گۆڕان و یەکێتی .. هەنگاوێک بۆ پێشەوە، ئاوڕێک بۆ دواوە!

ناو بەناو بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، باس لە باشبونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ گۆڕان دەکات، گوایە هەنگاوی باشی ناوە. من گومانم لەوە نییە دڵسۆزانێک لە نێو سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی هەن، کە زۆر لەخەمی باشتر بونی پەیوەندی هەردولان و دەیانەوێت ئاستی هاوکاری و تەبایی باشتر و تۆکمەتر بێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتا کێشەی زۆر هەیە کە دەبێت قسەی جدی لەسەر بکرێت، چونکە گەر تا ئێستا بە ئاسایی چوبێتە سەر، ئەوا مەرج نیە لە ئایندەشدا هەروابێت.

ئەگەر تا ئێستا ئەم دۆخەى هەیە بە ئاسایی چوبێتە سەر، ئەوا مەرج نیە لە ئایندەشدا هەروابێت.

من نامەوێت باس لەو پۆستانە بکەم کە ئیستحقاقی گۆڕانە و هێشتا یەکێتی ئامادە نیە هیچیان رادەستی گۆڕان بکات بە گوێرەی رێککەوتنەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان. قسەکردن لەسەر ئەوە هەرچەندە گرنگیشە، چونکە ئاماژەیە بۆ نیەتی باش و رۆحی شەراکەت و پێکەوە کارکردن و وەلانانی قۆرخکاری، بەڵام لەوانەیە وا تەفسیر بکرێت کە گۆڕان تەنها لە خەمی پۆست و پلەکاندایە.

بەڵام کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری هەیە کە ناکرێت جەختیان لەسەر نەکرێتەوە:

هیچ کات وەک ئێستا حیزب و بەرپرسی حیزبی دەستی نەخستوەتە جومگەکانی حکومەتەوە.

یەکەم: دوای ساڵانێک لە قسەوباس لەسەر دورخستنەوەی دەستی حیزب لە دەزگاکان و بەتایبەت لە خوێندن و پەروەردە، کەچی وا لە کۆتاییەکانی ساڵی (2019) داین، هیچ کات وەک ئێستا حیزب و بەرپرسی حیزبی دەستی نەخستوەتە هەمو جومگەکانی حکومەتەوە بەتایبەت کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا. 

لە بارەگای حیزبەوە بەڕێوەبەر و بەرپرس و تەنانەت کارگوزار دادەنرێت و ئەگوازرێتەوە! لە بارەگای حیزبەوە بڕیار بە گەمارۆ خستنە سەر کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و خاوەن بڕوانامە و شایستەی کارگێری ئەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی گۆڕانن یا حزبی ترن لە دەرەوەی یەکێتی! ئاخر بە چ مەنتقێکی کارگێڕی، کەسانێک کە هەمو مەرجە زانستی و شایستەییەکانیان هەیە، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی بێلایەنن، سەربەخۆن، حزبی ترن، یا بەدڵی مەڵبەند و دەزگای حزبی نین، فەرامۆش و پەراوێز ئەکرێن؟؟

دوەم: دەزگای ئاسایش کە هەمو هەوڵێکی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و گیانی هاوڵاتیان جێگای ستایش و دەستخۆشیە، بەڵام هێشتا سەد دەر سەد لە سەرەوە تا خوارەوە سەر بەحزبن و مەرجەعیەتیان هەیئاتی حزبیە. 
بەرپرسە باڵاکانیان ئەندامی سەرکردایەتین و کادرەکانی تریشی لەلایەن حزبەوە دیاری ئەکرێن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەهیچ توانایەکی تر، گەنجی سەربەخۆ یا سەر بەلایەنی تر، نادرێت گەر وەلائی موتڵەقی بۆ حزب نەبێت.

سێیەم: هێزی پیشمەرگە، سەرباری ستایشی زۆرمان بۆ فیداکاری و قارەمانێتیان دژ بە داعش و مێژوی دێرینیان، بەڵام کەس و تەنانەت خودی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمیش ناتوانن نکۆڵی لەو راستیە بکەن کە ئەو هێزە سەرتاپا حزبیە و لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە ئاڕاستە ئەکرێت. یا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی سەرپەرشتیان ئەکات.

بەداخەوە کە لەم دو دەزگا گرنگە، هیچ دەرفەتێک بۆ کوڕ و کچی نیشتمان نەبێت دامەزرێن، گەر بەمەرجی لایەنگری و پشتگیری حزبی نەبێت.

چوارەم: کۆمەڵێک بوار و کەرتی تر هەیە کە دەکرێ تەنها بە کورتی ئاماژەیان پێ بدەم، مەترسیدارترینیان دەستێوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری، قۆرخکردنی بازاڕ و کەرتی ئابوری و سنورەکان و دزەکردنە لە مەرزەکانەوە و کۆمپانیای ئەمنی و هتد. پێویست بە وتنیش ناکات کە ئەوەی لێرە روئەدات رێک کۆپیەکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیە و لەوێش هەم ئاسایش و هەم پیشمەرگە و هەم بوارەکانی تریش سەرتاپا حزبین و لە ژێر هەیمەنەی حزبدان.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، بەم عەقڵیەت و شێوازی کارەوە، چۆن روبەڕوی گۆڕانکاریەکان ئەبینەوە؟ چۆن ئەتوانین وڵاتی هاوڵاتی و دەزگای سەربەخۆی دەوڵەتداری کە موڵکی حکومەت بێت نەک حزب دروست بکەین؟ چۆن ئەتوانین پەیوەندی تەندروست لە نێوان هێزە چەکدار و هێزە بێچەکەکان بنیاتبنێین؟ وە چۆن ئەتوانین پێکەوە هەنگاو بەرەو چاکسازی و هەرێمێکی ئاوەدان و مەدەنی  بنێێن؟.

بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندی گۆڕان و یەکێتی، داواکاریەکی بەردەوامی خەمخۆر و دڵسۆزانی هەردولایە و پێموانیە جگە لە بونی ئەو پەیوەندیە تەندروستە، هیچ بەدیلێکی ترمان هەبێت، تەنها ئەوەش لە خزمەتی خەڵک و خاک و ئایندەی میلەتەکە و هەرێم و ئەم دەڤەرەشە.

هەرێم بە گشتی و دەڤەری سلێمانی بە تایبەتی، پێویستیان بە هەنگاوی خێرایە

بەڵام کێن ئەوانەی ئامادەن بە روح و نەفەسێکی تازەو دڵسۆزانە و بەرپرسانەوە، دور لە گرێکانی رابردو، دەستیان دێنن و دەبنە شەریک لەو پرۆسەیەدا؟ هەرێم بە گشتی و ئەم دەڤەری سلێمانیەش بە تایبەتی، پێویستیان بە هەنگاوی خێرایە، عەقڵیەتی کۆنی قۆرخکاری حزبیی، جگە لەوەی نەزۆک و بێئاکامە، ئیتر وا وردە وردە خەریکە شەپۆلە خێراکان راپێچی ئەکات. نەوە تازەکان، ژیان و سەقامگیریان ئەوێت، ئەوەش بەو عەقڵیەتە ناکرێت. ئیتر ئەبێ تێبگەین!

1226 جار خوێندراوەتەوە