مژدەی لە ئایندە بە ٤٥ ڕۆژ مووچە وەردەگرین!
بەداخەوە، ڕاستییەکی تاڵ؛ زۆرجار میدیاکان، بە مەبەست بێت یان بۆ دەستکەوتنی سەردان (Views) و کێبڕکێی خێرا، دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ و قەیران دروستکردن. بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی میدیاکان و لێدوانە تەمومژاوییەکان بەو شێوەیەن:
بەهای نەوت جێگیرە و داهاتی نانەوتیش لە زیادبووندایە، کەواتە کێشەکە کەمیی پارە نییە. زۆرجار دواکەوتنی مووچە یان دروستکردنی دەنگۆ لەسەر ٤٥ ڕۆژ جارێک، ئامرازێکی فشارە. میدیاکانیش لەم نێوەندەدا دەبنە بەشێک لەو شەڕە دەروونییەی کە هاووڵاتی تێدا دەبێتە قوربانی.
کاتێک میدیا دەڵێت سەرچاوەیەکی ئاگاداریان یان بەرپرسێکی نادیار، زۆرجار ئەمە مانای ئەوەیە:
یان هەواڵەکە هەر پێشبینییە و دەیانەوێت تەرویجی بۆ بکەن.
یان بەرپرسەکە دەیەوێت نەبزی شەقام بگرێت بزانێت کاردانەوەی خەڵک چی دەبێت (تێستکردنی کاردانەوە).
بەگشتی بە پلە دوو سەیرکردنی هاووڵاتیی کورد و فەرمانبەرانی بە بڕین و پاشەکەوت و ئەمانەت و دواخستن و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، مافە یاساییەکانی خانەنشینی و زیندانیانی سیاسی، کرۆکی کێشەکەیە. تا پرۆسەی مووچە لە ململانێی هەولێر و بەغداد دوورنەکەوێتەوە، ئەم جیاکارییە بەردەوام دەبێت.
بەپێی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، عێراق پابەندە بە ناردنی شایستە داراییەکان. ئەوەی ڕوودەدات زۆرجار ڕۆتینی دارایی و وردبینی تەمومژاوی بۆ کات کوشتن بەکاردێت، لەوەی بڕیارێکی فەرمی بۆ گۆڕینی کاتی مووچە بۆ ٤٥ ڕۆژ هەبێت.
میدیا دەبێت بەرپرسیار بێت، بەڵام لە غیابی ڕوونکردنەوەی فەرمی و خێرای حکومەت، دەنگۆ دەبێتە ڕاستی، ئەمەش کارەساتەکەیە!
875 جار خوێندراوەتەوە