عێراق بەهای بانک و بەهای سیاسی !

لێدان لە سەقامگیریی و بەهای دینار لە عێراقدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکەمین گورزی سیاسی و ئابوری بوو، بۆ کابینەکەی محمد شیاع سودانی و ڕەنگە بەرەو قەیرانی سەختی هەڵایسان و تونێلی داخراوی بەرێت ئەگەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە.

سەرەتای ئەم دۆخە، ڕەهەندی مێژوویی قوڵی چەند کابینەیەکی گەندەڵە، بەتایبەت فشارو یاساکان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و تەنگ پێ هەڵچنینیان بە چوونە دەرەوە، لەکاتێکدا کۆڵەگەی سەقامگیری دراوی عێراقی بەشە سەرەکیەکەی پەیوەستە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناردنی پارەی کاشی دۆلار و دابینکردنی سیولەی بانکیی، واتە پاڵپشتی هەندێک ناوەندو ڕێکخراوو بانکی دەرەوەیە کە عێراقی هێشیۆتەوە بەتایبەتی ؛

* بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دابینکەری پارەی کڕینی قەواڵە داراییەکان لەگەڵ عێراق کە بڕەکەی ٣٨ ملیارد دۆلارە جگە لە پارەی فرۆشی نەوتیی کە هەر ئەمریکا لێی بەرپرسە.

* ڕێکخراوی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی، ئێف دی ئای، بێگومان پاڵپشتیەکانی ئەم ناوەندە بۆ بانکی ناوەندی عێراق و کڕین و بازرگانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، پشکدارییەکی دارایی نێودەوڵەتیە بۆ تێکەڵبوونی عێراق بە جیهانەوە. Foreign Direct Investment (FDI)

* بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی SDR کە ناوەندێکی فەرمییە لە ساڵی ١٩٦٩ وە دروست بووە و سەرمایەو پاشەکەوت و یەدەگی پارەی نێودەوڵەتی تێدایەو عێراقیش لەو پارە یەدەگەی خۆی، دەیان ملیاردی لەم سندوقەدایە وەک یەدەگی پارەی نیشتیمانی و سەنەدات و زەمانات و هاوکاریەکان و ئەوەش دیسان ناکرێ نادیدە بگیرێت.  

بەڵام ئەوەی کێشەی دابەزینی بەهای دیناری تۆخ کردەوەو کردیە فشار بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، ئەجێندای تاریک و تەڵخی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق بوو بۆ تاران و بۆلای ڕەهبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەکۆتایی مانگی یازدەی ڕابردوودا 29/11/2022 و وەرگرتنی چەند دۆسیەو ڕاسپاردەیەکی ئەمنی و سەربازی و پاکتاوکردنی نەیارانی سیاسی و بەرهەڵستکاری کورد دژی ئێران.

بەهیچ جۆرێک ئەو جوڵەی ئەسپە پەسەند نەبوو لای ئەمریکیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە هەرزوو کەوتنە ئابڵوقەدانان و ڕاگرتنی هەناردەی پارەی کاش و خەرجی و فرۆشی نەوتیی و سزادانی هەندێک بانکی گوماناوی عێراق و تۆمەتبارکردنیان بە سپیکردنەوەی پارەو ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ  دەرەوەی عێراق و بەدیاریکراوی بۆ ئێران لەکاتێکدا کۆنترۆڵکردن و سەقامگیری ئەمنی و سەربازی هەر وڵاتێک پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو یەکەمجار بە ڕێڕەوەکانی کۆنترۆڵکردنی سەقامگیری دراودا دەڕوات، دراوت جێگیربوو یاساو ئاسایش و سوپات جێگیر دەبێت.

بۆیە عێراق دەبێت سەرلەنوێ دامەزراوەکانی فۆڕمەڵە بکاتەوە بە تایبەت سیستمی بانکی و خۆی لە پاشاگەردانی و بەهەدەردانی سامان و مافیاگەری نەوت و بازاڕو ئۆلیگاریشی مالی و دزیی مونەززەم قوتار بکات و هێندە شانازی بە یەدەگی پارەکانیەوە نەکات کە کۆدەکەی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە. ئەوەی بەهای دراوی عێراق دەپارێزێت ئاسایش و ئازادی و سەقامگیری سیاسیی و بەدامەزراوەییکردنی کۆی جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتە نەک ئەجێندای ناڕوون و ناشەفاف.


ئایا ئەزانن ڕایتینگ Rating تەقیمی بانکی عێراقی لە کوێدایە؟

عێراق بەو هەموو کەرەستە نەوتی و پارەو سامان و یەدەگە نەوتییەی خۆی و بە حساب ٩٦ ملیارد دۆلاری یەدەگی هەیە کە بەشێکی سەنەداتە لای ئەمریکاو خەزێنەی فیدراڵی و بەشێکی زێڕەو ئەوی تری لە بانکی دراوی نێودەوڵەتیە. کەچی ڕایتینگی بانکیەکەی لە خراپترین دۆخدایە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی  ئاژانسەکانی ( ئێس پی و فیچ و مۆدیس) کەوتۆتە دۆخی نەگەتیڤی -B،  بە ژمارەی ٢٣ لە ١٠٠، نزیک بە وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا، وڵاتی دیکە هەیە ڕایتینگی سێ AAA هەیە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نورویج و سوید، واتە لە ڕیزبەندی ژمارە٩٠ بۆ  ١٠٠ دانراون،

بۆیە دینارو دراوەکەی تابێت بێ بەها دەبێت ئەگەر بانکەکانی لەو دۆخە پاسیڤەدا بمێنێتەوەو بەدامەزراوە نەکرێت و چیتر نەبێتە ناوەندی گەمەی لۆکاڵی ئاڵوگۆڕی دراوو سەفەقات بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەقتابگەلی شیعی و حەشدو دەوڵەتانی دراوسێ، دەبێ هەم بەهای بانکی و هەم بەهای سیاسی بۆ بگەڕێتەوە ئینجا سەقامگیریی دراوەکەی بۆ دروست دەبێت.

218 جار خوێندراوەتەوە