مەسعود
پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سنووردارکردن و
گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، دژایەتییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و
چارەنووسی شکستە.
سەرۆککۆماری
ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاوە هەرێمییەکان مەیدانێک نین بۆ سەپاندنی بڕیاری
تاکلایەنە، بەڵکو بەشێکن لە سیستەمی نێودەوڵەتی و ئاسایشەکەیان لەسەر بنەمای
هاوکاریی پێکەوەیی دادەمەزرێت.
پزیشکیان جەختی
لەوە کردەوە کە دوژمنانی وڵاتەکەی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیان گۆڕیوە و پەنایان
بردووەتە بەر فشاری ئابووری و گەمارۆی دەریایی دژی حکومەت و گەلی ئێران.
وتیشی: "بوونی هێزە بیانییەکان لە
ناوچەکەدا گرژییەکان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ئاوە هەرێمییەکاندا و
هیچ خزمەتێک بە بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەیی ناکات".
سەرۆککۆماری
ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران وەک پارێزەری ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکان و گەرووی
هورمز، پابەندە بە ئازادیی کەشتیوانی و دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو وڵاتان، جگە
لەو لایەنانەی کە بە "دوژمنکار" ناوی بردن.
لە کۆتایی وتەکەیدا پزیشکیان ڕایگەیاند:
"گەرووی هورمز بەشێکە لە ناسنامەی نیشتمانیمان و هێمای خۆڕاگری گەلەکەمانە لە
بەرامبەر هێزە داگیرکەرە کۆن و نوێیەکاندا".
57 جار خوێندراوەتەوە