شەن و کەو ! (3)

ئەڵقەی سێیەم

لە دوو ئەڵقەی پێشوتردا، بەشێک لە کونوکەلەبەری ئەوکتێبەی کە ناوی شەهاب کەریم ی خراوەتە سەر (شۆڕشیک لە لوولەی تفەنگەوە)، بڵاوکردەوە. لەم بەشەدا بە بەڵگە و دۆکیومێنت بەشێکی تر لە ناڕاستیەکانی ئەو بەناو نوسەرەتان ئەخەمە بەردەست و هەر خۆشتان ئەکەم بە دادوەر و بڕیار بدەن گەلۆ کەسێک مێژوی گرتن و بەرەڵلاکردنی خۆی، ساڵی بوون بە پێشمەرگەى خۆی نەزانێت، ئەهلی ئەوەیە کتێبێک لەسەر شۆڕشێک بنوسێت کە خۆی کەمترین ساڵی پێشمەرگایەتی تیا بەسەر بردبێت؟ لەو گێڕانەوانەشدا حیکایەت خوانەکانن نەک بەڵگە و دۆکیومێنت !

شەهاب کەریم، کە بۆخۆشی نازانێ چ رۆژ و چ ساڵێک ئاسۆی قومری گرتویەتی و، چ رۆژ و مانگ و ساڵێک لەزیندان ئازاد کراوە، دۆ و دۆشاوی تێکەڵاوکردوە. پێویستە ئەوە بلێم کە من ڕیز لەو ساڵانەی ئەگرم کە هەم زیندانی و هەم پێشمەرگە بوە. لە ئەڵقەکانی تردا بە بەڵگەو شایەتی زیندوو باسی ئەوساڵانەشی ئەکەین و بۆی ئەنوسینەوە کە خۆی نەیویستوە باسی بکات ! ئەویش کۆتایی سالی ١٩٨٦ هەتا ڕاپەڕینە !!

بۆ بەرچاوڕونی خوێنەر پێمباشە هەندێک لەو چالاکیانەی کە گوایە خۆی بەشداری تیاکردوە، لە ناو کتێبەکەدایە بۆ ئێرە رابگوێزم. تۆش دوای ئەوەی لە کۆتایی ئەم بەشەدا بەڵگەکە ئەخوێنیتەوە، ئەتخەمە بەر لێپرسینەوەی ویژدانی خۆت و دادوەری بکە، کێ راست ئەکا و کێ راستناکا؟ کێ مێژوو ئەشێوێنێ و کێ لە خەمی مێژوودایە!

لە لاپەڕە ١٠٧ دا ئەلێ " بەمجۆرە لێبوردنی گشتی (عفو عام) بۆ تەواوی زیندانیە سیاسیەکانی حوکمدار و حوکم نەدراو و ژوری سێدارە ڕاگەیەنرا و من بەرلێبوردنی گشتی کەوتم. بیرم دێت تەواوی زیندانییەکانیان بەکۆمەڵ لە گۆڕەپانەکەدا کۆ کردەوە و لەلایەن دەستوپێوەندەکانیانەوە پێیان ڕاگەیاندین کە سەددام حسێن بەڕەحمە... دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، هەندێک لە زیندانەکانی تریان تێکەڵ بە ئێمە کرد کە لە زیندانەکانی تری بەغداد هێنابوویان، هەندێکی تریش كه لە ژووری سێدارەدا بوون، وەک: مامۆستا پێشڕەو، هاوڕی ی مەلا کەمال، بەهادین ، کاک ماجید و سەباح و..."

لە لاپەڕە ١١٦ دا نوسێوێتی "لە ساڵی ١٩٨١دا عەبدولڕەحمان سیتەکی دەبێتە فەرماندەی کەرتی سێی ئەزمەڕ لە تیپی چل و حەوتی پیرەمەگروون، ئەو دەمەش ئاوات قارەمانی؛ سەرتیپی چل و حەوتی پیرەمەگروون دەبێت لەنێو کەرتی سێی ئەزمەڕ، بە پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانی خۆنەویست ئاشنابووم."

شەهاب لە لایەک ئەنوسێ لە ساڵی ١٩٨١ دا لە زیندا بوم، کەچی لێرەدا نوسێوێتی لە ساڵی ٩٨١ دا لە تیپی ٤٧ دا پێشمەرگە بوم وبە پۆلێک پێشمەرگە ئاشنا بووم.! مەتەڵێکی باشە.

