​برینی نەوت و سنوور؛ فەلسەفەی خۆشەویستیی خاک لە سێبەری دەسەڵاتی خراپدا

خاک وەک جوگرافیا، تەنها کۆمەڵێک هێڵی بێگیان، شاخ، ڕووبار و دەشتێکی بێدەنگ نییە؛ لە فەلسەفەی مرۆڤایەتیدا، زەوی ئاوێنەی بوون و یادەوەریی مرۆڤە. گاستۆن باشلار، لە فەلسەفەی شوێندا، پێمان دەڵێت کە مرۆڤ بە هەست، سۆز و خەیاڵەوە بە شوێنەکەیەوە دەبەسترێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی شوێن دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی دەروون و ڕۆحی. ئێمە وەک کورد، خاکەکەمان وەک دایکێکی ماندوو و ئەوینێکی دێرین خۆشویستووە؛ خۆشەویستییەک کە بە خوێن و فرمێسکی باوباپیرانی پێش ئێمە پارێزراوە. خاک بێتاوانە و نیشتمان خۆشەویستە، بەڵام تراژیدیای گەورەی ئێمە لەوێدایە کە ئەم ئەوینە پاکە، لە ژێر پۆستاڵ و بەرژەوەندیی حیزب و بنەماڵەکاندا بووەتە قوربانی.


لە مێژووی بیری سیاسی و فەلسەفەدا، ئیبن خەلدون، هەر لە سەدەی چواردەهەمەوە، هۆشداریی ئەوەی داوە کە کاتێک دەوڵەت یان دەسەڵات لە عەدالەت دوور دەکەوێتەوە و بەرەو زوڵم و قۆرخکاری دەڕوات، بناغەکانی خۆی دەڕووخێنێت. ئیبن خەلدون دەڵێت زوڵم تەنها دزینی ماڵ و سامانی خەڵک نییە، بەڵکو کوشتنی ڕۆحییەتی هاندانی کار و بەرهەمهێنان و تێکشکاندنی گیانی هاووڵاتیبوونە. ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئەو دەقە خەلدونییە وەک ڕاستییەکی تاڵ لەبەرچاوماندا خۆی دەنوێنێت. حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان نەیانتوانی ڕێز لەو خۆشەویستییە بێگەردەی خاک بگرن؛ نیشتمانیان لە پانتاییەکی گشتیی هی هەمووانەوە کردە کێڵگەیەکی تایبەت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ خۆیان، بنەماڵە و کەسوکاریان.


لە ڕووی ئابووری و زانستی سیاسییەوە، ئەم دۆخە لە چوارچێوەی ئەو تیۆرییەدا دەخوێنرێتەوە کە ئابووریناسان بە «نەفرەتی سامان» یان «دەوڵەتی خێڵەکی» ناوی دەبەن؛ چەمکێک کە بیرمەندانی وەک تێری لین کارل و حازم بەبلاوی بە وردی شیکارییان بۆ کردووە. لە دەوڵەت و هەرێمە خێڵەکییەکاندا، کاتێک داهات لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و باج و گومرگی دەروازە سنوورییەکانەوە دێت، نەک لە ڕێگەی بەرهەمهێنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ و بنەما یاساییە ڕاستەقینەکانی خەڵکەوە، دەسەڵاتداران هەست دەکەن پێویستیان بە ڕەزامەندیی هاووڵاتی نییە. لێرەوە گەندەڵی، دزیی ڕێکخراو و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەبنە نەریتێکی بەردەوام و داپۆشراو. داهاتی نەوت لە نێو گرێکوێرەی گرێبەستە ناڕوونەکان و کۆمپانیا سێبەرەکاندا ون دەبێت، و دەروازە سنوورییەکانیش، کە دەبوو ببنە پردی گەشەپێدانی بازرگانی و پڕکردنەوەی خەزێنەی گشتی، کراونەتە دەروازەی قاچاخچێتی، چاوپۆشی لە باج و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ دەستەیەکی بچووک.


ماکس ڤێبەر، لە شیکارییە کلاسیکەکانیدا سەبارەت بە دەوڵەت و بیروکراسی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر جیاکردنەوەی «ماڵ و موڵکی تایبەت» و «خەزێنەی گشتی» و سەروەریی یاسا دەوەستێت. کاتێک ئەم سنوورە دەسڕێتەوە و حیزب یان بنەماڵە خۆی لە سەرووی یاسا، دادگا، چاودێری و لێپێچینەوەدا دەبینێت، ئیدی گەندەڵی تەنها لادانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەبێتە سیستەمێک بۆ مانەوەی دەسەڵات. هانا ئارێنتیش، لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بە داڕمانی ژیانی گشتی، ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک بەرژەوەندیی تایبەت جێگەی بەرژەوەندیی گشتی دەگرێتەوە، مرۆڤ لە «هاووڵاتییەکی خاوەن شکۆ»ـەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی بێدەسەڵات لەبەردەم قەیرانەکاندا.


