عێراق لەبەردەم پێشهات و ئاڵنگاری نوێ

عێراق لەبەردەم پێشهات و ئاڵنگاری نوێ
ڕۆڤان سەروەت
هەڵمەتەکانی ئەم دواییەی نەهێشتنی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە بەغدا، تێپەڕاندنی ڕێکارێکی ئاسایی ئەمنی و یاسایین، دەشێت وەک وەرچەرخانێک بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق و گواستنەوە لە مۆدێلی پشککارییەوە بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی سەیر بکرێن. 

ئەم پرۆسەیە بەتەواوی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ دیدگای ڕۆژئاوا و ئەمریکا، کە بنەبڕکردنی گەندەڵی بە مەرجی سەرەکی دەزانن بۆ سەقامگیری و لاوازکردنی هەژموونی هێزە چەکدارەکان لە دەرەوەی یاسا. هەرچەندە پاڵپشتییەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەنگاوە زیاتر سیمایەکی دیپلۆماسی و دامەزراوەیی هەیە، نەک ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆ، بەڵام بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز لە عێراقدا خاڵی هاوبەشی هەردوو ئاراستە ناوخۆیی و دەرەکییەکەیە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، دەرکەوتنی ئیرادەیەک بۆ دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی لە ژێر سێبەر و هەژموونی حزبی، هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ گێڕانەوەی سەروەریی و هەیبەتی حکومەتی ئیتحادی. ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش دەبێت؛ جێبەجێکردنی بێلایەنانەی یاسا دەسەڵاتی دەستووریی دامەزراوە فیدراڵییەکان لەسەر دۆسیەکانی هەرێم فراوانتر دەکات. 

لەم قۆناغەدا، ئەزموونی سیاسیی هەرێمیش ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی مەعنەوی قووڵ دەبێتەوە، بە جۆرێک کە چیتر ڕەوایەتی مێژوویی و شۆڕشگێڕی ناتوانێت ببێتە قەڵغانێک لەبەردەم پرسی بەرپرسیارێتیی یاسایی و دامەزراوەییدا. یان بە دیوێکی دیکەدا، چیتر گوتاری نەتەوەیی و باسکردن لە دژایەتی هەرێم لەلایەن حکومەتی ئیتحادییەوە دادی هەرێم نادات بەشێوەیەک بێ پەرلەمان و دامەزراوەی یاسایی و چاودێری حوکمڕانی بکەن.

پێوەری سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بە تەنها ئەو ژمارەی ئەو کەسایەتی و کاربەدەستانە نیە کە دەستگیرکراون، بەڵکو بەندە بە سەربەخۆ دامەزراوەکان، گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و چەسپاندنی پرەنسیپی یەکسانی لەبەردەم یاسادا دوور لە پاساوی نەتەوەیی و مەزهەبی. لەوەش گرنگتر بەردەمیدانە بە پرۆسەی دژایەتی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی.

ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، تاقیکردنەوەیەکی مێژووییە بۆ سەلماندنی توانای دەوڵەت؛ ئەگەر ئەم هەڵمەتە وەک ستراتیژێکی نیشتمانی بەڕێوەبچێت و نەبێتە ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی، ئەوا دەتوانێت نەخشەڕێگای حوکمڕانیی دروست بۆ داهاتووی عێراق دابڕێژێت. بە پێچەوانەشەوە، بەکارهێنانی ئەم پرۆسەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی قووڵتری دەستووری و لەدەستدانی یەکجاریی متمانەی گشتی بە سیستەمەکە.

116 جار خوێندراوەتەوە