لەبەر بەرژەوەندی گشتی!

درمی کۆرۆنا(COVID-19) تەنگی بە جیهان هەڵچنیوە، ڤایرۆسێکی نەبینراو بووەتە مەترسیەکی رژد بۆ جیهانێکی بینراو، بەرەوژووری (١٤٠) دەوڵەت و هەرێمی گرتووەتەوە و (١٥٦) هەزار کەس توش بوە و زیاتر لە (٥٨٠٠) کەس گیانی لە دەستداوە. لە دەوڵەتە گەورە و پڕ هەژمونەکانی هەسارەی زەویەوە بڵاوبووەتەوە و تا ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان درێژبووەتەوە.

 

بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، تائێستا (٢٩) حاڵەتی توشبون و حاڵەتێکی گیانی لە دەستدان تۆمارکراوە. حکومەت و دامەزراوەکان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشی چڕ و دەوام و ژیانی ئاسایی وەستاوە، ژمارەیەک حاڵەت لە ژێر کۆنترۆڵدایەو ئەگەری زۆریشە ژمارەیەک توشبو لە دەرەوەی رێنمایی و رێکارە تەندروستیەکان بەر خەڵک بکەون و هۆکاری بڵاوبونەوەی زیاتر بن.

 

لەم قۆناغە سەختەدا، لەناو ئەم دۆخە مەترسیدارەی نەخۆشی گواستراوەی کۆرۆنادا، لەبری ئەوەی هەموان بە گیانی بەرزی ئینسانی و نیشتمانیەوە ببینە کوتلەیەکی یەکگرتو لە پشت حکومەت و دامەزراوە تەندروستیەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکە و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، چەند پەرلەمانتارێک؛ لە رێی وەزارەتی داراییەوە کەوتونەتە تۆمەتبەخشینەوە بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان.

 

وەزارەتی دارایی راستە لە پشکی گۆڕانە، بەڵام بەشێکە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کە (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) پێکیانهێناوە و بە رێژەی جیاواز بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هەر سێ لایەنەکەیە, بۆیە بەکار‌هێنانی "بابەتی موچە" لە دژی گۆڕان و، دروستکردنی گرژی و ململانێی تەسکی حیزبایەتی لە کاتێکدا حکومەت لە شەڕێکی قورسی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیدایە؛ ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی سیاسیە!


موچە مافێکی سەرەتایی فەرمانبەرانە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە بەدەست دواکەوتنی موچەوە دەناڵێنن، هاوڵاتیان حەقیانە داوای مافی خۆیان بکەن و لەبەرامبەریشدا ئەرکی هەمو حکومەتە بەیەکەوە بەرپرسیارێتی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و لەناویشدا پێدانی موچە لە ئەستۆبگرن و، ئەو خەڵکەی لە دۆخێکی ترس و ناجێگیری تەندروستیدا دەژین لایەنی کەمی موچە و بژێوی ژیانێکی ئاساییان بۆ دەستەبەربکرێت. بەڵام ناکرێت ئەم هەلومەرجە بقۆزرێتەوە بۆ شەڕی سیاسیی، چونکە ئێستا ئەولەویەت بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و سەلامەتی خەڵكە، ئەولەویەت بۆ یەکگرتویی و بەیەکەوە کارکردنە، نەک بۆ شان تەکاندن لە بەرپرسیارێتی و دروستکردنی بارگرانی زیاتر لەسەر سایکۆلۆژیای خەڵک.

 


بەرپرسیارێتی لە زەمانی پێش کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا جیاوازە، ئێستا کاتی ئەوەیە هەر سێ دەسەڵاتەکەی هەرێم، حیزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی، دامەزراوە زانستی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی ببنە پشت و پەنای دامەزراوە تەندروستیەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و دورخستنەوەی مەترسیەکانی کۆرۆنا، ئێستا کاتی تۆمەت بەخشینەوە نیە، کاتی پەلاماردانی "گۆڕان" نیە، گۆڕان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی خەڵک دەست لەمافی خۆی هەڵدەگرێت، ئێوەش دەست لە یەخەی گۆڕان بەردەن.

547 جار خوێندراوەتەوە