ئیسرائیل داوای لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:29 - 28/04/2025
جیهان
+
-

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمی دەکات، دەشڵێت: زۆر شت ماوە بەرامبەر بەو وڵاتە ئەنجامیبدەن.

 

هەواڵ:KNNC

 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تیشکخستنەسەر دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران رایگەیاند، تاکە رێکەوتنی باش رێکەوتنێک دەبێت کە هەمو ژێرخانەکان لەناوببات، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی لیبیا لە ساڵێ 2003 لەگەڵ رۆژئاوا کردبوی و وازی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هێنا.

 

وتیشی: لەگەڵ ئەمەریکا لەیەک نزیکین، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ترەمپ پێموت: "ناکرێت لە هیچ بارودۆخێکدا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت".

 

ناتانیاهۆ، ئێرانی بەبەرپرسیاری یەکەم زانی کە بوەتەهۆی هێرشکردنەسەر ئیسرائیل، جەختیشیکردەوە وڵاتەکەی نوێنەرایەتی گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، زۆر شتیش ماوە بەرامبەر بەو وڵاتە بیکەن.

 

ئەمریکا و ئێران تا ئێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بە نێوەندگیری عومان ئەنجام داوە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگری بکات لە دەستکەوتنی تاران چەکی ئەتۆمی لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییە توندەکانی واشنتۆن.

 

ئیسرائیل ڕەتی نەکردۆتەوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز لە 19ی نیساندا بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی و دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ناتانیاهۆی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمریکا ئامادە نییە لەم کاتەدا پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بکات.

36 جار خوێندراوەتەوە