وەرگرتنی پارەی کاش بۆ بەشەخۆراک قەدەغە دەکرێت و دەکرێتە ئەلیکترۆنی

KNN : Kurdish News Network
06:23 - 30/04/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە سیستەمی وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە دەرکرد و ڕایگەیاند، لە کۆتایی مانگی نیسانەوە وەرگرتنی پارەی کاش لە هاووڵاتییان لەلایەن بریکارەکانەوە بەتەواوی قەدەغە دەکرێت

 

 

بەپێی بڕیارەکە، شێوازی وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراک دەگۆڕدرێت بۆ "پارەدانی ئەلیکترۆنی" و ئەم هەنگاوەش لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوورییە، بە ئامانجی ڕێکخستنی سیستەمی دارایی و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش لە دامەزراوە حکومەییەکاندا

 

 

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە تەکنیکییەدا، لەناو پەرلەمانی عێراق هەوڵێکی یاسایی دەستیپێکردووە و 93 واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ فشارکردن بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان

 

 

لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە کە بڕینی بەشەخۆراک تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهاتیان بەرزە، نەک هەموو مووچەخۆران، ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ چینە کەم دەرامەتەکان

 

 

لە لایەکی تریشەوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بڕینی بەشەخۆراکی وەرگرانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکەن.

 

 

310 جار خوێندراوەتەوە