ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی لەبارەی قەوارەی هەرێم و مەترسییەکانی
سەری چەند زانیارییەکی خستەڕو و ئاماژەشی بە چەند خاڵێك کرد کە دەکرێت دۆخی هەرێم
بەرەو باشتر بەرێت.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی لە وەڵامی
پرسیارێکی KNN لەبارەی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم و حکومڕانییەوە رایگەیاند: پلاسخارت زۆر
لەوە زیاتر دەزانێت و وڵاتانی نێوەدەوڵەتیش ئاگاداری دۆخی هەرێمن.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێك لە مەترسییەکان پشت تێ کردنی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتییە لە هەرێم بە نمونەش بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵییە کە کێ دەتوانێت
رێگەی لێبگرێت و بەغداد زیاتر لە جاران دەستکراوەترە.
دەشڵێت: ماڵمان لە شوشەیە، ئەڵێین بە دەستور کێشەکان چارەسەر دەکەین، بەڵام
لەوانەیە دەستوریش دژی ئێمە بێت، ئەبوایە زوتر و باشتر خۆمان ئامادە بکردایە.
وتیشی: دەسەڵاتدارانی هەرێم لە خەیاڵدا دەژین، وا دەزانن بە قسەی خۆشی چەند خەڵکێك کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەرێمە بەپێی دەستور دەمێنێتەوە و وەکو جاران
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لە هەرێم ناکات و پەیوەندییەکان وەکو جاران نامێنن،
مەگەر یەکێك بەرژەوەندییەکی هەبێت یان هەرێم لە خشتەبەرێت.
راشیگەیاند: پێویستە خۆمان چاک بکەین، چەند رۆژێکی دیکە هەڵبژاردنە، کە کێ
هەڵبژێرین و کێ بکەین بە حکومڕان، مەترسی جدییش لەسەر هەرێم هەیە، نازانم لەوانەشە
تۆپ و تەیارەشی تێکەوێت.
بڕیار نامیق- سلێمانی
562 جار خوێندراوەتەوە