥ لە ئاوژێ بوە.

لە لاپەڕە ٣٢٨ ی کتێبی پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن باسی دروستکردنی بارەگا و ماڵ لە ساڵی ٨٣ دا ئەکات کە چۆن خاڵەمین لە ئاوەژی یەکێ لەدوژرەکەی خۆیی داوەتێ تیا بحەسێتەوە هەتا ماڵ و بارەگا دروست ئەکات.

هەروەها لە باسی مام باپیردا نوسێوێتی" مام باپیر، یەکێکی کە لە پیاوە ڕیش سپییەکانی ئاوەژێ، کانییەک و پارچەیەک ئەرزی دامێ ماڵ و بارەگای لەسەر دروست بکەم. شوێنەکە ناوی (کوروان) بو نزیکی ئاوژێ بو. مام باپیر پێاوێکی ژیر و بەڕیز، شارەزای کاروباری عەشائیر و قسە خۆش بو حەمەی کوڕیشی بە دڵسۆزییەکی بێ ئەندازەوە کاروباری هێنان و بردنی بەرید و پێویستیەکانی تری ئەنجام ئەدا. "

لە کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا، لە لاپەڕە ٨٩ دا و لەژێر سەرباسی (گەشتێکی زەحمەت)دا نوسیوێتی" کۆتایی مانگی مایس ( ٩٨٥)، لە ئاوەژێ وە بەڕێکەوتم بە نیازی سماقوڵی و سەروچاوە کە بارەگای مەڵبەندی ٤ ی لێ بو..."

لە لاپەڕە ٩٤ دا، باسی ئەکات کە لەم سەفەرەیدا هەتا مانگی تەموزی ساڵی ٩٨٥ لە سنوری مەڵبەندی سێ ماوەتەوە " شەوی ٢-٣ ی تەموز پەلاماری فەوجەکە دراو بارەگاکەی و زۆری ڕەبیەکانی گیران. هەندێک لەجاشەکان هەڵاتن و هەندێکیان کوژران هەندێکیشیان گیران. بەلام لەم شەڕەدا مەحمودی حاجی فەرەجی کۆکۆیی، فەرماندەی تیپی خاڵخاڵان شەهید بو، کە یەکێ لەسەرتیپە چاکەکانی یەکێتی بو... دوای ماوەیەک چومە هەڵەدن . ئەولقادر هەڵەدنی، باوکی غەریب، ماڵەکەی خۆی بۆ چۆڵکردم. بەڵام ناودێ بەکەڵکی من نەدەهات بڕیارم دا بچمە بەرگەڵو لەوێ سەرلەنوێ کەوتمەوە خانودروستکردن. بۆ خۆپاراستن لە تۆپ و بۆردومان ئەبو پەناگەیەکیش دروست بکەین."

جگە لەمە هەمو ئەو پێشمەرگانەی کەلە ساڵی ١٩٨٣دا لە بارەگای کاک نەوشیروان بون لە (کوروان) ی ئاوەژێ ، شکور لەژیاندا ماون و شایەتن. شایەتەکانی ئیمە زیندون، وەک ئەوانەی شەهاب مردوەکان نین.! ئەوە سەلماندمان کە چونی شەهاب بۆ بەرگەلو درۆیە.

شەهاب کەریم لە لاپەڕە ١٥٦ دا نوسێوێتی " لەو کاتەشدا بۆ دووەم جار بوو ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان باسی ژیاننامەی شەهید مامۆستا پێشڕەوی دەکرد "

لە لاپەڕە ١٦٦ یش دا ئاماژ بەوە ئەدات، کاتی ئەنجام دانی ئەم سیناریۆیە ماوەیەکی کەم دوای ئازاد بونی بووە. " چونكه ماوەیەکی کەم بوو له زیندان هاتبوومە دەرەوە."

