بەرپرسیارێتیی میدیایی کوردی لە ئاگری جەنگێکی کراوە دا

دەستپێک:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک چەقی ململانێی جیۆپۆلەتیکی و گۆڕەپانی کێبڕکێی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەردەوام ناوەندی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سیاسیی بوە. لە ئێستادا، هێرشی ئاسمانی و شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم ئەگەر و سیناریۆی جیاواز، کە دابەش بوە بەسەر مەترسی و دەرفەت و ئاڵنگاری نوێدا. لەم دۆخە هەستیارەدا، ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی میدیای کوردی، کە پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و پیشەییەوە مامەڵە لەگەڵ پەرەسەندنەکاندا بکات. 

ئامانج:
لەم وتارە هەوڵدەدرێت بە دیدێکی ئەکادیمی و بابەتی و ڕەخنەیی، تیشک بخرێتە سەر بەرپرسیارێتیی میدیای کوردی لە ڕووماڵکردنی ڕوداو و وردەکارییەکانی ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەدا، بە جۆرێک، کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێم نەگەیەنێت و، شێوازی ڕوماڵ و خستنەڕووی زانیارییەکان نەبێتە هۆکارێک لە هۆکارەکانی تێوەگلان لە شەڕێکی نەخوازراو و ماڵوێرانکەردا.

کاریگەرییەکان لەسەر هەرێم:
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، بە زنجیرەیەک ڕووداوی سەربازی و هەواڵگریی چڕوپڕ دەستنیشان کراون. هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پارێزگا کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران، وەک سنە و ناوچەکانی دیکە، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ گەرمبوونی گۆڕەپانی ململانێکە. لە بەرامبەردا، ئێران و گروپە نزیکەکانی، ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا و، بنکە و بارەگاکانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیان، لەناو خاکی هەرێم دەکەنە ئامانج.

نمونەی نەرێنی:
لەم نێوەندەدا، هەندێک لە میدیاکان، بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراو، یان هەستیار و خاوەن تایبەتمەندی، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن و پریشکی ئاگرەکە دەگوازنەوە. لەوانە،
# دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە؛ داوای لە هێزی پێشمەرگە کردوە بەشداری لە هێرشکردنە سەر ئێران بکەن.
# ئەمریکا چەک و پارەی داوەتە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران بۆ ڕاپەڕین و شەڕی چەکداری.
# باسکردنی زانیاریی نهێنیی سەربازی و هەستیاری هەندێک شوێن و پێگە لەناو هەرێم، یاخود هەندێ ئامادەکاری و دەستگیرۆیی کردنی گروپەکانی بەرهەڵستکار.

ئاسەواریی نەرێنی:
ئەم جۆرە ڕوماڵکردنە، نەک هەر نائارامیی دەرونی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە، بەڵکو دەکرێت وەک پاساوێک لەلایەن، لایەنە هێزە شەڕکەرەکانەوە بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، لانیکەم بە بیانووی ئەوەی هەرێم بووەتە گۆڕەپانی پیلانگێڕی، یان بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

ئاسایشی نیشتمانی:
ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان، چەمکێکی فرەڕەهەندە و تەنها لایەنی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵکو ئاسایشی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەرونیی هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە. لەم دۆخەدا، پێویستە ڕۆڵی میدیا و میدیاکاران، وەک قەڵغانێکی پارێزبەند بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خاک و خەڵکی هەرێم بێت، نەک بە پێچەوانەوە؛ ئامڕازێک بێت بۆ ڕاکێشانمان بۆ مەیدانی شەڕ و تێوەگلانمان لە گەمەیەکی نابەرامبەردا. 

چەند بنەمایەکی زانستی:
لێرەدا، چەند بنەمایەکی ستراتیژی و زانستی و ئاکاریی بۆ کۆمەک و خزمەتی میدیا و میدیاکارانی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو:

یەکەم/ لەکاتی جەنگدا، جیاکردنەوەی ڕاستی لە پڕوپاگەندە و گومان و واتەوات ئەرکێکی لەپێشینەیی میدیاکانە. ئەرکی میدیای پیشەیی ئەوەیە، هەموو زانیارییەک بە وردی پشتڕاست بکاتەوە و سەرچاوەی باوەڕپێکراوی هەبێت.
دوەم/ پاراستنی زانیاریی هەستیار و ئاشکرانەکردنی زانیاریی سەربازیی نهێنی، وەک شوێنی بنکەکان، جووڵەی هێزەکان، یان جۆری چەک و تەقەمەنی. پێویستە میدیاکان و دەرگەوانان لەم ڕووەوە پابەندی بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانی بن.
سێهەم/ خۆپاراستن لە وروژاندنی ناکۆکیی ناوخۆیی و بازاڕدۆزی بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی و پاراستنی ئەو زانیارییانەی خزمەت بەو کۆدەنگیە دەکەن. لێرەدا بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و زانیارییەک خزمەت بە دابەشکردنی کۆمەڵگە و لایەنە جیاوازەکان بکات؛ مەترسیدار و زیانبەخشە.
چوارهەم/ پابەندبوون بە ستانداردە ئاکارییە نێودەوڵەتییەکان، کە جەخت لەسەر بنەماکانی وەک ڕاستی و وردی، سەربەخۆیی، بێلایەنی، بەرپرسیارێتی یاسایی، مرۆڤدۆستی و لێپرسراوێتی دەکاتەوە، لەکاتی ڕوماڵ و خستنەڕوی زانیاریەکاندا.

دەرئەنجام:
میدیای کوردی لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەرکێکی نیشتمانی و پیشەیی و ئاکاریی گەورەی لەسەر شانە، ئەم ئەرکە تەنها گواستنەوەی هەواڵ و بەدەستهێنانی «دەستپێشخەریی ڕۆژنامەوانی» نیە، بەڵکو لە هەمانکاتدا پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم و چارەنوسی پارچەکانی دیکەی کوردستانە، کە پێویستدەکات میدیاکاران و دەزگا میدیاییەکان، بە وریایی و بەرپرسیارێتی و بەگەڕخستنی دەرگاوانەکانی بڵاوکردنەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکاندا بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاڵۆزییە هەرێمایەتیەکان و ئامانجە شاراوەکانەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە، دەزگا میدیاییەکان و میدیاکاران بەرپرسیارن بەرامبەر بە وەرگر و بەرامبەر بە یەکتر، هاوتەریب بەرامبەر بە مێژو و داهاتو و چارەنوسی کوردستان.

15 جار خوێندراوەتەوە