هەسەدە: تۆمەتەکانی وەزارەتی بەرگری "بەهانەن" بۆ زیادکردنی گرژییەکان

KNN : Kurdish News Network
08:26 - 05/01/2026
جیهان
+
-

هەسەدە وەڵامی وەزارەتی بەرگری دەداتەوە: هێرشکردنە سەر پۆلیسی حەلەب "هەڵبەستراوە" و هیچ بنەمایەکی نییە

 

هەواڵ KNNC

 

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە وەڵامێکی تونددا بۆ وەزارەتی بەرگری سوریا، ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانیان دەستیان هەبێت لە هێرشکردنە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە سنوری پارێزگای حەلەب.

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بە هەموو شێوەیەک ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە هێرشی ئێمە دەکەن بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە شارۆچکەی دێر حافر، ئێمە لەو ناوچەیە هیچ جۆرە چالاکی و ئۆپەراسیۆنێکمان نییە."

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە تۆمەتەکانی وەزارەتی بەرگری بە "گوماناوی و هەڵبەستراو" وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: "ئامانج لەم بانگەشانە دروستکردنی پاساو و بەهانەیە بۆ زیادکردنی گرژییەکان، هەر لایەنێکیش ئەم هەواڵانە بڵاودەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ."

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری سوریا، هێزەکانی هەسەدەی بە ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر پۆلیسی دێر حافر تۆمەتبار کردبوو.

171 جار خوێندراوەتەوە