هەتا ئێرە شەهاب مێژوی راسپاردنیان بۆ ئەو کارە ئاماژە پێ نەداوە، هەرچۆن مێژوی گرتن و بەرەللابونی خۆی نەئەزانی و پێمان وت ! ئێستەش ئیمە ئەتوانین بەهۆی بلاوکردنەوەی ژیاننامەی شەهید مامۆستا پێشرەوە مانگەکە دیاری بکەین. مامۆستا پێشرەو لە ئێوارەی ٦-٧-١٩٨٤ دا شەهید کرا، هەروەها وەک خۆشی نوسیوێتی بەماوەیەکی کەم دوای ئازاد بونی بوە لە سجن، کە ڕیکەوتی مانگی دووی ساڵی ١٩٨٤ ئەکات. کەواتە ئێستە ئەزانین کە سیناریۆی راسپاردنە کەوتۆتە مانگی تەموزی سالی ١٩٨٤ وە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ رژێم دا گفتوگۆی هەبو!

هەموو هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی ئەیزانن، یەکێک لەو سەرکردانەی کە لەگەڵ چونە ناو شاری پێشمەرگە نەبوو، کاک نەوشیروان مستەفا بوو. چ جای عومەر عەرەب و شەهاب کەریم و سەڵاح چاوزەق بۆ کارێکی وەها ڕابسپیرێ!

کاک نەوشیروان لە کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا لاپەڕە ٩٥ باسی سێ تەجروبە ئەکات کە لەناخەوە ئەزیەتی داوە. من لێرەدا تەنها تەجروبەی دووەم کە سەنگەر گۆڕین ە لەگەڵ ئەو دێرانەی کە بۆ سێ تەجروبەکەی نوسیوە ئەگوازمەوە. کە ئەو ڕیوایەتەی شەهاب کەریم پوچ ئەکاتەوە.

" لێرەدا بە پیوسیتی ئەزانم ٣ ڕوداوی ئەو ڕۆژانە تۆمار بکەم، کە خۆمیان وەکو ئینسان ئێشاند و زەرەریان بە ڕێکخراوەکەمان و جوڵانەوەکەیش گەیاند. مەبەستم لە گێرانەوەیان ئیشاندنی هیچ کەس نیە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی تەجروبە و پەندە... لە جەنگەی ئەو ڕوادوە سەختانەدا چەندکەسێ لەو فەرماندەی کەرتانەی کە لەکاتی گفتوگۆدا گیروگرفتی زۆریان دروست ئەکرد وشەڕیان بەجاش ئەفرۆشت و هەندێ جار تاوانی زل یان ئەکرد، لەوانە : سەلاح شینە لە هەولێر، هەڵۆ و پشتیوان (هەردوو ناو هی خۆیان نەبو) لە کەرکوک، عومەر عەرەب لە سلێمانی، هەریەکەیان لە لایەکەوە لەگەل تاقمێ پێشمەرگە تەسلیم بونەوە و بون بەجاش و دواتر بەجۆری جیاواز و لەشوینی جیاواز دا لەشەڕی پێشمەرگەدا کوژران. ئەمانە چەند نمونەیەک بون لەو چەکدارە بەرەڵلایانەی لە ڕیزەکانی یەکێتی دا بون و، بەهۆی دەستەگەری و ململانێی ناوخۆی یەکێتیەوە نە ئەتوانرا بهێنرێنە ژێر باری دیسپلینی پێشمەرگایەتییەوە و، هەندێ جار گیروگرفتی گەورەیان بۆ یەکێتی دروست ئەکرد. "

سەرکردەیەک ئەمە بیرکردنەوە و ڕای بوبێت، ئەچێتە عەقڵەوە عومەر عەرەب و سەلاح چاوزەق و شەهاب کەریم بۆ چالاکیەکی وا و لەکاتی مفاوەزات دا ڕاسپێرێ؟ درۆکردن بە دەمی مردوە وە رەفتارێکی شەیتانانە و بێ مۆڕاڵییە.

شەهاب، لە لاپەڕە ١٥٧ دا نوسیوێتی " حەیف ئەوانەی ڕۆژانێک خەباتیان لە پێناوی مافی چارەنووسی گەلەکەیان کرد و سنگی خۆیان لە سەنگەری شەرەفەوە دەنا بە گوللەی دوژمنەوە، هەندێک لەو بە ناو تێکۆشەرانە لە کۆتاییدا بەپێچەوانەوە لە سەنگەری نەیارانی حیزب و شۆڕشەوە لوولەی تفەنگەکانیان پێچەوانە دەکردەوە و ئاڕاستەی سنگی هاوڕێ پێشمەرگەکانیان دەکرد."

