بۆ نوێنەرانی کورد لەبەغدا


گەر دەتانەوێ ئیش بۆ کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان بکەن دەبێ لەئێستادا ئەمە بکەن:
سەرژمێری دانیشتوان لەم کاتەدا دژی کوردە لەناوچە جێ ناکۆکەکان وە دژی دەستورەو دەبێ بەدەستور ڕێی لێبگرن ئەویش بەوەی کە مادەی ٥٨ ی یاسای ئیدارەی دەوڵەت‌و مادەی ١٤٠ لەدەستوری ھەمیشەیی مادەیەکی تایبەتن بەو ناوچانە. وە پێویستە وەک قۆناغی ڕاگوزەری جێبەجێ بکرێن.

کاتی خۆی دەبوایە کورد پێداگربێ لەسەر ئەوەی کە قۆناغی راگوزەر کە لەیاسای ئیدارەی دەوڵەتدا ھاتبوو نابێ کۆتایی بێت تا مادەی ٥٨ جێبەجێ نەکرێ، بەڵام ئەوکات نەیانکردو ڕازی بون لەسەر ئەوەی قۆناغی راگوزەریی واتە کارکردن بەیاسای کاتی ئیدارەی دەوڵەت کۆتایی بێت‌و دەستوری ھەمیشەیی جێبەجێ بکرێت‌و مادەی ٥٨ یش ببێ بەمادەی ١٤٠، ئێستا دەبێ پێداگریی بکەن لەسەر ئەوەی کە بەگوێرەی دەستور، نەخشە رێگای ھەردوو مادەکە ئەو ناوچانە لەقۆناغی نائاسایی ڕاگوزەردان وەرێگە بەھیچ ئیجرائێک یان بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بەو ناوچانە نادرێ تاوەکو قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەکە جێبەجێ نەکرێن ئەوانیش بریتین لە «ئاسایی کردنەوە، ئامار، ڕیفراندۆم».

ئاماریش کە لەمادەکەدا ئاماژەی پێدراوە جیایە لەسەرژمێری، ئامار بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠ە کە وەزعێکی ئیستیسنائیان ھەیە ،بەڵام سەرژمێری کارێکی ئاسایی دەوریەو ١٠ ساڵ جارێک بۆ ھەموو عێراق دەکرێ، ئیشی نوێنەرانی کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە نەیەلن سەرژمێری بکرێ و تەنانەت نابێ بھێلن مادەکەش جێبەجێ بکرێ ھەروەکو چۆن عەرەبەکان نەیانھێشت تا ئەوکاتەی لە ژێر دەستی کورد بوو جێبەجێ بکرێ، ڕێگرتنەکەش بەوەدەبێ کە ئێوە پێدابگرن لەسەر ئەوەی ئەو مادەیە مادەیەکی تایبەتە بەناوچانە لەچاو مادەکانی تری دەستور.

تایبەتیش گشتی دەوەستێنێ، مادەکەش دەڵێ تاوەکو ھەرسێ ئیجرائەکە نەکری ھیچ بڕیارێک نابێ لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانەش بدرێ لەبەر ئەوەی بۆ ئەو ناوچانە ئامار دانراوە کەواتە دەبێ ئامار کە تایبەتە لەو ناوچانە بکرێ نەک سەرژمێری کە گشتیە، مەرجی ئەنجامدانی ئاماریش تەواو کردنی قۆناغی یەکەمی مادەی ١٤٠ە کە ئەویش ئاسایی کردنەوەیە واتە ناردنەوەی ھاوردەکان و گێڕانەوەی ڕاگوێزراوەکان.

1556 جار خوێندراوەتەوە