پاش سەدان ساڵ لە پەیرەوکردنی یەک فۆرم و مۆدێل و سیستمی حوکم کردن، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، رەنگە پێشتر، تا ئینگلیزەکان و تا دەگاتە حوكمی دەوڵەتی نەتەوەی رووپۆشکرا بە سیستمێکی سەربازی مەرکەزی کە رەگوڕیشەی لەو سیستمە سیاسی و کەلتوور و و میراتە رۆشنبیریە گشتییەدا بوو کە ئیدراکی گشتی کۆمەڵگە لە سەردەم جیاوازەکاندا بەرجەستەی دەکرد، لەو میراتە سیاسییە سەختەوە، پەڕینەوە بۆ حکومەتی هاوڵاتی خەونێکە لە ئاییندەوە قەرزی دەکەین. ئەم پرۆسەیە، لانی کەم، بۆ یەکەم جار، بە عەقڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەین کە ئەوەندەی ئاگاداری ناوەوەیە، ئەوەندەش بە دونیای دەرەوە ئاشنایە.
هەر لە سەرەتای گەنجێتیمانەوە دەمانوویست، بە گوێرەی توانای بچووکی خۆمان، لە هەردوو شارستانیەتەکە بگەین، لەم پرۆسەیەدا، تەواوکردنی بەشی وەرگێرانی زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا ساڵی ١٩٨٨، یارمەتیدام بانیژەیەک بەرووی دەرەوەی ژیانی سادەی خۆمان بکەمەوە، کە بە ناچاریش هاتمە دەرەوە، لە لەندەن زیاتر شارەزای کاری دامەزراوەکان بووم، هەم لەرووی تیۆرەوە و بەهۆی خوێندنەوەی بەردەوامیشەوە، سەرباری ئالەنگارییە گشتییەکان، هەم وەک کاری رۆژانەش.
مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینە؛ لە لایەکەوە شێرکردنی ئەزمونێکی شەخسی و پیشەییە کە پەیوەندیدارە بە پرسی حکومەتی هاوڵاتی و دەرخستنی ئەو راستییەی کێ دەبێت چی بکات؟ لە لایەکی دیکەوە بەخشینی دیدێکی سیاسییە، بەو هیوای کە خشتێکی بچووکی ئەپارتمانێکی باڵابەرزی فیکرێکی سیاسی خۆماڵی کە وەرزی نەبێت لە ئاییندەدا دامەزرێت، بە مانایەکی دیکە وەک پرۆژەیەکی مەدەنی بمێنێتەوە و باس بکرێت و خەونێک بێت لە وێستگە سیاسییە جیاوازەکاندا بە زیندووی بمێنێتەوە.
ساڵانی 2006-2007 واتە بیست ساڵ لەمەوبەر، لە لەندەنەوە گەڕامەوە شاری هەولێر لە پرۆژەیەکی دەگمەنی USAID کە تایبەت بوو بە دامەزراندن و نووسینەوەی دەستورێک بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشداربووم، ئەمە دامەزراندنی پرۆژەی لامەرکەزیەت بوو، پرۆژەیەکی رەسمی بوو، لە راستیدا لە بۆنەی دیکەشدا، باسی ئەم پرۆژەیەم کردووە کە کارکردن لە نێویدا، چمەی دەهات و هەوڵێک بوو بۆ شۆرکردنەوەی دەستەڵات و سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکان چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا. ئەم پرۆژەیە سەرەتای ئاشناکردنی میراتی سیاسی ئێمە بوو بە چەمکی حکومەتی هاوڵاتی کە لە ئەمریکاوە هاتبوو، یەکەم ساتی پێکدادانی سیاسی و شارستانی عەمەلی هەستیار بوو لە نێوان دوو میراتی سیاسی زۆر جیاواز بەیەک، یەکەمیان ناوخۆ کە ژەنگی هێنابوو، لەگەڵ میراتێکی سیاسی کە لە جوگرافیایەکی زۆر دوورە هاتووە و دەخوازێت لە ماوەیەکی کەمدا پرۆژەکە جێبەجی بکات و لاپەرەکانی سەرکێشییە سیاسییەکەی رۆژئاوا کڵۆم بدات.