شەهاب کەریم، لە درێژەی گێرانەوەکانی دا بەخەیاڵی خۆی لە ساڵی ١٩٨٣ دا ئازاد کراوە و، ئەندێشەی خەیاڵ هەڵیگرتوە و، لە لاپەرە ١٢١ دا نوسیوێتی " لە ساڵی ١٩٨٣دا کاتێک لە قەسابخانەی ئەبو غرێب بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرام و جارێکی تر پەیوەندیم کردەوە بە هێزی پێشمەرگە "

هەر بەو خەیاڵەوە کە گوایە پێشمەرگەیە، لە لاپەڕە ١٢٢ دا باسی ئەوە ئەکات کە چۆن لەگەل عومەر عەرەب ودوو پێشمەرگەی تردا لە دۆڵەڕوتەوە بەچوار کلاشینکۆفەوە هاتونەتە ناوشاری سلێمانی بەنیازی کوشتنی مولازم موحسن. دوای چوار ڕۆژ مانەوە ملازم محسن یان بەردەست نەکەوتوە. سەرنج بدە ئێستە شەهاب باسی ساڵی ١٩٨٣ مان بۆ ئەکات!...

شەهاب کەریم جارێک ئەلێ سەرەتای سالی ٩٨٠ وجاریک ئەلێ لە کۆتایی سالی ٩٨٠ ئاسۆی قومری گرتومی و زیندانی کراوم. هەر خۆی نوسێوێتی گوایە لەساڵی ١٩٨٣ بەر لێبوردنی گشتی ئەکەوێ و ئازاد، ئەکرێ.!

بەڵام: هەر بە پێێ گێرانەوەکانی خۆی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، بەر ئەو لێبوردنە گشتییە کەوتوە کە شەهید مامۆستا پێشڕە و و بەهادین و مەلاکەمال و جمعە و... ئەوانی تری پێ ئازاد کراون. ئەو لێبوردنەش لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رژێمی بەعس دا بوە و بەپێی کتابەکە کە لێرەدا بلاوی ئەکەمەوە و شەهاب کەریم کە کتێبەکەی بەناوەوە بلاوکراوەتەوە، تەنانەت کتابی ئەو لێبوردنە گشتیەشی نەزانیوە و نەی بوە کە خۆیی پێ بەڕەڵڵا کراوە. بۆیە ئەبێ سوپاسم بکات کە لێرەدا دەقی لیبوردنە گشتیەکە و ناوی بەشێک لەو تیکۆشەرانەش بلاوئەکەمەوە کە بەو لێبوردنە گشتیە ئازاد کراون. کە شەهاب کەریم خۆی یەکیک بوە لەوانە.

ئێستە کاتی ئەوەیە ئەم پرسیارانەیە لە شەهاب کەریمی بەناو نوسەری کتێبی( مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە)، بکەین:

یەکەم: کەسێک ساڵی گرتنی خۆی، ئازادبونی لە زیندان و ژمارەی لێبوردنی گشتی، ساڵی بون بە پێشمەرگەی خۆی نەزانێ، بەچ لۆژیکێک دەست ئەبات بۆ نوسینەوەی میژوی شەستەکان هەتا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، کە لە کۆتایی ١٩٨٦ وە خۆی چەکی پێشمەرگایەتی فڕێ ئەدات و تەسلیم بەو ڕژێمە ئەبێتەوە کە خۆیی زیندانی کردوە؟

دووەم: بە پێی دەقی لێبوردنە گشتیەکەی بەعس، کە لێرەدا بڵاوی ئەکەمەوە، شەهاب کەریم ساڵی ١٩٨٤ ئازاد کراوە، کە لێبوردنەکە تایبەت بوە بە ئازادکردنی ئەوانەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بون و لە زیندانەکانی بەعس دا بون حوکمی جۆراوجۆر دراون. هی سەردەمی گفتۆگۆی نێوان یەکێتیی و ڕژێمی بەعس، وەک لە مەتنی لێبوردنەکەدا نوسراوە.

سێێەم: شەهاب کەریم و چیرۆکی مولازم محسین !

شەهاب لە لاپەرە ١٢١ دا نوسێوێتی " لە ساڵی ١٩٨٣دا کاتێک لە قەسابخانەی ئەبو غرێب بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرام و جارێکی تر پەیوەندیم کردەوە بە هێزی پێشمەرگەوە " ...

