وەزیری کشتوکاڵی ئێران تائێستا دەستمان بۆ کۆگا یەدەگە ستراتیژییەکان نەبردووە

KNN : Kurdish News Network
11:16 - 05/04/2026
جیهان
+
-

غلامڕەزا نوری قزلجە وەزیری کشتوکاڵی ئێران، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی ئاسایشی خۆراک و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەبوونی بارودۆخی جەنگ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، سەرجەم کاڵا بنەڕەتییەکان لە بازاڕدا بەردەستن و لە هەندێک بەرهەمیشدا نرخیان ڕووی لە دابەزین کردووە

 

 

وەزیری ئاماژەی بەوە کردوە، پلاندانانی ورد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مانگی ڕەمەزان و جەژنی نەورۆز کرابوو، لە ئێستاشدا زیاتر لە 85%ی ئاسایشی خۆراکی وڵات پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستێت

 

ناوبراو وتیشی بەهۆی بارانبارینی باش و هەوڵی بەردەوامی جوتیاران و بەرهەمهێنەران، هیچ نیگەرانییەک بۆ کەمیی کاڵا بوونی نییە

 

سەبارەت بە کۆگا ستراتیژییەکانی وڵاتەکە، قزلجە ئاشکرای کرد کە تائێستا دەستیان بۆ "کۆگای یەدەگی نیشتمانی" نەبردووە و هەموو ئەو پێداویستییانەی لە بازاڕدا هەن لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە و بەردەوامەوە دابین کراون

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆگاکانیان لە ئاستێکی زۆر باشدان و تەنها بۆ کاتی نائاسایی و زۆر پێویست بەکاریان دەهێنن

 

وەزیرەکەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە بەرهەمهێنەران، بەتایبەت لە کەرتی پەلەوەردا، بەهۆی نزمیی نرخەکانەوە تووشی زیان بوون، بەڵام وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ هاوسەنگکردنەوەی نرخەکان بەجۆرێک کە نەبێتە بارگرانی بۆ بەکاربەر و بەرهەمهێنەرانیش لە کارەکانیان بەردەوام بن.

 

57 جار خوێندراوەتەوە