بەڵام قووڵترین و مەترسیدارترین شوێنەواری گەندەڵی و دزیی ڕێکخراو، لە تێکشکانی «متمانەی کۆمەڵایەتی» و سڕینەوەی ئومێددا خۆی دەبینێتەوە. کاتێک گەنجێک دەبینێت ماندووبوون، زانست و دەستپاکی هیچ کێش و سەنگێکیان لە بازاڕ و دامەزراوەکاندا نییە، و لە بەرامبەردا پەیوەندیی حیزبی، ئینتیمای خێڵ، دزی و قۆرخکاری دەبنە پێوەری سەرکەوتن و دەوڵەمەندبوون، ئیدی ئەو متمانەیەی کۆمەڵگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە وردە وردە هەڵدەوەشێتەوە. وەک فرەنسیس فۆکۆیاما، لە شیکارییەکانیدا دەربارەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی پێ داوە، متمانە وەک خوێنی ناو دەمارەکانی کۆمەڵگایە؛ کاتێک متمانە بە دامەزراوەکان و بە داهاتوو لەناو دەچێت، گومان جێگەی هاوکاری دەگرێتەوە و هەستکردن بە نامۆیی لە ناو خاکی خۆتدا دەست پێ دەکات. بۆ گەنجی کورد، ئەم دۆخە تەنها بێکاری یان کەمیی داهات نییە، بەڵکو دزینی «کاتەکانی ژیان» و کوشتنی خەونەکانێتی؛ کاتێک گەنج هەست دەکات نیشتمانێک کە دەبوو ببێتە مەیدانی دروستکردنی داهاتوو، بووەتە شوێنێک بۆ بێئومێدی، بیر لە کۆچ و هەڵاتن دەکاتەوە، و بەمەش وڵات لە وزە و ڕۆحە زیندووەکەی خۆی دادەماڵرێت.


ئەو ململانێ و گرژیانەش کە ئەمڕۆ لە نێوان بەغدا و هەولێردا لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوت و غاز سەرهەڵدەدەن، لە بنەڕەتدا بەرهەمی ئەم لاوازییە ناوخۆییەن. حکومەتی ناوەندی، کە خۆی لە سەرەوە تا خوارەوە لە نێو دەریایەک لە گەندەڵی، فەرهوود و تاڵانیی ڕێکخراودا نقووم بووە، ئەو دزی و قاچاخچێتییەی لە نەوت، غاز و سنوورەکانی کوردستاندا دەکرێت وەک پاساو و بیانوو بۆ گوشارخستن و سەپاندنی کۆنترۆڵ بەکاردەهێنێت. لەم نێوەندەدا، دروشمە دووبارەبووەکانی دەستوور و مافی فیدراڵی لە زاری ئەوانەی خۆیان پێشێلکاری یەکەمن، زیاتر لە گاڵتەجاڕییەکی تاڵ دەچێت لەسەر حیسابی خەڵک. ئێمە هەر ماوەی جارێک بەشێک لە خاک و پێگەمان لەدەست دەدەین، نەک لەبەر ئەوەی نەیار بەهێز و بێکەموکوڕی بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆمان لە ناوەوە پووکاوین و هێز و حوکمڕانیمان کردووەتە قوربانیی هەڵپەی کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆمان و بنەماڵەکانمان. ئەم تاڵانییە بێسنوورە وایکردووە میللەت پشت لە دەسەڵات بکات؛ چونکە گەلێک لە ژێر باری گرانی و بێبەشیدا شکێنرابێت، چۆن دەتوانێت بە دڵ و گیان پاڵپشتیی دەسەڵاتێک بکات کە سامانەکەی بۆ مەرامی خۆی و بنەماڵەکەی بردووە؟


لە کۆتاییدا، ئەمڕۆ مرۆڤی کورد لە نێوان دوو ئازاردا دەژی: ئازاری خۆشەویستیی بێکۆتای خاکێک کە ناتوانێت لێی داببڕێت، و ئازاری ژیانێکی پڕ لە گرانی و بێمافی کە بە دەستی دەسەڵاتێکی خۆماڵیی ناهاوسەنگەوە بەڕێوە دەبرێت. خاک هەر بە پیرۆزی و خۆشەویستی دەمێنێتەوە، چونکە خاک هی حیزب و بنەماڵە نییە، بەڵکو هی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە لەژێر ئاسمانیدا دەژین و چاوەڕێی دادپەروەرین. گەڕانەوەی شکۆ بۆ مرۆڤی کورد و پاراستنی خاک، بە قسە و دروشم ناکرێت؛ بەڵکو بە شەفافیەت، سەروەریی یاسا، گەڕاندنەوەی داهاتی نەوت و سنوورەکان بۆ خەزێنەی گشتی، ڕەچاوکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، خزمەتکردنی خەڵک و کۆتاییهێنان بە ڕۆحیەتی قۆرخکاری دەکرێت، تاکو خاک جارێکی تر ببێتە جێگەی حەسانەوە و کەرامەت، نەک جێگەی نائومێدی و چاوەڕوانیی تاڵ.

د. مقداد شاکەلی

116 جار خوێندراوەتەوە