نرخی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەکان دیاریکرا

01:51 - 28/09/2020
کوردستان

تەواوی گەراجەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل ناچار دەکرێن رۆژانی هەینی لە کارکردن بەردەوام بن و لەکاتی وەرگرتنی پارەی زیاتر روبەروی سزا دەبنەوە.


قائیمقامییەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،  سلێمانی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و لیژنەی هاتووچۆ لەگەڵ خاوەنی گەراجەکانی ناوشاری سلێمانی کۆبونەوە، بڕیاردرا رۆژانی هەینی هاوشێوەی رۆژانیتر گەراجەکان لە کارکردندا بن.

 

 

لەبارەی نرخی گەراجەکانەوە  لەشکر حەمید سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت تەئکیدیکردەوە کە بەپێی خزمەتگوزارییەکانیان کرێی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شۆفێران وەربگیرێت، بەجۆرێک ئەو گەراجانەی کە کۆنکرێت یان قیرتاوە لەگەڵ بوونی سەقف بۆماوەی شەش کاتژمێر تەنها (1500) دینارە  لەو کاتە زیاتر دەبێت بە دوو هێندە، ئەو گەراجانەی تەنها کۆنکرێت یان قیرتاوە بۆ شەش کاتژمێر (1250) دینار وەردەگیرێت، بۆ ئەو گەراجانەش کە زەوییەکەی گڵە و سەقفی نییە بۆ شەش کاتژمێر تەنها (1000) هەزار دینار وەردەگیرێت، هەرکاتێک خاوەنی گەراجێک لەو نرخە زیاتر وەربگرێت توشی سزای ماددی یان داخستن دەبێتەوە.

 

 

لە کۆبونەوەکەدا  رائید چالاک سەلڵاح سەرۆکی لیژنەی هاتووچۆ، ئاگاداری دا بە خاوەنی گەراجەکان بە هیچ جۆرێک ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەو شەقامەکان رانەگرن، لەکاتی سەرپێچیدا سزای ماددی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە و خاوەنی گەراجەکەش دەدرێت.

9542 جار خوێندراوەتەوە