ڕوقایمیە ئەفسوس بۆ ئەوانە بخۆیت کە سەنگەری پێشمەرگایەتییان بەجێ هێشتوە، لە کاتێک دا خۆی یەکێکە لەوانە و لە کۆتایی ساڵی ٩٨٦ دا تەسلیم بە بەعس بۆتەوە و لولەی چەکەکەشی کردۆتە سنگی هاوسەنگەرەکانی دوێنێی.!

ئینجا لە لاپەرە ١٦٠ نوسیوێتی " جگە لەو پێشنیارەی سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران؛ نەوشیروان مستەفا ئاڕاستەی کردبووین، هەرسێکمان بڕیارمان دا جگە لەوە، چەند چالاکیەکی تر ئەنجام بدەین. عومەر عەرەب ماڵی مامی لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی بوو، هەرسێکمان لە ماڵی مامی عومەر عەرەب ماینەوە، شەو تا درەنگانێک سەرقاڵی نەخشە و پلان و جۆری ئەنجامدانی چالاکیەکە بووین... بۆ سبەی کاتژمێری هەشتی بەیانی لە گەڕەکی زەرگەتەوە، واتە لە ماڵی مامی عومەر عەرەبەوە چووین بۆ سەنتەری شار و چووینە ئەو شوێنەی بۆمان دەستنیشان کرابوو کە ئەو ئەفسەرە و پاسەوانەکانی باج و سەرانەیان لە خەڵکی وەردەگرت، ئەویش بازاڕی بەر حەوزە وشکەکە بوو".

تۆ لەوە گەڕێ کە هەرلە ئەوەڵەوە ئەم درۆیە بەدەمی کاک نەوشیروانەوە هەڵبەستراوە.

سەرنج بدە نوسیوێتی بریارمان دا چەند چالاکیەکی تر ئەنجام بدەین! ئەڵبەت ئەمە لە دیسپلینی پێشمەرگایەتی و سەربازی دا پێێ ئەوترێ بەرەڵلایی! کاک نەوشیروان دەستەواژەی چەکداری بەرەڵڵای بۆ ئەم جۆرە کەسانە بەکار هێناوە، نەک پێشمەرگە.

شێرو ڕێوی هێنانەوەکە دوروردرێژە... گوایە ئەم مەفرەزیە چەند رۆژێک ئەمێننەوە و رۆژانە بە بازاردا ئەگەرێن و نێچیرەکەیان دەست ناکەوێت و هەمو جارێک عومەر عەرەب پلاری تێگرتون، بۆیە رۆژیک لەو رۆژانە کە عومەریان لەگەل نابێ وەک لە لاپەڕە ١٦٣ نوسێوێتی " لە گەڕانەوەماندا بۆ ماڵەوه، سەربازێكمان بینی تفەنگێكی پێ بوو، هەرکە چووینه بەردەمی و دەمانچەمان لێ دەرهێنا، وەک چۆن مەڕ لەبەردەم گورکدا سست دەبێت و ئەژنۆی دەشکێت، بەو جۆرەش ئەویش تف لە گەروویدا وشک بوو، بەبێ هیچ هەڵوێستەیەک تفەنگەکەی داینێ و لەگەڵ ئەوەشدا لەکۆڵمان نەدەبووەوە و بە زمانی عەرەبی پێی دەوتین یان بمکوژن یان با لەگەڵتان بێم، بەگریانەوە پێی دەوتوین لە سێدارەم ئەدەن هەر چەندە من حەزم بەو کارە نەدەکرد و خۆشم نازانم چۆن بوو ڕووبەڕووی سەربازێکی بێدەسەڵات ببوومەوە، زۆریشم بەزەیی پێدا هاتەوە و تفەنگەکەم دایەوە دەستی".

