پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت،
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم داواکاریە کارگێڕى و داراییەکانى سلێمانى و هەڵەبجەى
پەسەندکردوە و لەمساڵدا بە بەهاى (144) ملیار دینار پڕۆژەى خزمەتگوزارى لەسەرجەم
سێکتەرەکاندا لە سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ سێ شەممە (23/2/2021) سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیرانی دارایی و ئابووری و پلاندانان بە ڤیدیۆ
کۆنفرانس لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد،
پارێزگاری سلێمانیش ئاشکرای دەکات، ئەنجومەنى وەزیران داواکاریە کارگێڕى و داراییەکانى
سلێمانى و هەڵەبجەى پەسەندکردوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ى راگەیاند:
ئەمڕۆ لەگەڵ حکومەت کۆبوینەوە و گرنگی و پێویستی پڕۆژەکانمان بۆ رونکردنەوە و ئەوانیش
رەزامەندیاندا لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم پڕۆژەکان.
ئاشکرایکرد، ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی
لە ماوەی رابردوو ئامادەمان کردبوو گفتوگۆی لەسەرکرا و پەسەندکرا، بەشێک لەوانە ئەو
پڕۆژە (27) خاڵییە بوو کە پێشتر ئامادەمان کردبوو و بردبومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
پارێزگارى سلێمانى وتیشی: چەندین پڕۆژەى
خزمەتگوزارى لەسەرجەم سێکتەرەکاندا لە سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان
جێبەجێ دەکرێن و پڕۆژەکان هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە لە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگاوبان
و تەندروستی و پەروەردە، کە لە ساڵی (2021)دا جێبەجێ دەکرێن و بەهای سەرجەم پڕۆژەکانیش
(144) ملیار دینارە.
هاوکات ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە
راگەیەنراوی دوای کۆبونەوەکە باسی لەوەکردووە، ئەو سێکتەر و بوارانەی لەم راپۆرتانەدا
بۆ ساڵی (2021) پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی
دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکەن.
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەت:
ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و بەڕێزان وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی
ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە
تایبەت بە بوارە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی
و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا بە ڕونیی
و بە وردیی و دلسۆزانەو بەرپرسانە ڕاپۆرتی هاوبەشی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
و پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان و داواکارییە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی
و پەرەپێدانەکانی هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکان؛ گفتوگۆیان لەسەر کرا، بە
سوپاسەوە هەموو ئەو پێشنیازو داواکارییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا گەڵاڵەکرابوون؛
لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە
بەڕێزەکانەوە؛ پەسەندکران و بوون بەبڕیار.
ئەو سێکتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا
بۆ ساڵی ۲٠۲۱ پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە
زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری
هاووڵاتیان بکەن.
بڕیى پارەى تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان بەم شێوەیەى خوارەوەیە:
• پارێزگای سلێمانی :
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.
• پارێزگای هەڵەبجە :
30,000,000,000 سی ملیار دینار .
• پارێزگای هەولێر :
000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.
• پارێزگای دهۆک :
77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .
کۆی گشتی : 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار.
بڕیار نامیق پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى (KNN) بەشدارى کردوە لە ئامادەکردنى هەواڵەکەدا
754 جار خوێندراوەتەوە