خانەقین؛ گوندنشینان لەسەر بانی ماڵەكانیان قولەی ئێشكگرییان دروست كردوە
داعش لەنێوان خانەقین و كەلار و جەلەولا كەوتۆتە جموجۆڵ
KNNبۆ یەكەمجار دەچێتە ئەو ناوچانەی خانەقین و جەلەولا كە داعش رۆژانە هەڵدەكوتێتە سەر گوندنشینان و كارگەكان و هێزە ئەمنیەكان، لەم ناوچانە گوندنشینەكان بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان شەو تا بەیانی ئێشكگرن.
گوندنشینەكان دەڵێن، هێزە عێراقیەكان تەنیا لە بنكەكانیاندا دەسەڵاتیان هەیە و لەدوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە كە پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە، هیچ كات هەستیان بە ئارامی نەكردوە.
ئەمانە ئەو بارهەڵگرانەن كە چەكدارانی داعش سوتاندنی، ئەمەش ئەو كارگەی چەو و لمەیە كە داعش لە گوندێكی نێوان جەلەولا و خانەقین تەقاندییەوە و سوتاندی، وەك چۆن هێشتا دوكەڵ لەشوێن دەستی داعش لەم كارگەیە هەڵدەستێت، وادیارە هێشتا تارمایی رێكخراوەكە لە عێراقدا بەتایبەت لەو شوێنانەی ناوچەی دەسەڵاتیان بوە، ماوە.
ئەم ناوچەیە كە ئێستا بۆتە شوێنی چالاكی داعش، بەدوری 37 كیلۆمەتر قەزای كەلار دەكەوێتە باكوریەوە و 21 كیلۆمەتر قەزای خانەقین لە رۆژهەڵاتیەوەیەتی و جەلەولاش بەدوری 16 كیلۆمەتر لە باشوریەوەیە.
ئەم ناوچانە پێش 16 ی ئۆكتۆبەر بەدەست هێزی پێشمەرگەی كورستانەوە بون، بەڵام ئێستا لەژێر دەستی هێزەكانی حكومەتی فیدراڵیدایە.
ئەم پیاوە چەك بەدەستە، دوای 37 ساڵ كاتێك پێشمەرگە لێرەبوو گەراوەتەوە سەر زێدی باو و باپیرانی، بەڵام ئێستا پەشیمانە.
دانیشتوانی ئەم گوندانە هیچ بڕوایان بە هێزەكانی عێراق نیە بیانپارێزێت، وەك خۆیان دەڵێن، لەسەر بانی ماڵەكانیان شوێنی ئێشكگرتنیان دروست كردوە و لە پاش نیوەرۆوە تاوەكو بەرەبەیانی لە ئێشكگرتندان.
" كاتێك پێشمەرگە و ئاسایش لێرە بو مەلیك بوین" ئەمەش قسەی ئەم پیاوەیە بەتەمەنەیە، بەڵام ئێستا ژیانیان لە مەترسیدایە.
بەوتەی خەڵكی ئەم گوندانە، هێزە عێراقیەكان دەسەڵاتیان تەنیا لەسەر رێگاكەیە و بەهیچ شێوەیەك پارێزگاری لە خەڵك و گوندنشینەكان ناكەن، كاتێك بەم شوێنەدا تپەڕدەبیت، هێندەی ئاڵای گروپە شیعیەكان دەبینیت ئەوەندە ئاڵای عێراق و هێزی عێراقیت بەرچاو ناكەوێت.
رۆژی 10 ی مانگی رابردوو، حكومەتی عێراق ساڵیادی سەركەوتنی پاككردنەوەی خاكی عێراقی لەدەستی داعش كردەوە، بەڵام پێدەچێت ئەوە تەنیا شتێكی رەمزی بێت هێشتا داعش بە ژمارە و بە چالاكیش ئامادەیی هەیە.
3070 جار خوێندراوەتەوە