دانیشتوویەکی ئەو شارەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای تێدا دەرکەوت دۆخی ژیانیان دەگێڕێتەوە

05:17 - 28/01/2020
کوردستان

دانیشتوویەکی شاری وهانی چین کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە داخراوە، دۆخی ژیانی خەڵکەکەی دەگێڕێتەوە و باس لە دوایین گۆڕانکارییەکان دەکات.

بورجو ئۆنەر مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە شاری وهان، لە رێگەی ڤیدیۆوە بارودۆخی شارەکەی بۆ تەلەفیزیۆنی ئێن تی ڤی تورکیا گێڕایەوە.

ئۆنەر لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، "ماوەی پێنج رۆژە، لە ماڵەکەم نەچوومەتە دەرەوە و بیر لە چوونە دەرەوەش ناکەمەوە. بۆ نەهاتنەوە ژووورەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناش بۆ ماڵەکەم، سەرجەم پەنجەرەکانی ماڵەکەم بە پلاستیک گرتووە و نایانکەمەوە."

باس لەوەش دەکات، "دانیشتوانی شارەکە کاتێک پەنجەرەی باڵکۆنەکان دەکەنەوە، ماسک دەبەستن."

سەبارەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ ماڵەکان، بورجو وتی، "حکومەت چەند مارکێتێکی دیاریکراوی کردوووەتەوە، تاکو خەڵک بچن و پێداویستییەکانیان بکڕن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."

سەبارەت بە ترسی دانیشتوانی شارەکە روونیکردەوە، کاتێک کەسێک دەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی، دەزانێت ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، چونکە نازانرێت توشبوان کێن و ئەگەر نزیکی تووشبوویەک بکەویتەوە، ئەگەری تووشبوونت زۆر بەرزە، لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکە ماوەی ١٤ رۆژ لە کەسی تووشبوودا دەمێنێتەوە."

لەبارەی هاتوچۆی شارەکەشەوە مامۆستاکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم رێگا و پردەکانی شارەکە داخراون و هاتوچۆ لە شوێنێکی شارەکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ئەستەمە."

سەبارەت بەو کەسانەی دەیانەوێت بچنە شارەکەوە یان بەجێیبهێڵن بورجو وتی، رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت شارەکە بەجیبهێڵێت، بە مەرجێکیش مۆڵەت بە کەسێک دەدرێت بچێتە شارەکە، تەندروستی باش بێت و پێشی دەوترێت ناتوانێت جارێکی دیکە شارەکە بەجیبهێڵێت و دەبێت تێیدا بمێنێتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و گەیشتووە بە چەند وڵاتێکی دیکەش. تاکو ئێستا ١٠٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی پێنج هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چارەسەریان بۆ دەکرێت.

بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە و گۆشەگیر بکرێت، ماوەی چەند رۆژێکە شاری وهان بەڕووی دونیای دەرەوەدا داخراوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستاش  ئاژانسی هه‌واڵی شینخوای چینی بڵاویكرده‌وه‌، ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ رێگا‌ی وه‌رگرتنی چه‌ند نموونەیەک له‌ بازاڕێکی شاری "هوانان" بۆ خواردنه‌ ده‌ریاییه‌كان دۆزراوەتەوە‌. گومانیش دەکرێت ڤایرۆسەکە لەڕێگەی مار و شەمشەمەکوێرەوە گوسترابێتەوە.

5753 جار خوێندراوەتەوە