وابڕیارە (٢٠٢٥/١١/١١) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەپێی خوێندنەوەی ڕوانگە جیاوازەکانی هێز و لایەنی کوردستانی و عێراقی؛ ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراق بە یەکلاکەرەوە و بۆ کورد بە چارەنوسسازە.
لەهەر پێنج خول ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خولێکی کاتیش پێش ئیقرارکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق؛ کورد بەشداربووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پشکی شێر بەر پارتی و یەکێتی و، دواتر یەکگرتوو و کۆمەڵ و لەخولی دوهەمیشەوە لەساڵی (٢٠١٠) بزوتنەوەی گۆڕان و لە (٢٠١٨) نەوەی نوێ. تاوەکو ئێستا، کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، سەرجەم هێز و لایەنەکان لە کێبڕکێدان بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی لە پارێزگاکانی هەرێم و ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
پرسیارێک دوای (٢٠) ساڵ لە ئەزموونی پەرلەمانی و کێشمەکێشم و هەڵبەز و دابەزی پێگە و هێزی کورد لەناو عێراقی فیدڕاڵدا دێتە پێشەوە؛ ئەوەیە لەو ماوەیەدا چیمان کردووە و کێ هۆکارە لە پاشەکشێی و پشتوگوێخستنی مافە دەستوریەکان و بەهێزبوونی مەرکەز و لاوازبوونی سروشتی فیدڕاڵی؟
بیست ساڵ تێپەڕی نوێنەرانی تەواوی کوتلە کوردستانیەکان، کە لەبەغدا بوون چیان بۆ مافە دەستوورییەکانی کورد و چیان بۆحیزبەکانیان و چیان بۆ خۆیان کردووە؟
لەم بیست ساڵەدا، عێراق بە چەند ئاڵنگارییەکدا تێپەڕیووە مەترسی تیرۆر و شەڕی داعش و سەروەرنەبوونی قەوارەکەی، بەڵام «کورد» لەبەر ئەزمونی حوکمڕانی چەند ساڵەی کەمتر لەبەردەم ئەو مەترسیانەبووە، ڕاستە تیرۆر و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و قەیرانی دارایی تەنگی بەهەرێم هەڵچنی، بەڵام لەم پێنج خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە لایەنی کەمەوە سێ سەت نوێنەری کورد بەهەڵبژاردن چوبێتنە قوبەی پەرلەمانی عیراق، بەڵام ئایا چیان بۆ پرسە سەرەکیەکانی کورد و کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردووە، لەوانە ماددەی (١٤٠) لە دەستووری هەمیشەی عێراق جێبەجێکرا؟
کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەرکرا؟
بودجەی پێشمەرگە، کەهێزێکی فەرمی پاراستنی کوردستانە هاوتای سوپای عیراقی لێکرا؟
توانرا کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە بودجە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕدراوە، توانرا ئەمە چارەسەر بکرێت؟
ئایا کێشەی خاک و زمان و نەتەوە توانرا لەپەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن چارەسەر بکرێت؟
ئەم پرسیارانە لەکاتێکدایە، چوار سەرۆک کۆماری کورد لە عێراق بوون و چەندین وەزیر و پەرلەمانتار و پۆستی باڵا هەبوون!
بێگومان لەو هەموو پرسیارە قورسەدا، تەنیا یەک وەڵامی قایلکەر وەرناگرین، چونکە لە ئێستادا دروشمی زۆربەی لایەنەکوردیەکان هەمان قەوانی بیست ساڵ پێش ئێستایە!
لەساڵی (٢٠١٤) ەوە قوتی خەڵکی کوردستان بڕدراوە، کە بێگومان دوو لایەنەیە، هۆکارەکەی هەم هەێم و هەم عیراق، بەڵام لەو هەموو پەرلەمانتارەی کورد لەبەغدا نەمانبینی لە ناو هۆڵی پەرلەمان مانبگرن و داوای شایستەداراییەکانی خەڵک بکەن! جارێک نەمانبینی بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان مانبگرن و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن بۆ ئەوەی خاکی داگیرکراومان بگەڕێننەوە!
گەورەترین لەدەستدانی خاک لە (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) بەسەر میللەتەکەمان هات، نەمان بینی ئەم نوێنەرایەتی کوردییە لەپەرلەمان لە سەرۆکایەتی کۆمار لە حکومەت بێنەوە سلێمانی و هەولێر دابنیشن و بڵێن ئەمەمان قبوڵ نیە! لەکاتێدا زۆربەیان بۆ خۆیان و حیزبەکانیان باشترین دەستکەوت و کەمترینیش بۆ خەڵک و دەنگدەرانیان بووە، ڕەنگە لە ئاستی تاک هەندێک کەسیان کاری شەخسی و نەتەوەیی کردبێت ئەمەش بەپەنجەکانی دەست ناژمێردرێن!
ئەوانەی سەرەوە دەرخەری ئەوەیە، کە کورد لە بەغدا کەمترینی پێکراوە و زۆرترینی بەخشیووە، بگرە زۆرجار مێزی دانوسانی پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق مێزی کوردی بوون و دەرەنجامی پۆست و دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی و کەمترین دەستکەوتی نیشتیمانی نەتەوەیی بوون. هەربۆیە، دوای بیست ساڵ، قەوانی سواو هەر باسی هێزی تۆ و سەنگی تۆ و سازانە، کە بەداخەوە نە سازانیان سازان، فیدڕاڵیەتیشیان کرد بە تەیرێکی مەعقول!
83 جار خوێندراوەتەوە