چەند بەڕێزێک بەناوی ' تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش' کە نازانرێت ئەمە
گروپە یا کەسە یا رێکخراو، لە وەڵامی ئەوەی ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوە، هیچ
درێغیان نەکردوە لە زوڵمکردن و هێرش کردنە سەر گۆڕان و دامەزرێنەرەکەی.
من وەک ئەندامێکی دێرینی ئاڵای شۆڕش، کە مایەی شانازیمە، ئەو بەرگریەی ئەو
تێکۆشەرانەم لەسەر ئاڵا قبوڵە و ئێمە و مانانیش هەر
بەو مەبەست و نیازە بەشدار بوین لەو جوڵانەوەیەدا، بەڵام ئەو هێرشە ناڕەواو بێ پاساوەیان
بۆسەر گۆڕان، دوبارەکردنەوەی هەمان نەفەس و عەقڵییەتی ناشرینکردنی ئاڵایە.
بەکورتی ئەمەوێ بڵێم:
یەکەم: نازانم ئەم بەڕێزانە چۆن مافیان بە خۆیان داوە بەناوی هەمو تێکۆشەرانەوە
قسە بکەن؟ لانی کەم ئەبوایە یا ئاماژەیان بەناوی خۆیان بدایە وە یا بنوسرایە بەشێک
لە تێکۆشەران.
دووەم: من وەک هەڵسوڕاوێکی بەشداربوو لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و پاش
نزیک بە دە ساڵ کارکردن تیایدا کە مایەی شانازیمە، سەرتاپای ئەو بوختانەی ئەو بەڕێزانە
رەد ئەکەمەوە و پێم وایە گۆڕان لانی کەم تا پێش مەرگی کاک نەوشیروان، جوڵانەوەیەکی
سیاسی ئیسڵاحی کاریگەر و خاوەن دیدگا بوە، ئێستا لە چ پێگە و بەرەیەکە ئەوە پەیوەندی
بە منەوە نیە.
سێیەم: تەمەنی ئاڵای شۆڕش لە (1992) کۆتایی پێ دێت، گۆڕان لە (2009) دروست ئەبێت
بە بەشداری سەدان سەرکردە و کەسایەتی ناسراوی کۆنە ئاڵای شۆڕش و خەڵکی تر، سەیرە لە
ئێستادا بەناوی رێکخراوێکەوە کە نزیک بە سی ساڵە کۆتایی هاتوە، بڕیاری سیاسی لەسەر
جوڵانەوەیەکی تازە بدەیت، بەبێ هیچ رێزگرتنێک لە هەستی ئەو سەدەها ئاڵای شۆڕشەی بەهەمان
نییەتی جارانەوە بەشداریان لەم بزوتنەوەیەش کرد.
دواجار ئەڵێم نە ئاڵا خەنجەری ژەهراوی بوو، نە گۆڕانیش بۆ لوشین و کەرتکردنی
یەکێتی دروست بوو، ئەم جۆرە ئەحکامانە یەک سەرچاوەیان هەیە کە بڕوانەبونە بە بیروڕا
و دیدگای جیاواز.
1008 جار خوێندراوەتەوە