هیڵتۆن؛ ئەو هۆتێلەی تیایدا تەقە لە دوو سەرۆک کراوە

KNN : Kurdish News Network
10:08 - 26/04/2026
جیهان
+
-

ڕووداوی تەقەکردنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی واشنتن لە هۆتێل هیلتۆن لە شەقامی کەنێتیکەت ڕوویدا، کە هەمان ئەو هۆتێلەیە لە ساڵی 1981دا ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، تێیدا ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەوە و بە سەختی بریندار کرا.

 

مێژووی ئەو ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ 30ی ئاداری ساڵی 1981، کاتێک جۆن هینکلی جونیۆر لە کاتی دەرچوونی ڕیگان لە هۆتێلەکە و ڕۆیشتنی بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی، تەقەی لێکرد. هەرچەندە ڕیگان لە ڕووداوەکە ڕزگاری بوو، بەڵام بە سەختی بریندار بوو؛ دوای ئەوەی فیشەکێک بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت و ئاڕاستەکەی گۆڕا، بەر سنگی کەوت و بووە هۆی شکانى یەکێک لە پەراسووەکانی و زیانگەیاندن بە سییەکانی. دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی جۆرج واشنتن و لە 11ی نیسانی هەمان ساڵدا نەخۆشخانەی بەجێهێشت.

 

لەو ڕووداوەدا، جگە لە سەرۆکی ئەمەریکا، جەیمس برەیدی، وتەبێژی ئەوکاتی کۆشکی سپی، لەگەڵ کارمەندێکی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی و ئەفسەرێکی پۆلیس بریندار بوون. برەیدی بەهۆی ڕووداوەکەوە تووشی زیانی مێشک بوو و تا کۆتایی تەمەنی بە کەمئەندامی مایەوە، کە ئەمەش کاریگەریی هەبوو لەسەر گیانلەدەستدانی لە ساڵی 2014.

 

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوەکەدا، دادگا بڕیاری بێتاوانی بۆ هینکلی دەرکرد بە پاساوی تێکچوونی باری دەروونییەوە، بەڵام تا ساڵی 2016 لە بەشی ئاسایشی توندی نەخۆشخانەی سەینت ئیلیزابێس لە واشنتن هێڵرایەوە. لە ئێستاشدا، تابلۆیەک وەک یادگارییەک لە شوێنی تەقەکردنەکە بە دیواری هۆتێلەکەوە هەڵواسراوە.

158 جار خوێندراوەتەوە