هەروەها لە لاپەڕە ١٢٢ دا نوسێوێتی " مولازم موحسین چەندین جار هەوڵی کوشتنی دەدرا و زۆر جاریش کەوتبووە بۆسەی هێزی پیشمەرگەوە، لە هەمان ساڵدا چوار پێشمەرگەی کەرتەکەمان بریاری چوونەوە شار و کوشتنی مولازم محسین مان دا، عومەر عەرەب بەرپرسی ئێمە و بەرپرسی نەخشە و پلانی سزادانی مولازم موحسین بوو، سەلاح حاجی عەلی (سەلاح چاوزەق)، ئەردەڵانی ئیسماعیل عارف، بە ندە شەهاب کەریم. بە چوار چەکی جۆری کلاشیکۆف "

بەپێی کتابی لێبوردنی گشتی کە لیرەدا بلاوی ئەکەمەوە، شەهاب کەریم لە مانگی ٢ ی ساڵی ١٩٨٤ ئازاد کراوە، ئەتوانی تیمان بگەیەنێ، کە چۆن لەساڵی ٩٨٣ دا هاتوە بۆ کوشتنی ملازم محسین؟ نەشمان بیستوە هیچ زیندانێک مۆڵەتی سەردانیکردنی کەسوکاری پێ درابێ وەک ئەو مۆلەتانەی کە ئەدرا بە عسکەرو پێیان ئەوت دابەزینی جومعە و خەمیس ! بێگومان ئەگونجێ ئەو مەفرەزەیە لە ساڵی ١٩٨٣ دا و پێش دەستپێکردنی گفتوگۆهاتبن بۆ کوشتنی ملازم محسن ی سەفاح، بەڵام شەهاب کەریم یان لەگەلدا نەبوە، چونکە ئەوکاتە ئەو زیندانی بوە!! بۆیە گێرانەوە ونوسینەوەکانی نە جێی بڕوان، نە نوسینەوەی میژووش وا ئەبێ! بیگومان لە ساڵی ١٩٨٤یش دا نەبوە، چونکە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەرمەی مفاوەزات دا بو لەگەڵ رژیم و، ملازم محسن یش لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ دا نەقڵی بەغداد کرا و، سەفاحێکی تر بەناوی عەبد عەلی جیگەی گرتەوە.

شەهاب کەریم لە لاپەڕە ١٠٨ دا نوسیوێتی "پاش ئەوەی لە زیندانی ئەبو غرێب ئازاد کرام، بۆ ماوەی مانگێک لەنێو خانەوادەکەمدا بووم و دووبارە پەیوەندیم کردەوە بە هێزی پێشمەرگەوە".

وەک باسیشی ئەکات لە تیپی ٤٧ ی پیرەمەگرون بوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوایە ساڵی ١٩٨٣ بوە و کاک عەبدولرەحمان سیتەکی نازناوی کەریمی داوەتێ! بۆ سەلامەتی کەسوکارەکەی. ئەمەشیان ناراستە چونکە لێبوردنە گشتیەکە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٤ دەرکراوە و، لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٤ دا کەوتۆتە بواری جێ بەجێکردن وەک لە کتابی وەزارەتی ناوخۆی رژێم دا دیارە. کەواتە ئەبێ شەهاب کەریم لە مانگی ٣-٥ ی ساڵی ١٩٨٤دا بوبێتەوە بە پێشمەرگە ئەوەش نزیکی ئەو بەروارەیە کە ڕەوان شاد مام جەلال لە ٢١ ی نەورۆزدا لە سورداش وتارێکی گرنگ و هەمەلایەنەی خوێندەوە وباسی ڕەوتی گفتوگۆ و خواستەکانی کوردی کرد و پێی داگرت لەسەر ئاشتبونەوەی گشتی و هەمو لایەنەکانی بانگ کرد بۆ ئاشتی تەبایی وچارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بە گفتوگۆی هێمنانە.

بە شایەتی زۆرێک لەو پێشمەرگانەی کە پێکەوە لە تیپی ٤٧ی پیرەمەگرون بون، بەپێێ ئەو گێرانەوەیەی خۆشی بێ کە لە کۆتایی کتێبەکەیدا بە ناڕونی ئاماژەی پێداوە، شەهاب کەریم هەتا کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ پێشمەرگە بوە. کە بەسەر یەکەوە ئەکاتە کەمتر لە ٣ساڵی پێشمەرگایەتی، بەرزترین پلەی لێپرسراوێتی وەک خۆی باسیکردوە، فەرماندەی مەفرەزە بوە. هەر کەسێک کە کتێبەکە بخوێنێتەوە وا ئەزانێ ئەم کەسە یەکێک بوە لە ئەندامانی باڵای یەکێتیی، یان فەرماندەیەکی سەربازی گەورەی پێشمەرگە بوە. چونکە لە زۆر شویندا باسی ئەوە ئەکات، کەوای بە فڵان فەرماندە و وای بە فیسار سەرکردە وت!!

