ئایا حکومەتی کاربەڕێکەر دەتوانێ پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان؟

وەڵام بە کورتی :بەڵێ
حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێ ئەو کارانە بکات کە پێیان دەوترێت کاری سیادی و سیاسین و بۆ داهاتون واتە مستەقبەلین وەک ئەو کارانەی پەیوەندیان بەکاروبارە سیاسیە باڵاکانی وڵاتەوە ھەیە وەک دامەزراندن لە پۆستەباڵاکان و دروست کردن یان ھەڵوەشاندنەوەی وەزارەت و دامو دەزگا باڵاکانی دەوڵەت وئەنجامدانی گرێبەست و قەرز و ڕێککەوتتنامەی نێو دەوڵەتی و جەنگی ھێڕش بەرانە.


تەنھا دەتوانێ کارو باری ڕۆژانەی دەوڵەت و ئەو شتانەی پێویستن بۆ کارکردن وبەردەوامی سێکتەرە گشتیەکانی دەوڵەت کە نابێت دوابخرێن ئەنجام بدات.


سەبارەت بەناردنی پڕۆژە یاسا ،دوو جۆرن پڕۆژە یاسا ئاساییەکان ئەمانە تەعبیر لە سیاسەتی حکومەت دەکەن بۆیە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێ بیان نێرێت و حکومەتی دوای خۆی پێیانەوە پابەند بکات ، پەیڕەوی ناوخۆ (نیزام داخلی )ئەنجومەنی وەزیرانیش لە مادەی ٤٢/ دوەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێ حکومەت پڕۆژە یاساکان بنێرێ.


بەڵام جۆرێکی تر لە پڕۆژەی یاسا ھەن پێیان دەوترێ یاسا پێویستەکان ( تشریعات الضرورە)ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە پێوێستن و ناکرێ دوابخرێن ،زاناکانی یاسای دەستوری کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە یەکێکە لە تەشریعاتی زەرورە و ناکرێت دوابخرێ چونکە تەنھا بۆ یەک سالەو پەیوەندی بە لایەنی دارایی و خەرجی کارگێڕی دامو دەزگا کارگێڕیەکانەوە ھەیە و سروشتێکی سیاسی نیە .

 

لەوەش زیاتر یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٩ و ھی ساڵی ٢٠٠٤ یش حکومەتیان ئیلزام کردوە کە پێویستە ھەمو ساڵێك لە تشرینی یەکەم پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێ بۆ حکومەت ،جیاوازیشی نەکردوە لە نێوان حکومەتی کاربەڕێکەرو حکومەتی دەسەڵاتی تەواودا .


لە ڕیز بەندی یاساکانیشدا قانون لە سەرو پەیرەوەوە دێت و بەم پێیە حکومەتی کاربەڕێکەری عادل عەبدولمەھدی دەبێ پابەندی یاساکە بێت نەک ھەر دەتوانێ بەڵکو واجبە لەسەری بڕیار بدات بە ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان ،ئەگەر نەینێرێ سەرپێچی یاسای کردوە،ھەر کەس ولاێەنێکیش بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیان بەدڵ نەبوو دەتوانێ لە دادگای فیدراڵ تانەی لێ بدات.


پێویستە وەزیرە کوردەکان بەتایبەتی وەزیری دارایی ئەم بەرچاو ڕونیە بدات بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەر

831 جار خوێندراوەتەوە