*
لە کابینەی نوێى حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوودا هەرگیز ناچنە ناو ماددە وشکە یاساییە
دەستورییەکان و دیدی شۆڤێنیستی راسیزم و مەزهەبیی و ئەو وردەکاریانەی کێ وەزیرەو کێ
گزیرەو کێ پشتگیری کردو مانگانەکەی چەندە، باس باسی ئەجێندای سەروەری تاکە.
*
دیقەت بدەن لەو عێراقە، دوای ساڵێک هەڵبژاردن هێشتا بەتەواوی کابینەیەکی ٢٤ وەزیریی،
کە ئەجێنداکەی ڕوون نییەو تائیفیەت زاڵە بەسەریدا متمانەی پەرلەمانیی بەدەست نەهێناوە؟
خۆ ئەگەر متمانەشی بەدەست هێنا وەی بەحاڵی سەرۆک وەزیران کە چۆن دەیخەنە ژێر جەبریی
یاسای میلیشیایی و هەڕەشەو قاڵبە مەزهەبیەکان و بەرژەوەندییە لابەلاکان و چاوپۆشییەکان!
*
لە وڵاتانی تردا سەرۆک ئیشی خۆی هەیەو پابەندە بە بنەماو بەهاو کەلتوری سیاسی حوکمڕانییەوە،
لە عێراق پابەندە بە میزاجی کەسایەتییەکان و بەرژەوەندیەکانیانەوە، کورت بۆتەوە لەوەی
سەرۆک ئیشی چیی بوو کاتی خۆی و ئێستا چەند جێگری هەیەو چەند پابەندە بە یاساکان
و چەندە گەندەڵی ئەکاو نایکات و موچەو ئیمتیازاتی
چەندەو دەبێت بەیعەت تازە بکاتەوە بۆ دوسێ مەرجەعیەت و چەند سەرۆکێک کوتلەیەکی پەڕلەمانیی
و هەندێک سەرۆک خێڵ و گروپگەلیی میلیشیایی.
*
ئەوان ناپرسن سەرۆک یان وەزیر سەربەکام تائیفەو خێڵ و ڕەگەزەو چەند لیواو سەرایاو
فیرقەی خۆی هەیە! ئەپرسن چیی دەکات بۆ گەنج و تاک و کۆمەڵگا ؟ واقیعییە یان تەکنۆکرات
و کاردەکەن لەسەر دابینکردن و زامنکردنی ژیاندۆستی و فەزیلەتی تاک و شکۆمەندی و خۆشگوزەرانی
هاوڵاتی، بەتایبەت چی گرنگەو جێبەجێ بکرێت بۆ ئەمڕۆو سبەی.
*
لە وڵاتانی پێشکەوتوو کابینەی حکومیی چەندە سیاسییە دوو هێندە کابینەی خەڵک و هاوڵاتییە،
کابینەی شارەوانییەکانە، وەزارەتخانەی پیشەگەرەکانە، سورپێست و ڕەشپێست بوونی نەماوە،
فەرمانگەکان هی فەلاح و جزمە لەپێکان و فیتەرو شۆفێرو کاسب و وەرزێرو دوکاندارو هەژارەکان
و دەستڕەنگین و کشتوکاڵسازەکانە. بیر لەو شتە دەکەنەوە کە پێداویستییە بۆ خەڵکی وەک
دارشەق و پاسکیل و جادە بۆ پێداویستی تایبەت و هەوای پاک، نەک پێداویستیی بۆ خۆیان
و وەزیرە دەستەبژێرەکان.
بەکورتی ئەوان بۆ
ئێستا بیر لە دوو کۆڵەگەو هەناسەدانی تەندروست دەکەنەوە بۆ هاوڵاتیەکانیان ؛
»
یەکەمیان ژینگەیی و جەستەییە، کە هەناسەدانی پاکە بۆ ژیان و ژینگەو سییەکانیان بە
کەمکردنەوەی سوتەمەنی و دوکەڵ و کارخانەی کۆن و چاندنی ملیۆنان درەخت و لەناوبردنی
زبڵ و ڕیسایکلین کە بەڕاستی پاکڕەهەندییەکی هۆشیارانەیە ئێستا بانکەکانی یەکێتی ئەوروپا
بە تۆپزیی سەپۆرتی ئەم کەرتە دەکات.
»
دوەمیان هەناسەدانی ئابوریی و پاراستنی گیرفانەکانیانە لە باج و خەرجی زۆرو بەهەدەردانی
بێمانا، بۆنمونە ئۆتۆمبیلی تێسلای کارەبایی و ترام و پاسکیلی شەحنی بۆ هاتووچۆو گەشتەکان
دابین کردوە کە بۆتە شۆڕشی جادە، پیشەسازیی ڕۆن و بستۆن و سوتەمەنی و کاربۆن بەرەو
کۆتایی دەڕوات و وزەی جێگرەوە دابینکراوە بۆیان لەگەڵ بیمەی بێکاریی و زامنکردنی تەندروستی
و خوێندن و زەمالە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
171 جار خوێندراوەتەوە