ئەم برادەرە ئەبوایە بۆ سەلامەتی خۆشیان بوایە، دەرزی تفەنگەکەی دەربهێنایە ئینجا بیداتەوە بە سەربازە گرینۆکەکە! بیهێنەرەوە بەرچاوی خۆت ئەمە بە ڕۆژی ڕوناک و لەناو بازاری سلیمانی دا، گوایە ڕویداوە کە بەعس حاکم بوە! ئینجا نوسیوێتی لە گەرانەوەماندا بۆ ماڵەوە، وەک ئەوەی ماڵەکە بارەگای تیپ بوبێ لە دۆڵێکی چەپەک دا مەقەڕیان لێدانابێ!!

لە لاپەڕە ١٦٤ دا نوسیوێتی " بەهەرحاڵ، بۆ ڕۆژی داهاتوو عومەر عەرەب و سەلاح چاوزەق و بەندە چووینه نێو بازاڕ و به هەمان شێوه زۆر گەڕاین، پاشان چووینه دووكانێك كه پەیوەندیی به ڕێکخستنەکانی كۆمەلە ی ڕەنجدەرانەوە هەبوو و له ڕێكخستنەكانی ناوشاردا کاری دەکرد، وتی گەر كەمێك ئارامتان بێت، ئەفسەرێك لەگەڵ چوار پاسەواندا هەموو ڕۆژێک دێنە ئێرە و لەگەڵ ئەوەشدا جنێوی ناشرین دەدەن . دیار بوو ئامانجەکەمان هاتە دی کە چەند ڕۆژێک بوو ئێمە بەدوایاندا دەگەڕاین و ئەوانەن کە پێمان ڕاگەیەنرابوو لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە کە لەکۆڵ خەڵکیان بکەینەوە. به چەند خولەكێك پێش ئەوەی ئەوان بێن، چووین گوێنی یەكمان كڕی بۆ ئەوەی تفەنگی پاسەوانەكانی تێ بكەین. لە شوێن و کاتی دیاریكراودا ئاماده بووین، ئەویش بەر دووكانێكی زەڕەنگەرێک بوو، بەرامبەرەکەشی دووكانی سەراجێك بوو كیفی دەمانچه و جۆری سیلاحی دروست دەكرد. زۆر بەخێرایی بەرنامەی ئەنجامدانی جۆری چالاکیەکەمان داڕشت و دوای تەواوبوونی کارەکە، بە زووترین کات پێناسەی گیرفانیان و تفەنگ و دەمانچەکانیان بخەینە نێو گوێنی یەکە".

سەرنج بدەن ئێستە شوینی چالاکیەکە ڕونە کەبەر حەوزەوشکەکەیە، بەرحەوزەکەش گوێنی فرۆشی لێ نیە! و دوکانی سەراجەکەش بەرامبەر دوکانێکی زەڕەنگەرییە لەهەمان شوێن دا .!! لە بەشەکانی تردا وەڵامی ئەم درۆیەش ئەدەینەوە!

لە لاپەرە ١٦٥ دا نوسیوێتی " عومەر عەرەب وتی: ئەوا ئەو زاڵمە لەگەڵ پاسەوانەکانیدا هاتن، من دەچمە بەردەمیان و ئێوەش ئەملا و ئەولای لێ بگرن و هیچ مەکەن هەتا لە منەوە تەقە دروست ئەبێت. بەرەو ڕوومان هاتن، یەکسەر عومەر عەرەب چووە بەردەمیان و لوولەی دەمانچەکەی ئاڕاستەی نێوچەوانی ئەفسەرەکە کرد و تەقە دروست بوو، ئێمە سێ کەس بووین و ئەوان چوار، لە ماوەی کەمترین خولەکدا بە سزای گەل و شۆڕشمان گەیاندن، بەلام یەکێکیان بەبرینداری خۆی کرد بە دووکانی سەراجەکەدا و دەنگی هەناسە و نووزەی لێوە دەهات و هێشتا ڕۆحی تێدا مابوو. ئەفسەرەکە هەر زۆر زوو ڕۆحی دەرچوو، دوو پاسەوانەکەی تر بەتەنیشت یەکەوە خوێنی لاشەیان جۆگەلەیەکی باریکی لەنێو گوزەری حەوزە وشکەکەدا دروست کردبوو. لە چەندین دووکانی ئەو گوزەرەدا کە سەر بە ڕژێمی بەعس بوون، تەقەمان لێ دەکرا... منیش خۆم کرد بە دووکانی سەراجەکەدا و تفەنگی پاسەوان و پێناسەکەی لە گیرفاندا دەربکەم، هێشتا ئەو پاسەوانە لەسەردەم کەوتبوو و ڕۆحی تێدا مابوو. جگە لە تفەنگەکەی، دەمانچەیەکیشی پێ بوو ئێمە پێمان نەزانیبوو، فیشەکێکی پێوە نام و بەر سمتم کەوت حەوزی سمتمی شکاند... "