شەهاب کەریم لە لاپەڕە ١٢٩ و ١٣٠ دا باسی ئەوە دەکات کە تازە دەنگۆی دانوستاندن لەگەڵ یەکێتی و رژیم دا بو. بەقسەی شەهاب گوایە ئەم پێشمەرگە بوە و ئیجازەی لە عەبدولرەحمان سیتەکی فەرماندەی کەرتەکەی وەرگرتوە تا بۆ بینینی کەسوکارەکەی بڕوات بۆ گوندی کانی گۆران. لەو گوندە توشی شەرێکی گەورە ئەبن. تانەوتەشەر لەو پێشمەرگانە ئەدات کە گوایە بە بۆنەی دەنگۆی گفتوگۆوە هاتون بۆ پێشمەرگایەتی و ناوی بەرزان ناویک ئەهینێ کە چەند ترسنۆک بوە. لەو شەڕەدا ئەم رۆڵی بەرچاوی هەبوە. لەکاتیکدا ئەو بەروارەی کەباسی ئەکات، شەهاب بۆ خۆشی پێشمەرگە نەبوە!. ئەگەر ئەو شەڕەش روی دابێت، بیگومان شەهاب کەریم بەشداری تیادا نەکردوە. سەیرە پلاری لەو کەسانە گرتوە وەک ئەو دەڵێ پیشمەرگەی مفاوەزات بون، لەکاتیکدا بەپێێ بەرواری ئەو لێبوردنە گشتیەی کە ئەوی پێ ئازاد کراوە خۆیشی پێشمەرگەی گەرمەی مفاوزاتەکەیە ! تەناقوزاتەکانی ناو ئەو کتێبە ئەوەنە زۆرن رەنگە بە کتێبێکی وەک خۆی وەلام نەدرێتەوە. کورد وتەنی ئەوەی لێرەدا ئاماژەم پێ داوە مشتێکە لە نمونەی خەروارەکە.

بێگومان سەرەتای گفتوگۆی نیوان یەکیتیی نیشتمانی کوردستان و ڕژیم لە مانگی نۆڤەمبەری ٩٨٣ دا بو، لەمانگی دەیسەمبەردا شەڕی نیوان یەکێتیی و رژیم ڕاگەیەنرا ولە ١٥/١/١٩٨٥دا بە بەیاننامەیەک سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتایی هێنانی وتووێژی ڕاگەیاند.

بۆیە بەپێی بەرواری لێبوردنە گشتیەکە کە لێرەدا وەک خۆی دەقەکەیم نوسیوەوەتە هەموو ئەو شەڕوشۆڕ و ڕوداوانەی کە شەهاب کەریم لە کتیبەکەدا باسیکردوە کە گوایە لەساڵی ١٩٨٣ دا پێشمەرگە بوە، کە لەهەندێک یاندا خۆی واپیشان داوە کە بکەری دیاری شەڕ و روداوەکان بوە، یان ئامادەی کۆروکۆبونەوەکانی پێشمەرگە و بەرپرسەکان بوە، هەموو ئەو قسە و قسەڵۆکانەی بەناوی فەرماندە و بەرپرسەکانەوە باسیکردوە، بەدرۆ ئەخاتەوە و، نە ئەسڵی هەیە و نە ئەساس، فەنتازیای خەیاڵ و ئەندێشەی خۆیەتی. چونکە لەو ساڵەدا شەهاب پێشمەرگە نەبوە. ڕەنگە کەسانی تر بۆیان نوسیبێتەوە کە لە رووداوەکاندا بون. ئەڵبەت جوامێری نییە بەناوی خۆیەوە باسی شەڕ و ڕوداو و کۆڕو کۆبەنەوەیەک بکا کە خۆیی تیا نەبوبی! دلنیام دوای بینی ئەم کتابی لێبوردنی گشتیە، هەستێکی تێکەلاو لە پەشیمانی و شەرمەزاری دای ئەگرێ. بۆیە داننان بە ‌هەڵەدا گەورەییە و، نەچوە بچێ ئەتوانی داوای لێبوردن بکا لەو ڕوداوانەی کە خۆیی تیا نەبوە و بۆی نوسراوەتەوە و خۆی کردوە بە خاوەنی. بێگومان ئەوانەی خۆیی تیابوە، مافی خۆیەتی شانازی پێوە بکات.شەن و کەو کردنەکەمان بەردەوام ئەبێ و هەوڵ ئەدەم میژوە شێوێنراوەکان ڕاستبکەمەوە.