بەندە وەک “Subject Expert” واتە کارمەندی نێودەوڵەتی لە پرۆژەکەدا دەست بەکار بووم، بەدیاریکراوی بۆ بواری Communications”" وەرگیرام، هەر بۆ زانیاری، ئەم جۆرە پۆستە نێودەوڵەتیانە لە کاریگەری پارتی سیاسی ناوخۆوە دوورە! بەهەرحاڵ، ئەم بوارەش بۆ ئەو کاتە نوێ بوو، هێشتا ئەرکەکانی ئەو بوارە روون و ئاشکرا نەبوون. پرۆژەیەکم بە ناونیشانی “Public Participation” واتە "بەشداری هاوڵاتی لە پرۆسەی بڕیاری سیاسیدا" ئامادەکرد و بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی دامە دەست پارێزگاری سلێمانی، کە کارئاسانی تەواوی بۆ کردین بۆ ئەوەی دوو رۆژ راهێنان بە بەرێوەبەرە گشتییەکانی شاری سلێمانی پێشکەش بکەین و دواتر کۆمەڵێک راسپاردە ئامادە بکەین و بۆ پەرلەمانی بنێرین، بەڵام لە پەرلەمان، لە ئەرشیفدا، تۆزی لەسەر نیشت! تەنانەت لە ئەرشیفی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا باوەڕناکەم مابێت، بەداخەوە، ئێمە کار لەسەر ئەو شتانە ناکەین کە پێشتر بیناکراون.
ئەم پرۆژەیە لەلای ئێمەوە ئامادەکرا، بەڵام لە ئەنجامدا سەرکەوتوو نەبوو، لەبەر ئەوەی نەکرایە پرۆژەیەکەی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو کاتەش هێشتا هاوڵاتی کوردستان بەگشتی بە بیرۆکەکە نامۆ بوون لەبەر ئەوەی خۆیان خاوەنی نەبوون، ئاخر خاکێک خۆت نەت کێڵابێت، بەهاو قەدری بەرهەم و بەرووبومەکەی نازانیت. هەر بۆیە، هەمیشە دەڵێم ئەو جۆرە پرۆژانە دەبێت بەشێکبن لە پرۆسەی رێنیسانسی کۆمەڵگە، هەڵمەتێکی فراوان لە هۆشداری سیاسی دەخوازێت، بەداخەوە وەک چۆن لە هەفتاکاندا تەوژمە سیاسییەکانی نێو ئەدەب و سیاسەت بە چەوتی دەگەیشتە لای ئێمە و دوژمنایەتی لە نێوان خێزانەکاندا دەخوڵقاند، ئێستاش بەهەمان مێنتاڵتی (عەقڵیەت) بەرگری لە تێگەیشتنە جیاوازە لۆکەڵییەکانی لامەرکەزیەت دەکەین و بە بەرگێکی تایبەت دەیپۆشین کە بۆ مەرامی خۆمان بگونجێت، ئەوەی ئێستا روودەدات پرۆژەی نیشتمانی نییە، ئەمە مەرامی سیاسی ناوچەگەرییە، هەڵهاتنە لە بەرپرسیارەتی یاسایی و سیاسی بەرامبەر جینۆساید و ئەنفال.
خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان بە رەسمیش ببێتە دوو زۆن، هەر دەبێت هەر زۆنێک بۆ خۆی، لە نێو خۆشیدا، بۆ قەزا و ناحییەکان و مەرکەزە سەربەخۆکان، لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی پیادە بکات، لامەرکەزیەت لە حکومەتی هاوڵاتیدا ئامرازی جێبەجێکردنی فیدراڵیەتە، نەوەک تورەکەیەک بێت بۆ خڕکردنەوەی پارە و کۆنترۆڵکردنی داهاتی نیشتمانی بە بەهانەی پاراستنی داهاتی نیشتمانی لە گەندەڵی، بەداخەوە، لەم رۆژەدا، لای ئێمە، ئەوەش وەک ئامرازێکی لامەرکەزیەت نەما، لەبەرئەوەی هەموو عێراق تا ترەمپ مابێت بەرەو مەرکەزیەتێکی توند دەچێت کە هەموو داهاتی وڵاتەکە لە مەرکەزەوە بێت. رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، لە پاش دانانی چەندان سەرۆک وەزیران کە خۆیان راستەوخۆ رۆڵیان لە پرۆسەکەدا هەبوو، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لامەرکەزیەت وەک ئامرازی فیدرالیەت و فیدرالیەت وەک بەرجەستەکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق شکستی هێناوە، هەر بۆیە ناچاربوون تونێڵێکی سیاسی دیکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی هاوشان بە بەرژوەندی ئابووری و سیاسی بەردەوام بێت.
پیادەکردنی تیۆر و تەکنیکەکانی حکومڕانی هاوڵاتی ئەگەر بەرهەمی ژینگەی سیاسی خۆی نەبێت، واتە بەشێک نەبێت لە پرۆسەی پەرەسەندنی سیاسی کۆمەڵگەکە خۆی و موتوربەی پرۆسەیەکی سیاسی لەسەرخۆ نەبێت، سەرکەوتوو نابێت، هەموو پرۆژەیەکی سیاسی کۆرپەی ژینگەی سیاسی خۆیەتی، لە نێویدا، مەعریفەی سیاسی بەرهەم دێت. ئەم پرۆسەیە بە ژمارەی ساڵان ناپێوردرێت، بەڵکو بە چری کۆکردنەوەی ئەزموونی سیاسی و توانای سیاسی بۆ نوسینەوەی دەپێورێت.
