میحنەتی ئیسڵاح


گەورەترین میحنەتێک کە روبەڕوی چاکسازی و گەندەڵی ئەبێتەوە، چ لە کوردستان و چ لە عێراقدا، ئەوەیە خودی بکەرو ئەنجامدەرو بنیاتنەرانی گەندەڵی و ناعەدالەتی، هەر ئەوانەن کە رۆژانەو بەتایبەت لەکاتی هەڵچونە جەماوەرییەکاندا، دەنگیان لە هەموی بەرزترو سەدایان لە هەموی بڵندترە بۆ چاکسازی و پابەندبون بە سیستمەوە!

بەوهۆیەشەوە، بەردەوام پرسی چاکسازی و داخوازی جەماوەری، لەنێو گێژاوی موزایەدەی خودی بکەرانیدا، لێڵ و ون‌و سەرگەردان ئەبێت.

هەر بۆ نمونە لە ئێستای عێراقدا، لەبری قسەکردن لە هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی خودی دەستورو دەیان بڕیارو پلان و یاسا بۆ چاکسازی و بە سیستماتیککردنی دامودەزگاکان‌و پتەوکردنی لامەرکەزیەت و بەشداری راستەوخۆی هاوڵاتیان لە قسەکردن و بڕیاردان لە ژیان و گوزەرانیاندا، کەچی بەفیتی خودی گەندەڵکاران، باسەکان بەلاڕێداو قسەکان بە ئاراستەی خراپی سیستم و دەستورەکە ئەبەن.

خۆپیشاندانەکانی عێراق گرنگ و پڕ جەوهەرن، ئەوان قسەیان لەسەر ناعەدالەتیە، لەسەر بێدادیە، لەسەر برسێتی و خراپی ژیانە، لەسەر فەسادی نوخبەی دەسەڵاتداری عێراقە، لەسەر بێکەڵکی و بێدەربەستی ئەو دەستەبژێرەیە کە تەنها لەخەمی پێگەی خۆیاندان. وادەردەکەوێ ئەوەی هەوێنی ئەو ناڕەزایەتیانەن کەسانی مەدەنی و خەمخۆری راستەقینەی ئایندەی میللەت‌و وڵاتەکە بن.

لە ئێستای عێراقدا، لەبری قسەکردن لە هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی خودی دەستور... باسەکان بەلاڕێداو قسەکان بە ئاراستەی خراپی سیستم و دەستورەکە ئەبەن
بەشێکی گرنگ لەو داخوازییانە لە دەستوردا جێگیرکراوە. ئالیەتی حوکمڕانیش لە عێراقی نوێدا بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کە بوارێکی زیاتر بە لامەرکەزیەت و دەسەڵاتی مەحەلی بدات. کەچی وا تازە بەتازە لێرەو لەوێ دەنگانێک بڵند ئەبنەوە باس لە مەرکەزیەت و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی ئەکەن وەک ئەوەی هۆکارەکە سیستمەکە بێت نەک جێبەجێ نەکردن و بەلاڕێدابردن و پەراوێزخستنی.

لەم یاریە راستەقینەو هەوڵی بەلاڕێدابردنەدا، لایەنی کوردی دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە بکات و تێبگات کە ئەمجارە مەسەلەکە جدیە. بەلاڕێدابردن و گەمارۆدان هەروا بەئاسانی ناچێتەسەر.

هێزەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەبژێری سیاسی - رۆشنبیری دەبێت هەم جەخت لەسەر ناوەرۆکە پێشکەوتوخوازەکانی داخوازیەکان بکات لەپێناو ژیانێکی باشترو عەدالەت و بنبڕکردنی فەساددا، هەمیش خۆی بۆ ئەگەرەکانی تر ئامادەبکات.

 گوتاری سیاسی کوردستان، چ لە پرسی ناوخۆو چ لە مەسەلەی دەستورو بەشداری کورد لە بەغدادا، دەبێ پڕاوپڕ بێت بە ویست و پلانی راستەقینە بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و گرنگیدان بە نەوەی داهاتو بەتایبەت دۆزینەوەی دەرفەتی کارو ژیانێکی پڕ لە کەرامەت بۆیان. بەدەر لەوە بەدڵنیاییەوە دەکەوینە نێو چەقی گێژاوەکە.
969 جار خوێندراوەتەوە