هێزی دەریایی
ئیسرائیل دەستی بەسەر بەلەمەکانی "کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی"دا گرت کە
بەرەو کەرتی غەززە دەچوون و سەدان چالاکوانی دەستگیرکرد، تورکیاش هێرشەکە بە
"چەتەیی دەریایی" ناو دەبات.
میدیاکانی
ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، هێزی دەریایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و بەدووری سەدان
کیلۆمەتر لە کەناراوەکانیان، دەستیان بەسەر نزیکەی 50 بەلەمدا گرتووە کە 400
چالاکوانیان هەڵگرتبوو. بەپێی زانیارییەکان، چالاکوانەکان لەلایەن هێزەکەوە
ئاگادار کراونەتەوە کە لە ئێستادا دەستگیر کراون.
ڕادیۆی سوپای
ئیسرائیل هۆشداری داوە ئەگەر بەلەمەکانی دیکە پاشەکشە نەکەن و نەگەڕێنەوە، ئەوا
ڕووبەڕووی هەمان ڕێکار دەبنەوە. لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەش لەو
دوورییە زۆرەدا، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی قەبارەی
گەورەی کەشتیگەلەکەوە بووە.
هەر لەسەر
هەمان پرس، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماسی تۆمەتبار کرد کە لە پشت
ڕێکخستنی ئەو کەشتیگەلەوەیە بە ئامانجی تێکدانی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی.
گرنگی بابەتەکەش بۆ ئیسرائیل هێندە بووە، کە
دوێنێ چوارشەممە، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیران وتەکانی لە بەردەم دادگا بڕیوە
تەنها بۆ ئاگاداربوون لە پێشهاتەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەو کەشتیگەلە.
لە کاردانەوەی
ئەو ڕووداوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ
سەر "کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی" بە کارێکی "چەتەیی دەریایی"
وەسف کرد. هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت
دژی ئەو هەنگاوە نایاساییەی ئیسرائیل.
166 جار خوێندراوەتەوە