بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی
سوریا، هۆشداریی توند دەداتە حکومەتی دیمەشق و ڕایدەگەیەنێت؛ بەردەوامیی گەمارۆ و
هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ
مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر
تەواوی خاکی سوریا دەبێت و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان
هەواڵ: KNN
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە ئەنجامی تۆپباران
و هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتییان لەو
دو گەڕەکەی حەلەب، سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوە و 17 کەسی دیکەش بریندار بون، کە ژمارەیەک منداڵ لەنێو
بریندارەکاندان
ئەم
گرژییانە لەکاتێکدایە کە هەردو گەڕەکەکە ماوەیەکی درێژە لەژێر گەمارۆیەکی توندی هێزە
ئەمنییەکاندان و ڕێگری لە چوونەژورەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، سووتەمەنی
و دەرمان دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا،
وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشەکان، ڕایگەیاند: ئەم کردەوە نابەرپرسیارانە تەنیا دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی هێزە نیشتمانییەکانی
سوریا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی دیمەشق لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی گەل جدی نییە
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە بەردەوامبونی ئەم
ڕێبازە سەربازیی و گەمارۆدانە، جگە لە زیادبونی توندوتیژیی بێ پاساو، دەبێتە ڕێگرێکی
گەورە لەبەردەم هەر هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری سیاسیی کێشەکان و کەلێنی نێوان
پێکهاتەکان قووڵتر دەکاتەوە
گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە
زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، لەلایەن هێزەکانی هەسەدەو هێزەکانی ئاسایشی
ناوخوە بەڕێوەدەبرێن. ئەم ناوچانە زۆرجار دەبنە ئامانجی گوشارە سیاسی و سەربازییەکانی
حکومەتی سوریا، ئەمەش وەک کارتی فشار دژ بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەکاردەهێنرێت.
257 جار خوێندراوەتەوە