ئەمریکا باشترە یاساکە بگۆڕێ و تەقە نەکات


کاتێک سوپاکانی حەشدی شەعبی زیاترە لە سوپای نیزامی و دەوڵەت، دەی ئەوە بە یاساکراوەو بەپێی قانونی وەزیفی وەزارەتی دارایی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەپێی زانیاری ورد زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سوپای میلیشیایی حەشد هەیەو مەترسین لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی، ئەمریکا دەیەوێت بەو نقورچگرتن و زەبرە وردانە چی چارەسەر بکات کە خۆیان داهێنەری جەنگی نەریتی و کلاسیکیانەی تفەنگ و باروتن.

سوپای مەهدی و سەرایا سەلام لەژێر کۆنترۆڵی موقتەدا سەدردا بوو ساڵەهای ساڵ ئەمریکیەکانیان تۆقاندو ئینجا بوون بەهێزی سەرەکی و جەماوەریان زیادی کرد، حەشدی شەعبی کە ئێستا لای چوارچێوەی هەماهەنگییەو مالیکی و عامیری و خەزعەلی سەرۆکاریان دەکەن بەتەمان بەو شەڕە دەرونییە سەربازییە زیاد بکەن و ئەمریکا جڵەویان بۆ شل بکات و کۆنترۆڵی عێراق بدەنە دەستیان.

ئەمریکا دەبێت واز لە موجامەلەی هێزە کۆنزێرڤاتیڤ و مەزهەبیەکان بهێنێت و پشتگیری هێزە مەدەنیەکان بکات کە ئێستا کەمینەن بە کوردو بەشێک لە سوننە ڕادیکاڵەکانەوە.

یانی ئەمریکا نازانێت سوپای میلیشیایی عەسائیبی ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلیی بەڕێوەی دەبات و خەریکی چین. 

یانی نازانێت میلیشیاکانی بزوتنەوەی نوجەباو سەربازەکانی مەرجەعیەت، سەربە شێخ ئەکرەم کەعبیەو لەدەرەوەی عێراقەوە هاتوون. 

هێزی بەدر، ئایەتوڵا محمد باقر حەکیم دروستی کرد ئێستا لای هادی عامیرییەو دیسان هەڕەشەن لەسەر سەقامگیری عێراق.

حەشدی شەعبی زیاتر لە ٧٠ فیرقەی میلیشیایی شیعییە و دەوڵەتی قووڵ سەرپەرشتی دەکات و بەیاسای فەرمی و  پەڕلەمانی و بودجەی خەیاڵی و نەرمونیانی ئەمریکا دروست بوون و، عێراق بەڕێوە دەبەن.

ئیتر بابوەستێ میلیشیاکانی سەرایای خۆراسانی سەربە عەلی یاسرییە، حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو سەید شوهەداو ڕۆژی دوایی و زولفەقارو عاشوراو دەیان گروپ و فیرقەی سەربازی تری ئەو کامپە هەر بۆ هەڕەشە دروست بوون لەعێراق یاساو سیستم نەبێ و یاسای چەک بەرقەرار بێ، ئەوە دیسپلین و عەقڵییەتی عەرەبییە کەچی ئەمریکاش دێت هەر چەک بەکاردێنێ و ئەوانیش هەر کەیفخۆشن بەو دۆخە چونکە خۆیان خاوەنی ئەو بیرۆکەیەن و ئەزمونیان کردوە.

ئەمریکا دەبێت یاسای چەک و توندوتیژی و باروت بگۆڕێ بەیاسایەک کە میلیشیاکان نەیانبێ و حەزی پێنەکەن.

95 جار خوێندراوەتەوە