دوای بەشداریكردنی (400) ئەندام، كۆنفرانسی نەتەوەیی
كورد لە قامیشلۆی رۆژئاوا كۆتایی بەكارەكانی هێنا و لە راگەیەندراوێكشیدا ئاماژەبۆ
ئەوەكراوە؛ پێویستە سیستەمی حكومڕانی لە سوریا لامەركەزی بێت.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ شەممە
(2025/4/26) بەئامادەبونی (400) ئەندام و ژمارەیەك لە میوانی لایەنە سیاسییەكانی
باكور و باشوری كوردستان، كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە قامیشلۆی
رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچو، لەدوای كۆتایی هاتنی كارەكانی لە راگەیەندراوێكدا
ئەنجامی كۆنفراسەكە خرایەڕو كە تیایدا هاتوە؛ پێویستە کورد وەک نەتەوە لە دەستوری
نوێی سوریادا جێگیربکرێت و زمانی كوردی بەفەرمی بناسێنرێت.
ئەوەشخراوەتەڕو، پێویستە سیستەمی حكومڕانی لە سوریای
نوێدا لامەركەزی دیموكراتی پەیڕەوبكرێت و پێكهاتەی كورد هاوبەش بێت لە ئیدارەدانی
سوریادا، پێویستە دیمەشق مافەكانی كورد و نەتەوەكانی دیكە مسۆگەر بكات.
بەلاغی كۆتایی كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد جەختی
كردوەتەوە، رۆڵی خانمان بەردەوام دەبێت و لە داهاتوشدا بەرفراوانتر دەبێت، بۆ
گفتۆگۆ كردنیش لەگەڵ دیمەشق، كۆنفرانسی نەتەوەیی كورد شاندێك پێك دەهێنێت.
140 جار خوێندراوەتەوە