وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکارێکی توندی بۆ پاراستنی ژینگە ڕاگەیاند و هۆشداری دەدات، هەر کەسێک سروشت و شوێنە گەشتیارییەکان پیس بکات، ڕووبەڕووی سزایەکی قورسی دارایی دەبێتەوە کە لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا 10 ملیۆن دینار
بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی ناوخۆ کە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی وەک پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی ژینگە و هاتوچۆ ڕاسپێردراون، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتیان کراوە، لە کاتی گەشت و سەیراندا پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە و بیخەنە ئەو شوێنانەی شارەوانی دیاریکردوون. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوا دەکات، هەر کەسێک بینرا ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشت دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بگیرێت و بۆ پلاتفۆڕمەکانی دەستەی ژینگە یان پۆلیس بنێردرێت، تاوەکو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر
هەروەها هۆشداریی توند دراوەتە خاوەن پڕۆژەکانیش کە خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێنن، بەپێچەوانەوە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن. وەزارەتی ناوخۆ جەختیشیکردووەتەوە کە پاراستنی سروشتی جوانی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانی، ئایینی و مرۆییە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوە دەرباز بێت.
177 جار خوێندراوەتەوە