کەڵکەڵە و شەیداییەک
هەیە بۆ دەرکەوتن و ناوبانگی سیاسی تا ئاستی سەرلێشێوان و خۆ ونکردن، نواندن و قۆڵبادان
و هێزو بازو دەرخستن، بێمانا وەک دیاردەیەکی دورونی زیادی کردوە، هەمووشی بەخاتری
چێژ و غەریزەی مادیات و دنیای سەرمایەداریی و کاپیتاڵیزم و ئەو فۆڕمەیە لە حیزبایەتی
تەقلیدیی.
راستە تەکنەلۆژیای
مایکرۆسۆفت، ئەپڵ، تۆڕو ئاپەکانی سۆشیاڵ میدیا نەبوایە بەو سنورە مرۆڤ یەکتری نەدەناسی،
بەڵام ئەو ناسینە بۆتە جۆرێک لە خۆدەرخستن و نمایش و وەهم، ئەوە ناسینی کۆمەڵایەتی
کوردەواریانە نییە، ناسینی دەروێش نییە بۆ تەکیەو خانەقا، یان موریدو مەنسوب بۆ تەریقەت
و شێخەکەی، کادر بۆ حیزب و سەرۆکەکەی، ناسینی ڕاستیی و فاکت نییە ناسینی مارانەو فەیکە،
ناسینە بۆ کۆکردنەوەی ئیمتیازو سەرمایە، بۆ سەرسامی و سەرنج و ڕاگوزەریانەی فەیسبوکە
بۆ مەبەستێک، سەرنج بدەن؛
هەزاران کۆمێنت
و لایکت بۆ دەکات و لە بازاڕو چاخانەکان ناتناسێت.
هەزار جنێوی سوکی
پێداوی لە پۆست و کۆمێنت و کەچی بە پێوە وەستاوە لە پرسەکەت بۆت دەگری.
هەزار لایکت دەکات
و لە پرۆسەکەش دەنگت پێ نادات.
نوێژی سیاسی و جیهادی
نمایشیانەو ڕیاکارانە دەکات و لە هەڵبژاردن دەنگەکەی دەبەخشێتە ئەویتر.
شەوەکەی تەوقەی
گەرمەو بە ڕۆژا لە کۆنگرە ناتناسێت.
ئەو تۆ ڕو ئەپانە
زیاتر هاندەرە بۆ مرۆڤیی دوانەیی و ئیزدیواجی، بۆ دەرکەوتن و نواندنی ساختە، بەجۆرێک
هەزاران کەناڵ و ڕێگە و دەرفەتی خۆجوانکردن و فیلتەرکردن و پاڵەوانسازیی ئەخاتە بەردەم
مرۆڤ بۆ ئەوەی دەربکەوێ و خۆی هەڕاج بکات، یان خاڵی بێتەوە لە خۆی و دیوە مەعریفیەکەی
نەبینرێت. ئینجا تەکنەلۆژیا خۆی هاندەرە و فریوت ئەدات و ئەتکوژێت، واتلێدەکات تۆ خۆت
بە گەورە ببینیت، بەرزتر لەو، جوانتر لەو، ئازاتر لەو، داهێنەرتر لەو بەڵام دواتر
بۆت ڕوون دەبێتەوە لە نزماییەکەدایت و لەناو کەندەڵانەکە گیرت خواردوە، تۆ کە ڕێکخستنی
ناوماڵ و مۆبایلەکەت پێ ناکرێ چۆن داوای سەرکردایەتی حیزبێک دەکەیت؟
ئەو هەموو دەرکەوتنەی
مرۆڤی ئەم سەردەمە بۆ بوونە ئایکۆن و بۆ وەرگرتنی پۆست و سەرکردایەتیکردن، یان پەپڵیک
فیگەر و یوتوبەر و ناوبانگ پەیداکردن، مانایەکی هەیە ئەویش ئەوەیە تۆ هێشتا دیارنیت
و دەرنەکەوتوویت، خەسڵەتی سەرکردایەتیت نییە، دیار نیت چۆنی و بەرهەمت چییە بۆ ئێستا،
پشتەوەی وێنەکەت تەڵخە، سەردەم کە سەردەمی وێنەی خێرا و خواردنی خێرایە، سەرکردە و
کەسایەتی سۆشیاڵمیدیای خێراش بەرهەم هات، وێنەی خێرا و دەستکاری خێرا و باکگراوند و فیلتەری
خێرا، گەشتە نەشتەرگەری خێرا بۆ چاندنی قژ و کیفی ددان و جوانکاری لێ وو چەناگەی دەستکرد و
پێڵ وو عەدەسەی چاوو گەدەبڕین هەر بۆ دەرکەوتن، ئیتر ژیان ئەو مانا قوڵەی نییە بۆ
مرۆڤ و وێنەکانی، وێنەی جاران لە ڕۆنیۆ و چاپی سەرەتایی و ڕۆژنامەیەکدا هەبوو، ئێستا
چرکاندنی وێنەکە بەدەست خۆتە، بەڵام بە دەیان ئیدیت و فیلتەرو دەستکاریی، وێنە حەقیقیەکە
دەشێوێنی و بەدەستی خۆت دەیشاریتەوە کەواتە خۆتت دەرنەخست! سەرکردەی جارانیش دیار
بوو چین و چۆن دەرکەوتن ، خەسڵەتی هەبوو بەرپرسیارێتی قورس و بڕوا و ئیمانی هەبوو،
ئێستا جۆرێکی ترە لە نمایشی میدیایی و پەیج و باخ و مەزرەعە و پۆلە حیمایە !