لە خوارەوە دەقی بریاری لێبوردنی گشتی و بەشیک لەو ناوانەی کە ئازادکراون ئەنوسمەوە:

مجلس قیادە الثورە
رقم القرار/ ١١٠
تاریخ القرار/ ٢١/١/١٩٨٤
ستنادا الی احکام الفقرە (آ) من المادە الثانیە والاربعین من الدستور الموقت قرر مجلس قیادە الثورە بجلستە المنعقدە بتاریخ ٢١/١/١٩٨٤ مایلی: -
١ – یعفی الاشخاص المدرجە اسمائهم فی القوائم المرفقە بهذا القرار من الجرائم التی حکموا او اوقفوا بسببها ویعفون من العقوبات الصادرە بحقهم من المحاکم الخاصە ولعسکریە و المدنیە و محکمە الثورە وتغلق القضایا التحقیقیە التی مازالت فی دور التحقیق او المحاکمە ویطلق سراحهم من السجن والتوقیف حالآ.
٢ – تتولی الجهات المختصە تنفیذ هذا القرار.
التوقیع
صدام حسین
رئیس مجلس قیادە الثورە.
لە رۆژی ١/٢/١٩٨٤ دا وەزارەتی ناخۆ ئەم بروسکەیەی ناردوە بۆ بەڕێوبەرێتی ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.
بسم اللە الرحمن الرحیم
العدد ٦٤/ق٤/٧٣٥٠
التاریخ ١/٢/١٩٨٤
الجمهوریە العراقیە (سری ومستعجل)
وزارە الداخلیە
مدیریە الامن العامە
الی/ مدیریە امن منطقە الحکم الذاتی
م/ قرار
لاحقا لبرقیتنا ٤٥٩٩ فی ٢١/١/١٩٨٤
اعلاە نص قرار مجلس قیادە الثورە ١١٠ فی ٢١/١/١٩٨٤ المبلغ الینا بکتاب وزارە الداخلیە ف.س/١١٩٣ فی ٢٤/١/١٩٨٤ والقاضی باطلاق سراح السجناء والموقوفین من عناصر الاتحاد الوطنی الکردستانی لاتخاذ مایلزم... مع التقدیر.
موقع/
مدیر الامن العام ٤/٢/١٩٨٤
لەخوارەوە ناوی بەشێک لەو زیندانیانە کە بەم لێبوردنە ئازاد کراون بلاو ئەکەمەوە.
قائمە باسماء السجناء من جماعە الاتحاد الوطنی الکردستانی
١ – ماجد حمەعلی عبدللە ٢- بهاءالدین بکر ٣- اراس عبدالرحمن عبداللە (شەهید مامۆستا پێشرەو) ٤ – واحد محمود احمد ٥ – سرگول محمود احمد ٦ – یوسف امین صالح ٧ – هاورێ کمال احمد ٨ – چنار عبداللە سعید ٩- خالد مصطفی علی ڕشید ١٠- بهاءالدین محمد امین ١١- صباح رشید شریف ١٢- مصطفی علی رشید ١٣- محمد رشید احمد البابانی ١٤- برزو عبد حسن ١٥- کریم قادر حسین عزیز ١٦- خالد خضرمحمد امین ١٧- لطیف احمد حمە ١٨- سلام عبدالرحمن عبداللە ١٩- فواد عبدالحمید صالح. ٢٠- محمد خضر حسین.
تێبینی:
لە ١-١٦ + ١٥-١٨ خەڵکی پاریزگای سلێمانین
١٩-٢٠ خەڵکی هەولێرن
١٣-١٤ خەڵکی کەرکوکن.
لە ١-١٦ حوکمی لەسێدارەدانیان هەبوە.
ئەوانی تر حوکمی هەتا هەتایی.
لە ٥-٨ ئەو چوار تیکۆشەرن کەلەسەر هەولێ کوشتی تاوانبار شیخ جەعفەر بەرزنجی، گیران و حوکم دران.
خوێنەری هێژا، ئێستە لات ڕونە کە شەهاب کەریم چۆن ئەیەوێت مێژوو ئاوەژوبکاتەوە؟ ئایە شەهاب ئەم کارە ناڕەوایە بۆ ئەکات و بۆ کێێ ئەکات؟ ئێستە تۆ لەبەردەم وێژدانی خۆت دا ڕاوەستاویت، کێ ڕاست ئەکا و، کێ درۆبەدەم مێژوەوە ئەکات؟
وێنەکە: پۆلێک پێشمەرگەین لەگەل کاک نەوشیرواندا، لە قەندیل ی سەربەرز
٢٥-٥-١٩٨٨
ماوێتی...

527 جار خوێندراوەتەوە