رامان !

لە ژیاندا، لە کاتی سەختی و دژواریی تێکۆشاندا، لە تەنگژە، شکست و قەیرانەکاندا و لەبەرانبەر هەندێک دیاردە و دەرکەوتەدا، پێویستمان بە ڕامانێکی قووڵ هەیە. ڕامان؛ واتە گۆڕانی زاتیەتی ئینسان لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر.


زۆربەی مرۆڤەکان بەشێکی گرنگی تەمەنیان بۆ دروستکردنی کەسایەتییان تەرخان دەکەن، کەچی لەسەرپێچێکدا و بە قەد "پێچی مێزەرێک" کاتی ناوێت، ئەو بنیادەی بە ڕەنج و خۆبنیادنان دروستیان کردووە، دەیڕمێنن. لەوپەڕی "گیانبەخشین" بۆ دۆزێک، بە قەلەمبازێک دەچنە بەرەکەی تر؛ ئەمەش تەنیا گۆڕینی بیروڕا نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی قووڵی ناسنامەیە.


کاتێک لە وێستگە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن و بەشداریی سیاسییدا، هەوڵدان بۆ ژیانێکی باشتر بەرۆکت دەگرێت، گەنجان بە خەونی ڕەنگاوڕەنگ و خواستی گۆڕانکارییەوە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەچنە ناو بزووتنەوە نوێخوازییەکان. ئەوان چاوەڕوانن گۆڕانکاریی خێرا و ڕیشەیی لە ژیانیاندا ڕووبدات، بەڵام کاتێک دەبینن دامەزراوەکان و ژیانی سیاسی لەوە سەختترە کە بیریان لێ دەکردەوە، تووشی "شۆکی واقیع" دەبن. خەیاڵیان دەشکێت و نائومێدی گەروویان دەگرێت؛ ڕەشبینی بەرچاویان تاریک دەکات، چونکە پاشخانیان لە ئەزموون و هۆشیاری بۆ توێژینەوە و لۆژیکی چارەسەر لاوازە، ئەمەش دنەی هەستانەوە و بەردەوامییان نادات. لێرەدا، بەرەو باوەشی ئەو لایەنە وەردەگەڕێن کە پێشتر دژی بوون، تا تۆڵە لەو خەون و خواستە بەدینەهاتووانە بکەنەوە کە ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو.


ئەمە بەتایبەت لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە بێ ماندووبوون، پێگە و دەسەڵاتیان پێ بەخشراوە. ئیمتیازەکان لەبری ئەوەی ببنە هۆی دڵسۆزی، وەفا و چاکەکاری، دەبنە هۆی لووتبەرزی. کەسەکە وا هەست دەکات تەنیا بە شان و باڵ و لێهاتوویی خۆی گەیشتووەتە ئەو پێگەیە و بەسەهودا دەچێت کە نازانێت پاڵپشتیی بزووتنەوەکە ئەو ئاستەی پێ بەخشیوە. لێرەوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نوێیەکانی، ئامادەیە پشت لە دەنگدەر و پاڵپشتیکارانی بکات و ڕوو لەو بەرەیە بکات کە پێشتر بە دوژمنی دەزانی؛ لای ئەو "مانەوە لە دەسەڵات" لە سەرووی ئەو بەها و مەبدەئانەوەیە کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکردن.


ئەوانەی تەنیا لەسەر بنەمای سۆز و دروشمی بریقەدار دێنە ناو سیاسەت و ڕێکخراوە تازە سەرهەڵداوەکان، چونکە پاشخانێکی سیاسی و فیکریی بەهێزیان نییە، زۆر بە ئاسانی پاشەکشەیان پێ دەکرێت. بۆیە گۆڕانیان لە دۆستەوە بۆ نەیار تەنیا (یەک هەنگاوە). ئیدی پاساوی پووچ بۆ داپۆشینی ئەو بۆشاییە ئەخلاقییەی تێیکەوتوون بەکاردەهێنن. گۆڕانی مرۆڤ شتێکی سروشتییە، بەڵام گۆڕانی ١٨٠ پلە بەبێ هیچ پاساوێکی لۆژیکی و مەعریفی، هێمای سڕینەوەی ئەو ناسنامەیەیە کە تا ئەو کاتە بانگەشەی بۆ دەکرا!

137 جار خوێندراوەتەوە