چونکە ئەوەی تۆ
پیشانت داوین فیگەری ڕۆحی و مەعنەوی خۆت نییە، فیگەری ئامادەی ئینسانی دروستکراوە
لە ڕەنگ و فیلتەر و میکیاژی ئاپەکانی مۆبایلدا هەیە و حازرە، ڕێک ئەوکاتەی تۆ وێنەی
خۆت جوان دەکەیت و بڵاوی دەکەیتەوە ئەوە ئەوکاتەیە کە تۆ خۆت دەرناخەیت و خۆت شاردۆتەوە و
وائەزانی ئەو وێنە وەهمییە خۆتی، وێنەدانان ئێستا هونەر نییە، کاملەن وەهمی وێنەسازییە،
ئەسڵەن دانەنانی وێنە هونەرە، ئەو کاراکتەر و سیاسیەی وێنەی نییە و فەیسبووک و ئینستا و
چەنەڵی یوتوب و پەیجی نیە خاوەن قودرەت و ئەفسانەی زیاترە، ئەو هێزە لە سیاسەت و
حوکمڕانیشدا وایە، دیبلۆماسیەت کەمێکی کەمی هێزەکەیە، پەنهان و شەبەح و دیوە شاراوە و
نادیارەکانی پاوەر و خودی سەنتەرەکەیە.
#مەحوی دەڵێت ؛
بۆیە زوڵمەت پۆشە،
نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ
سەیری حەققی کەن
لە سەر ئەم ماهـ و ئەستێرانە شەو.
ئەو تەکنەلۆژیایە
کاراکتەری وای دروست کردوە، بۆشە بەتاڵە، بێ ڕەونەق و ڕوانگە و بیرە، دژی نوری ئەهلی
جەوهەرە و دۆستی ئەهلی تەریق و خۆدەرخستنە.
ئەساڵەتی مرۆڤیش وایە نورو ئیشراق لە باتینی مرۆڤ و زیهنیەتە قوڵەکەی
لە پەنهانەکەیدایە، نەک پەرستش و کرداری ئاشکراو ڕیابازیی. سروشتی مرۆڤ وایە حەزی
لە گەڕانەوەیە بۆ کلاسیک و گەوھەری خۆی و بیرکردنەوە لە شتە کۆن و نۆستالیژی و تۆزاویەکانی
رابردوو، گەوھەری مرۆڤیش ھەمیشە لە ناو حیکایەتەکانی رابردویدایە نەک ئێستا، ھەزاران
وێنەی بێ ڕۆحی ناو مۆبایلەکەت، کۆنترینیان جوانترینیانە.
وێنەی کۆن وەک
کاراکتەر و مێشکی کۆن دەتباتەوە بۆ رابردویەکی جوان و خەون و فەنتازیای نوێت پێ دەبەخشێت،
وێنەی نوێ بێ چیرۆک و بێ پاڵەوانەو یەکەمجار کە سەیرت کرد نایکەیتەوە بە دوو، چونکە
وێنەی نوێ بەشێک نییە لە رۆحی تۆ، زادەی تەکنەلۆژیا و ئیفێکت و مایکەپی ناسروشتییە
بۆیە زەحمەت ئەرشیف دەکرێ و ھەست دەکەیت ئەوە خۆت نیت، بەشێک لە شەوچەرەی جاران لە
ماڵەکاندا ھەڵدانەوە و سەیرکردنی وێنەی ناو ئەلبومە کۆنەکان بوو ئێستا ئەم شەوچەرە و
رامانە لە وێنە و جودی نییە، بۆیە ماڵەکانیش بێ ڕۆحن، یانی تۆ هەر لەبەر ئەوەی گەنجیت
و پارەو پۆستێکت هەیە ئیتر دەتوانی سەرکردەش
بیت، لیدەر و داهێنەرو ببڕو بکوژ خۆت بیت، پاڵەوانی شاشە و مەکتەب سیاسی بیت، ئەوە ئیتر
دەردە، دەردی دەرونیی و حساباتێکی هەڵە.
تۆ نمایشی هەرزانی
خۆت بکەیت یانی بەحساب هەیت لەناو قەرەباڵخیەکە، هیچ نییە، ئەوە کورتمەو دایە و کەف
و کوڵی گەنجی و سەرکێشی حیزبیە، لەسیاسەتیشدا وێنە و خۆنیشاندانی خۆت و دەرکەوتن و
خۆکاندیدکرنت وەک پاڵەوان بۆ ڕیزبەندی ناوت لە لیستەکەدا ناتکاتە قائید و ئایکۆن، بەڵکو
ئەتخاتە پشت کەنوەکەوە، مافی سەرکردەکانی تر دەخۆیت، رەشاییت بۆ سپیاییە جوانەکان،
ئەو جۆرە لە مامەڵە خودی هێز نییە، تۆ لە مۆبایلدا هەیت نەک واقیع، لە جێگایەک سەنگینیت
نەک هەموو جێگاکان، ئیتر با یەک ملیۆن ڤیو و لایکت هەبێ بە هەزار وێنەوە با پەڕلەمانتا رو
موزیع و وەزیر بیت، هێشتا تۆ لە حاشیەی هێزەکەدایت، بێکاریگەریت، کەواتە لە جێگای
خۆدا مانەوە و قاڵبوون عەیبە نییە هێزە، پەلەقاژەکردن و تەماحکاریی عەیبە و گرفتە،
کاراکتەری نەبینراوی شەبەحی بێ وێنەو بێ فەیس و خاکی و، بێ نمایش و ڕەتوش، دەرنەکەوتوو،
خاوەنهێزی رەسەنی کاریزمین، بەتایبەت لە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیدا.کورد لەو جۆرە
کاراکتەرو کاریزمایەی دەبێ هەبێت، بێدەنگ و بەسەنگ و نەبینراوی خاکی و کاریگەر.
335 جار خوێندراوەتەوە