تاران رەتی دەكاتەوە لە ئاستێكی باڵاتر لە وەزیری دەرەوە دانوستان لەسەر
بەرنامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام بدات.
هەواڵ: (KNNC)
لەو بارەیەوە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:
خولی چوارەمی دانوستانەکانى نێوان تاران و واشنتۆن بەسەرپەرشتی هەریەک لە عەباس عراقچی،
وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەى و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری
ئەمەریکا دەبێت، نەك باڵاتر.
وتیشی: بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان
کۆمارى ئیسلامی ئێران ئامادەی دانوستانە، چونکە سزا سەپێنراوەکان ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانی
وڵاتەکەى بەئامانج دەگرێت و تاران هەوڵی جدی دەدات بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رونیکردوەتەوە، لەسەر کات و شوێنی گەڕی
ئایندەی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن ئەمەریكا، هەروەها وڵاتەكەی سنوری بۆ رەوتی
دانوستانەکان دانانێت، بەمەرجێک رێککەوتنی هاوبەش لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت.
لەدوای كۆتایی هاتنی گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر
بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، وەزیری دەرەوەی عوممان بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند:
پێدەچێت دانوستانەكان لە ئاستێكی باڵاتر لە وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی
كۆشكی سپی بەڕێوەبچێت، هاوكات دۆناڵد ترەمپیش ئاماژەی بۆ ئەوەكردبو، ئامادەیە
لەگەڵ عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران كۆببێتەوە.
دوای هەفتەیەك لە گەڕی دوەمی دانوستانی نێوان تاران و واشنتۆن لە رۆما، گەڕی
سێیەمی لە مەسقەتی پایتەختی عوممان ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەوەی كە شوێن دیارینەكراوە،
پێدەچێت گەڕی چوارەمی دانوستان لە ئەوروپا بەڕێوەبچێت.
30 جار خوێندراوەتەوە