ads top

سەرەتایەکی باش بەرەو گەڕانەوەی ئومێد

دەستپێکی هەموو کارێک گرنگە، زۆرجار هەڵسەنگاندن و حکومدان لەسەر کەسێک یان کردارێک یان پرۆسەیەک لە وێنە و دەرکەوتنی یەکەمجارییەوە دەبێت First Impression ئەگەر سەرەتاکەی باش بوو، ئەوا وێنەکە بەباش دەڕوات و خراپیش بێت بەپێجەوانەوە.

هەرچەندە هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای کابینەی نۆیەم حکومەت بکرێت، بەڵام دەتوانین بڵێن هەنگاوەکانی دوو مانگی رابردوو ئاماژەی باشی تێدا بەدی دەکرێت و ئەم کابینەیە جددی تر دەردەکەوێت لەئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە هەڵپەسیراوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێکی سەرەتایی ناوە کە گرنگن بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی پرۆسەی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان، هەر لە پێداچوونەوە بە سیستمی باجەوە بگرە تا هەوڵەکان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و گەڕانەوەی موچە بۆ ١٣ هەزار کەمئەندام و پێداگری لەسەر تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی و دابینکردنی بودجە بۆ چاککردنی رێگاوبان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان...هتد.

ئەم کابینەیە جددی تر دەردەکەوێت لەئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە هەڵپەسیراوەکان

ئاڵۆگۆڕی سەرۆکی حکومەت، بۆ خۆی سەرەتای وەرچەرخانی شێواز و دنیابینی حکومڕانییە لەقازانجی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە سەرۆکی نوێ لە هەمان حیزب و خێزانی سەرۆکی پێشوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە چەندین رووەوە جێی سەرنجە، یەکەم مەسرور بارزانی سەرۆکی نوێی حکومەت دەیەوێت هێڵێکی جیاکەرەوە دروست بکات لەنێوان رابردو و ئێستا و داهاتوی حکومەت و دەیەوێت ئەوە بچەسپێنێت کە ئەم قۆناغە جیاوازە و تایبەتمەندی خۆی هەیە و جددین لە بەدیهێنای بەڵێنەکان و ئەنجامدانی چاکسازی. دووەم سەرۆکی پێشووی حکومەت دوای نزیکەی حەڤدە ساڵ لە سەرۆکایەتی حکومەت عادەتی بە شێوازێکی دیاریکراوی حکومڕانی گرتبوو، واقعێکی دژوار دروست ببوو، کە ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری کارێکی ئەستەم بوو.

بەهۆی قەیرانی ئابوری و ململانێی سیاسی ناوخۆ و دەرەوە، بەگشتی خەڵک کوردستان متمانەی بەحکومەت لاواز بووە و بێ ئومێدببون لەئەنجامدانی گۆرانکاری راستەقینە. دنیایەک کێشە بەرۆکی خەڵکی گرتوە کە بەدوای تروسکایی هیوایەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون لێ، بەتایبەتیش کێشەی بێکاری، هەژاری، گرانی، گەندەڵی، نەبونی دادی کۆمەڵایەتی، رۆتین، واستەکاری..هتد.

سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم حکومەت پەیوەستە بە ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەوە

خەڵکی کوردستان ئارامیان گرتووە و چاوەڕێی ئەم حکومەتەن کە هەنگاوی جدی بنێت بە ئاراستەی چاکسازی و گۆڕانکاری جدی، ئێستا لەسەر حکومەتە وەڵامێکی پێویست بەم سەبرگرتنەی خەڵک بداتەوە و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیاندابێت و متمانە بۆ ئەو زۆرینەیەی خەڵک بگەڕێنێتەوە کە تەنانەت ئامادەنەبوون لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، چونکە ئەگەر بێتو بە چاکسازیکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری متمانە بۆ خەڵک نەگەڕێتەوە ئەمەیان گەورەترین مەترسییە بۆسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان.

ئەم کابینەیە دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدایە ئەم متمانە لە دەستچووە بگەڕێنێتەوە. جیا لەمە بەغدا و لایەنە نەیارەکانی حکومەتی هەرێم ئەم بێ متمانەییەی خەڵک دەقۆزنەوە بۆ لاوازکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان، وەکچۆن بەر لە دوو ساڵ ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا خەڵک ئامادەنەبوون خۆپیشاندانێکی بچووکیش بکەن بۆ لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان.

هەموو سەرەتایەک گرنگە، بەڵام پێویستی بەئیرادە و بەردەوامی پێدان و پشودرێژی هەیە. نابێت ئاستەنگ و گرفت و ململانێکان حکومەت بوەستێنێت لەو پرۆسەیەی دەستی پێکردوە، هەروەک چۆن پێویستە چاکسازی و گۆڕانکارییەکان گشتگیر و سەرتاسەری بن و تەنها بۆ کاتێکی دیاری کراو و بۆ جوگرافیایەکی دیارکراو نەبن.

سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم حکومەت پەیوەستە بە ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەوە کە تەنها لەڕێگەی ئەمەوە دەتونین متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنینەوەو هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین.

308 جار خوێندراوەتەوە