فاشیزم بە دەمووچاوی سەدامەوە گەڕاوەتەوە

 فاشیزم بە دەمووچاوی سەدامەوە گەڕاوەتەوە

ئاراس سەعید

یەک

مێژووی دەوڵەتی عێراق، مێژوویی کابوسێکی ترسناکە، کە سیاسەتە نا مرۆییەکانی پڕاو پڕە لە تراژیدیا و زەبر و زەنگ و تووندوتیژی و پیادەکردنی سیاسەتی خوێناوی بەرانبەر گەلی کورد. سەدەی ڕابردوو شایەتی سیاسەتی وێرانکردن و قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
لەسەردەمی عێراقی نوێشدا، زەبرو زەنگی دەوڵەتی عێراق دژ بە گەلی کورد بەردەوام بووە، جارێک لە ڕێگەی سیاسەتی برساندن و ترساندنەوە، جارێکیشیان لە ڕێگەی پەلاماردان و لە شکرکێشی و داگیرکردنی کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی 140. ئەمڕۆش (عەلی زەیدی) بەبیانوی بنبڕکردنی قاچاخچێتی نەوتەوە جاڕی داگیرکردنی کورستان دەدات.

دوو

بۆ ئەوەی شوناسی ڕاستەقینەی سیستەمی سیاسیی عێراق بناسین، دەبێت بەقووڵی لەوە تێبگەین، کە (فاشیزم) ژێرخانی نێهنیی هەموو سەردەمەکەیە و ئێمەی کورد لە هەر قۆناغێکدا لەتەک جۆرێک لە ڕووخساری فاشیزم مامەڵە دەکەین، لە فۆڕم و ناوەڕۆکی جیاوازدا. لە عێراقی نوێدا بەردەوام ڕووخسارە سیاسییەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی نەگۆڕ و ئەبەدییە، شوناسە ڕاستەقینەکەی سیستەمە سیاسییەکە. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی دەگۆڕێت ماسکەکانی ئەو سیستەمە فاشیزمەیە لەژێر ناوی دیموکراسیدا خۆی حەشار داوە. لە عێراق هەڵبژاردن دەکرێت، ڕووخساری سیاسییەکان دەگۆڕێت، وەلێ ئەوەی ناگۆڕێت ئەو زیهینیەتە فاشیزمەیە دژ بە بوونی کوردی، زمانی کوردی، دژ بە قەوارە دەستووریی و شەرعییەکەی کار دەکات.

سێ

فێڵی ئەهریمەن ئەوەیە، باوەڕ بەوە بکەین کە ئەهریمەن بوونی نییە. لە عێراقدا ئەوەی هەیە و ئەبەدی و نەگۆڕە، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە ترسناکەیە كە لەپشت ماسکەکاندا ڕووخساری خۆی شاردووەتەوە و جارێک بە بە ڕووخساری ناسیۆنالیزم و جارێک بەڕووخساری بەعسیزم و جارێک بە ڕووخساری دیموکراسی و جارێکیش بە ڕووخساری سەدام حسێنەوە دەگەڕێتەوە.
بڕوانە، عەلی زەیدی، شێوەی لە سەدام حسێن دەچێت، ئەگەرچی ئەو شێوەی لەو ناچێت، بە خوێن و خزمخواهی ناگەنەوە بەیەک. بەدەربڕینێکی دیکە، شێوەی زەیدی لە سەدام ناچێت، ئەو شێوەی خۆی والێکردووە، تەجمیلی کردووە و ڕووخساری دەستکاری کردووە، پرۆڤەی لەسەر دەنگی کردووە، تا ڕووخساری خۆی لە دیکتاتۆرەکەی ڕابردوو زیندوو بکاتەوە. گەرچی سەدام سونە مەزهەب بوو، زەیدیش شیعە مەزهەبە؛ سەدام بەعسی بوو، زەیدی نەوەی سیستەمی سیاسیی دوای بەعسە و سەدام لە سێدارە درا و بەعس ڕووخا، بەڵام فاشیزم لێرەیە و هەرجارە و بە ماسکێکەوە دێتەوە. ئەمڕۆش بە ڕووخسارێکی دیکەوە هاتووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەوەندە ئاشکرایە بە ڕووخساری سەدامەوە گەڕاوەتەوە.

58 جار خوێندراوەتەوە