برنج یەكێكە لەو خۆراكانەی كە بووەتە ژەمی سەرەكی هاوڵاتیانی كوردستان، ڕۆژانە لە خوانی ڕۆژانە بونی هەیە، لەمانگی ڕەمەزانیشدا بۆتە شای ژەمی بەربانگ، بەشێكی ڕۆژوەوانان لە پارشێویشدا دەیخۆن و بۆ ڕۆژوەكەیان پشتی پێدەبەستن.
ئەو خۆراكە لە ئاو و پرۆتین و نیشاستە و كەمێك چەوری ڕووەكی پێكهاتووە، دەوڵەمەندە بە خوێ كانزاییەكانی وەك كالسیۆم و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و مەنگەنیز و كبریت و یۆد و فسفۆڕ، لەگەڵ بونی ڤیتامینەكانی ئەی و بی و ئی.
خواردنی برنج لە مانگی ڕەمەزاندا سودێكی زۆری بۆ لەشی ڕۆژوەوان هەیە و وزە و توانایەكی زۆری پێدەبەخشێ،هەروەها كارەكانی گەدە چالاك دەكات و یارمەتی كرداری هەرس كردن دەدات ، ئەمە جگە لەوەی بەبەراورد بە بەشێك لەو خۆراكانەی كە ڕۆژانە دەخورێن خۆراكێك سوكە بۆ ژەمی بەربانگ، بەڵام بەو مەرجەی بە بڕی زۆر نەخورێت و بەشێوەیەكی تەندروست و كەم چەوری ئامادە كرابێت.
سەبارەت بە خواردنی لە پارشێودا، پسپۆڕانی تەندروستی پێیان باشترە لەو ژەمەدا نەخورێت، چونكە خواردنێكی قورسە بۆ ئەو ژەمە و كەسی ڕۆژوەوان بەدوایدا دەخەوێت، هەروەها خواردنی لەو كاتەدا هیچ سودێكی نابێت.
برنج كۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەكات و خانەكانی لەش نوێدەكاتەوە و یارمەتی گەشەی خانەكان دەدات و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیەكانی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگرە لە بەرزبونەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆلی خوێن.
پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن دەتوانرێت سود لە ئاوای برنج وەربگیرێت ئەویش بە كوڵاندنی بۆ چەند خولەكێك و پاشان خواردنەوەی ئاوەكەی.
ئاوی ئەو دانەوێڵەیە سودێكی زۆری بۆ گەدە و ڕیخۆڵە هەیە و چارەسەری سكچوون دەكات، هەروەها سودی بۆ ئەو كەسانە هەیە كە بە دەست كێشەكانی گورچیلە و میزەڕۆوە دەناڵێنن ئەمە جگە لەوەی چارەسەری زۆرینەی هەوكردنی ئەندامەكانی لەش دەكات.
ئاوی برنج سودی بۆ پێست هەیە و جوانتر دەریدەخات، بەجۆرێك نەرم و شێداری دەكات ئەمە جگە لەوەی ئەگەری زوو دەركەوتنی نیشانەكانی پیری دوادەخات.
ئەو كەسانەی نەخۆشی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە، دەتوانن بە خواردنەوەی ئاوی برنج فشاری خوێنیان دابەزێنن، بەمەش ئەگەری توشبونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشك كەمدەبێتەوە.
لەگەڵ ئەو سودانەشدا زۆر خواردنی برنج رزیانی تەندروستی دەبێت، بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی ئەمریكی زۆر خواردنی ئەگەرەكانی توشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە ڕێژەی %27 زیاد دەكات، ئەوەش وایكردووە نەخۆشی شەكرە لە قارەی ئاسیادا زۆر بڵاوبێت، چونكە زۆرینەی دانیشتوانی ژەمی سەرەكییان لە برنج پێكهاتووە.
هەروەها ئەو كەسانەی كێشان زۆرە، باشترە لە زۆر خواردنی برنج دووربكەونەوە، چونكە هۆكارێكە بۆ زیاد بونی كێش و دروست بونی ورگ.
905 جار خوێندراوەتەوە