بەپێی گێرانەوەکەی شەهاب کەریم بێ خەلکی ئەو گوزەرە زۆربەیان پیاوی رژیم بون بۆیە خۆی وتەنی لە زۆربەی دوکانەکانی ئەو گوزەرەوە تەقەیان لێکراوە! لەکاتیکدا خەلکی ئەو گوزەرە کاسبکارونیشتمان پەروەرو دلسۆزبون.

سەرنج بدە لە لاپەڕە ١٦٤ نوسێویتی ئەفسەرێک لەگەڵ چوار پاسەوان واتە (پێنج کەس)، کابرای دوکاندار قسەکەی تەواو نەکردوە، عومەر عەرەب وتویەتی ئەوا هاتن.لەکاتی تەقەلێکردنیاندا بون بە ئەفسەرێک و ٣ پاسەوان واتە (چوار)، ئەفسەڕیک و دوو سەرباز لەبەرحەوزە وشکەکە وەک شەهاب نوسیوێتی جۆگەلەی خوین یان ئەو ناوەی داگیرکردوە، یەکیکی تریان بە برینداری خۆیکردوە بە دوکانی سەراجەکەدا ئەوە چوار. ئەی پێنجەم کوا؟ ئێستە سەربازێکی مەفقودمان هەیە؟ شەهاب ئەتوانی چارەنوسی ئەو سەربازە مەفقودەمان بۆ ئاشکرا بکات؟ وەک بێ سەروشوین بونی حسین ی هاوڕیی پێ نەوتین!؟

فیلمی دەربازبونەکەیان دورودریژە ، گەر ئارەزوی ئەو سیناریۆ گاڵتە ئامێزەت هەیە برۆ بیخوێنەرەوە.

لە لاپەڕە ١٦٧-١٦٨ درۆیەکی تر بەدەمی کاک نەوشیروانەوە ئەکات بەناونیشانی :

(گەر پێشمەرگایەتیتان پێ ناکرێت، بۆ ئابڕووی حیزبەکەتان دەبەن؟) گوایە بۆ جاری دوەم و لەدوای عیلاجکردن چونەتەوە بۆلای نەوشیروان مستەفا. "چووینەوە خزمەتی نەوشیروان مستەفا، پێی ڕاگەیاندین گەر پێشمەرگایەتیتان پێ ناکرێت بۆ ئابڕووی حیزبەکەتان دەبەن، ئەوە چالاکی بوو ئێوە کردتان و سەرتان لە تەواوی خەڵکی شاری سلێمانی شێواند؟ دەزانن چەندان کەس لەسەر ئێوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراون؟ "

ئەم درۆیەش دیسان لەبەرژوەندی خۆتان نیە، کەواتە کاک نەوشیروان بۆ کارێکی وا ڕای نە سپاردون، دژی ئەو کارەتان بوە! بۆیە بانگی کردون بۆ لێپرسینەوە نەک پاداشتکردن! درۆیەک بکەن کە پێتان پینە بکرێ.
لەبەشەکانی تردا بە بەڵگە و وێنەی مەیدانی پەردەی زیاتر لەسەر درۆکانیان لا ئەدەین.

ماوێتی ...

424 جار خوێندراوەتەوە