ئەمریکا پێدانی ڤیزای کۆچبەری بە هاووڵاتییانی 75 وڵات ڕادەگرێت

KNN : Kurdish News Network
12:06 - 15/01/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم ڕێکارەکانی پێدانی "ڤیزای کۆچبەری" بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵاتی جیهان ڕابگرێت، کە لە نێوانیاندا عێراق و سووریا و ١١ وڵاتی دیکەی عەرەبی هەن، بڕیارەکەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەرچووە، ڕێنمایی ئاراستەی سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی ئەمریکا لە جیهان کراوە کە بەپێی یاسای کارپێکراوی ئێستا، ڕەتکردنەوەی ڤیزای کۆچبەری بۆ ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکەن. وەزارەتەکە هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ئەم ڕاگرتنە دەستنیشان نەکردووە.

 

تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارەکە لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە کاری پێ دەکرێت و ١٣ وڵاتی عەرەبی دەگرێتەوە کە بریتین لە: عێراق، سووریا، میسر، جەزائیر، ئەردەن، لوبنان، لیبیا، سودان، مەغریب، تونس، سۆماڵ و یەمەن.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) ڕایگەیاندووە کە ئامانج لەم هەنگاوە "ڕێگریکردنە لە ئیستیغلالکردنی بەخشندەیی گەلی ئەمریکا".

جگە لە وڵاتانی عەرەبی، لیستی قەدەغەکردنەکە ژمارەیەک وڵاتی دیکەی کاریگەری تێدایە، لەوانە: ڕووسیا، ئێران، پاکستان، نایجیریا، مۆڵدۆڤا، مۆنتینیگرۆ (چیای ڕەش)، مەنگۆلیا، نیپاڵ، ئۆگەندا و چەندین وڵاتی دیکە.

667 جار خوێندراوەتەوە