"پڵنگەکەی زەورا" دوای نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز کۆتایی بە ژیانی هات

KNN : Kurdish News Network
06:09 - 05/04/2026
عێراق
+
-

ئیدارەی باخچەی ئاژەڵانی زەورا لە شاری بەغدا، بە فەرمی هەواڵی مرداربونەوەی ئەو پڵنگە سیبیرییەی ڕاگەیاند کە ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ڕووداوی هێرشکردنە سەر گەنجێک بەناوی (عەلی خالید) ەوە ببووە جێی سەرنجی میدیاکان.

 

هەواڵ: KNN


لە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەدا، کارگێڕی باخچەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پڵنگە سیبیرییەکە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، خراوەتە ژێر نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و ورد کە چەند کاتژمێرێکی خایاندووە. تیمێکی پسپۆڕی پزیشکی ڤێتێرنەری بە بەکارهێنانی ئامێری مۆدێرن کە تایبەت بۆ ڕزگارکردنی ئەم ئاژەڵە دابین کرابوون، سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کردووە.

 

هەرچەندە نەشتەرگەرییەکە لە ڕووی جراحییەوە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتبوو، بەڵام ئیدارەی باخچەکە ڕایگەیاند: "بەداخەوە پڵنگەکە لە کاتی بەئاگاهاتنەوە لەژێر کاریگەری دەرمانی بێهۆشکردن، تووشی وەستانی کتوپڕی هەناسە بووە و گیانی لەدەستداوە."

 

ئەم ڕوداوە کاردانەوەی زۆری میدیایی لێکەوتەوەو بەپێی ڕاگەیەندراوی باخچەکەبێت دەستپێکی روداوەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە گەنجێک لەگەڵ هاوڕێکانی، بە مەبەستی "هەراسانکردن و نزیکبوونەوە" لە پڵنگە سیبیرییەکە، پەرژینە ئەمنییەکانیان بڕیوە و چوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو (ئەو شوێنەی تەنها بۆ کارمەندانی چاودێرییە). لەو کاتەدا پڵنگەکە توانیویەتی قاچی گەنجەکە ڕابکێشێتە ناو قەفەسەکەوە و برینداری بکات. گەنجەکە لەلایەن پاسەوانەکانەوە ڕزگارکراوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و باری تەندروستی جێگیرە.

 

هەرچەندە گەنجەکە ڕزگاری بوو، بەڵام پڵنگەکە بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە و تێکچوونی باری تەندروستی، پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی کتوپڕ بوو. تیمێکی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزیان بۆ پڵنگەکە کرد. سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەرییەکە لە ڕووی جراحییەوە سەرکەوتوو بوو، بەڵام پڵنگەکە لە کاتی بەئاگاهاتنەوە لە ژێر بێهۆشکاری (بەنج)، تووشی وەستانی کتوپڕی هەناسە بوو و گیانی لەدەستدا.

1222 جار خوێندراوەتەوە