لەسەر ئاستی تیۆر و بیرۆکەکە، ئایا حکومەتی هاوڵاتی وەک فۆرمێکی زیندوو، وەک کۆڵەکەیەکی پتەوی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتەکانی ئەوروپادا کاریگەری ماوە؟ ئایا هێشتا پەیرەو دەکرێت؟ جیاوازی ئەم ئامرازە سیاسییە لە مانفێستی پارتە سیاسییە راسترە و چەپاکاندا ماوە؟ لەبەرئەوەی هەردوولا ئەم ئامرازە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی خۆیان بەکار دەهێنن.
لە راستیدا، بە راشکاوی دەڵێین هێشتا کاریگەری بنەما و ئامرازەکانی حکومەتی هاوڵاتی ماوە، بۆ نموونە، ستارمەر کەیەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا، ٢٠٢٤-٢٠٢٦، لە سەرەتادا، پێگەیەکی جەماوەری زۆر فراوانی هەبوو، بەڵام وردە وردە ئەو پێگە جەماوەرییەی لە دەستدا، لەبەرئەوەی، سەرباری ئەوەی لە رووی یاسایی و سیاسییەوە کەسێکی بەتوانا بوو، بەڵام گرفت و کێشەی ریشەیی هەبوو؛ بەشێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی لە ئەرکەکەیدا دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی پلانێکی سیاسی روون و ئاشکرای نەبوو و پەیامە سیاسییەکانی نەدەگەیشتە هاوڵاتی لە بریتانیا، و کار گەیشتە ئەوەی کە زۆربەی پەرلەمانتارەکانی پارتی کرێکاران داوای لێبکەن دەست لە کار بکشێنێتەوە، و "ئاندی بیرمن" شوێنی بگرێتەوە کە پێشتر لە مانجستەر وەک مایەر (پارێزگار) لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بوو،کە بووە سەرۆک وەزیرانیش، باشتر پەیامە سیاسییەکانی دەگات کە تەرکیزی لەسەر پتەوکردن و ریفۆرم کردنی ژێرخانی بریتانیایە، هەندێ جار، کاریزمەی سیاسی رۆڵی سەرەکی دەگێرێت بۆ ئەوەی دڵ و مێشکی هاوڵاتی بەلای خۆت و پەیامی سیاسی و بەرنامەی سیاسیدا رابکێشیت! ئاندی بیرمن کار لەسەر سۆز و عەقڵی هاوڵاتی وەک یەک دەکات و دەیەوێت بڵێت من سیاسیەکی فێڵباز نیم. کاتی خۆشی هەمان گرفت لە نێوان تۆنی بلێر و گۆردن براون هەبوو، دووەم بیرمەندی پارتی کرێکاران بوو بەڵام تۆنی بلێر رووخسار و دەموچاوی پارتی کرێکاران بوو، لە راستیدا گۆردن براون زیاتر چەپ بوو!
پوختەی قسە: حکومەتی هاوڵاتی تا دێت لە دونیادا لەبرەودایە، ئامرازەکانی رۆژ لە پاش رۆژ لەگەشەسەندندایە. لامەرکەزیەت وەک ئامرازی جێبەجێکردنی بنەماکانی حکومەتی هاوڵاتی هێشتا کاریگەری ماوە و فۆرمی جیاواز لە خۆدەگرێت. سۆشیال میدیا، بێ بوونی ناوەرۆک و خیتابی سیاسی و کاریزمای سیاسی بۆ دەرخستنی بەرنامەیەکی سیاسی گشتگیر، رۆڵی نابێت. پێویست دەکات، پێشتر، فیکرێکی سیاسی هەبێت و تەکنەلۆجیای میدیا بە باشی بەرکابهێنرێت و گرفتە کەڵەکەبووەکانی کەلتووری سیاسی تێپەڕێنێت. حکومەتی هاوڵاتی، ئینتمای هاوڵاتی بۆ حکومەت زیاد دەکات و هاوڵاتی خۆرسکانە حکومەت دەیپارێزێت کە هەست بکات نوێنەرایەتی دەکات و بەرپرسیاریەتی و ماف دادپەروەرانە دابەش دەکات. مانەوەی حکومەت لە دەستی توێژێکی سیاسی بەبێ پەیرەوکردنی بنەماکانی هاوڵاتیبوون هەموو کۆمەڵگە دەخاتە مەترسیەکی گەورەوە و دەبێتە سەرەتای هاتنە کایەی ئالەنگاریەکانی شێوازی بەڕێوەبردنی سیاسی کە دواتر، خوانەکردە، بەرەو توندوتیژی سیاسی دەڕوات.
91 جار خوێندراوەتەوە