وەهمی دڵخۆشی بە سەرکەوتنی بایدن

خەڵکی کوردستان بەگشتی و نوخبەی سیاسی کورد بەتایبەت، دڵخۆشن و شاگەشکەن بەسەرکەوتن و بوون بە سەرۆکی جۆ بایدن، پێیانوایە کە ئەو دۆست و پشتیوانی کوردە و لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا ئەمریکا پشتیوانی کورد دەکات رەنگە تا ئاستی سەربەخۆیی، چونکە بایدن خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە لە 2008 و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردایەتی کوردا هەیە و شارەزای ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەیە.

ئەم جگە لە وەهم و خەیاڵ و خۆش باوەڕی هیچی تر نییە، چونکە:
یەکەم:
ئەمریکا تێڕوانینێکی تایبەت و سەربەخۆی بۆ کورد نییە و وەک بەشێک لە عێراق سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیری یەکپارچەیی و سەقامگیری خاکی عێراق دەکات و دژی تێکچونی سەقامگیری ناوچەکەیە.
لێرەوە، کورد بەردەوام بەشێک بوە لە ئامراز و میکانیزمەکانی سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک ئامانجی ستراتیژی، بۆیە ئەمریکا وەک کارتی فشار و تاکتیک سەیری کوردی کردوە و بەکاریهێناوە.
دووەم:
دیموکرات و کۆمارییەکان کۆک و یەکدەنگن لەسەر ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەردەوامی دان بە هەژمونی ئەمریکا لەجیهاندا، ئەوەی کەجیاوازە ئامراز و میکانیزمەکانی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەن، کەدیموکراتەکان زیاتر لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی(نەرم)ى سیاسی و ئابورین وکۆمارییەکانیش لە هێزی (رەق)ى سەربازی و ئابورین.
سێيەم:
ئەگەر بایدن وەک سیناتۆر خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراق بووە، مەرج نییە بایدن-ی سەرۆک هەمان بۆچونی هەبێت یاخود بتوانێت بیهێنێتەدی، چونکە ئاسانە وەک پەرلەمانتارێک پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش بکەیت، بەڵام وەک سەرۆک قورسە بتوانیت جێبەجێ بکەیت و ئاستەنگی زۆرەو سەرەتا پێویستی بە رەزامەندی حیزبەکەی خۆی و پاشان ستافەکەی و دواتر هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەران هەیە، ئەمە هەموی بەدەر لەوەی پێویستی بە قایلکردنی هاوپەیمان و دۆستەکانیان هەیە لە ناوچەکە و جیهان.
لەلایەکی تریشەوە، ئەو کاتەی بایدن ئەو پڕۆژەی پێشکەشکرد دۆخی عێراق زۆر خراپ بوو بەدەست شەڕی تائیفییەوە دەیناڵاندن و ئەمریکا بوونی سەربازی هەبو و رۆژانە دەیان سەربازیان دەکوژرا و ئیستا دۆخەکە تەواو جیاوازە.
چوارەم:
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە دادەڕێژرێت و بە بیرۆکراتێتێکی زۆردا تێدەپەڕێت و چەندین دامەزراوە و سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناوەند..هتد بەشدارن لە داڕشتنیدا و گۆڕانکاری و ئاڕاستەکردنی رادیکاڵانە تيَيدا ئاسان نییە.
بۆیە، بەگشتی چاوەڕوان ناکرێت سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد بگۆڕێت.
ئەوەی کە دەگۆڕێت لەئاستی موجامەلە و موراعاتکردندا دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا فشار لە هەردوولا (هەرێم و بەغدا)بکات، بەتایبەتیش بەغدا بۆ گەیشتن بەرێکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، ئەویش لەچوارچێوەی پاراستنی سەقامگیری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئێران.
لەکۆتایدا:
ئەوەی گرنگە سەنگ و قورسایی خودی کورد خۆیەتی، کە هەتا لەناوخۆ بەهێز بێت لە دەرەوە بەهێزدەبێت و رێزی لێدەگیرێت. لەهەموی گرنگتر ئەوەیە ئایا کورد یەکدەنگ و یەک هەڵویستە بەرامبەر رووداو و کارکتەرەکانی عێراق و ناوچەکە یاخود جیاوازە و وەک ئیستا بەدابەشبووی و لاوازی دەمێنێەوە؟
ئایا کورد دەتوانێت سیاسەتی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگونجێنێت، یاخود نا؟

501 جار خوێندراوەتەوە