مەركەزی و نامەركەزی

لە دنیای بەڕێوەبردندا، مەركەزیەتی كارگێڕی بەشێوەیەك لەشێوەكانی جێبەجێكردنی كارگێڕی دادەنرێت، كە مانای بەش بەش نەكردنی دەسەڵات دەگەیەنێت لە رێكخستنی كارگێڕیدا، وە كۆكردنەوەی هەمو ئەركەكان لەبندەستی حكومەتی ناوەندی دا كەئەمەش بەیەكگرتویی و دابەشنەكردنی ئەركە كارگێریەكان تەواو دەبێت، تیایدا دەزگا كارگێڕیەكانی دەوڵەت ئەرك و تایبەتمەندییە كارگێڕیەكانیان مومارەسە دەکەن بەسەر هەمو هەرێمی دەوڵەتدا.

لەبنەڕەتدا سیستەمی مەركەزی كارگێڕی شێوەیەكی قوچەكی (هەرەمی) لەخۆی دەگرێت، كە لەسەرەوەی بەڕێوەبردندا، سەرۆك و وەزیرەكان و دەسەڵات لای خۆیانە و لەخوارەوەش فەرمانبەرەكان هەن، بونی فرە دامودەزگایی لەوڵات نابێتە مایەی نەبونی مەركەزیەتی كارگێڕی، چونكە لەسەرەوە دەسەڵاتەكە بەیەكگرتویی كۆكراوەتەوە وەك ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

بە بۆچونی زۆرێك لەشارەزایانی بەرێوەبردن، سیستەمی مەركەزیی كارگێریی دەسەڵاتی دەوڵەت تۆكمە و بەهێز دەكات و لەنێوان هاوڵاتیان یەكسانی دروست دەكات لە گەیاندنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی دا، بەڵام لەراستیدا ئەم سیستەمە دور نییە لە كەموكورتی و خاڵی لاوازی تێدا بەدی دەكرێن كە ئەمانەن:


١-  لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی وڵات زۆر بوە و بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان وادەخوازێت كە سیستەمی بەڕێوەبردن مەركەزی (ناوەندیی) نەبێت، چونكە بەم شێوەیە توانای خزمەتگوزاری گشتی لاواز دەبێت و تەگەرەی بۆ دروست دەبێت، رازی بون بەدەسەڵاتی رەها لەسەر بنەمای یەكپارجەیی وڵات ئاستەنگ دروست دەكات و شارەزایان پێیانوایە؛ وڵات بەرەو دیكتاتوریەت و هەڵوەشانەوە دەبات لەدواییدا.


٢-  لە سیستەمی مەركەزی كارگێڕیدا شێوازەكانی سەركوتكاری و ستەمی تێدا بەدی دەكرێت كە ناگونجێت لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی، لە دنیای دیموكراسیدا هەڵبژاردن لەئارادایە كە خۆی دەبینێتەوە لەخزمەتگوزاری گشتی هاوڵاتیان و قۆرخ نەكردنی دەسەڵاتی رەها، زۆربەی شارەزایان پێیانوایە ”مەركەزیەت و سەركوتكاری” دو روی لەیەكچون.

سیستەمی نامەركەزی كارگێری (نظام اللامركزیە الاداریە)


شێوازە گرنگەكانی بەڕێوەبردن لە دنیای مۆدێرندا، بریتییە لە پەیڕەوكردنی سیستەمی نامەركەزی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پێشكەشكردنی خزمەتكوزاری گشتی، چونكە لەگەڵ كرانەوەی دنیا بەتایبەت لەسەردەمی ئێستا چیتر بەڕێوەبردن بەشێوازی (سیستەمی مەركەزی) جێگای قبوڵكردن نەبو، بۆیە سەرهەڵدانی سیستەمێكی نوێی لێكەوتەوە و ناونرا (سیستەمی نامەركەزی).

نامەركەزی كارگێڕی یەكێكە لەجۆرەكانی بەرێوەبردنی دام و دەزگاكانی وڵات، ئەم سیستەمە بەمانای دابەشكردنی كاروبارە كارگێڕیەكان لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دامەزراوە ناوچەییەكان، كە تیایدا بڕێك دەسەڵاتی بڕیاردان لەكاروباری كارگێڕی دراوە بەهەندێك لەدەستەكان كە لەكارمەندی دەسەڵاتی ناوەندی نین، وە دەكرێت زۆرجار ئەو دەستانەی كەیەكە كارگێڕیەكان بەڕێوەدەبەن لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرابن، سیستەمی نامەركەزی بەپێی شارەزایان بریتین لە (نامەركەزی سیاسی و نامەركەزی هەرێمی و نامەركەزی دارایی و ئابوری).

بنەماكانی نامەركەزی كارگێڕی خۆی دەبینێتەوە لە بونی بەرژەوەندی گشتی ناوچەیی لەپاڵ بونی بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی، كەتیایدا دەم و دەزگا ناوچەییەكان هەڵدەستن بەپێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی و دەسەڵاتی ناوەندیش بێبەش نییە لەچاودێری كردنی كاروباری كارگێری لەزۆركاتدا، لەراستیدا سیستەمی نامەركەزی كارگێڕی رۆڵی باش دەبینێت لە یەكپارچەیی هەرێمی دەوڵەت لە روی سیاسی و یاسایی، زۆربەی كات دەسەڵاتی ناوەندیش بەهێز دەكات، لایەنگرانی ئەم سیستەمە پێیانوایە دەستەبەری یەكسانی و دادپەروەری لەسیستەمی نامەركەزیدا هەیە بەتایبەت لەپێدانی ماف و خزمەتگوزاریەكاندا و هێشتنەوەی بەبەردەوامی.

سیستەمی نامەركەزی كارگێری لە روی سیاسیەوە رێگە خۆشدەكات كەهاوڵاتیانی هەرێمی دەوڵەت كەسەكانی ناوچەیی دیاری بكەن بۆ بەئەندامبون لەبەڕێوەبردنی كارەكانی كاركێڕی و بەرێوەبردن، وە ئەم سیستەمە زیاتر خۆی دەنوینێت لەگەڵ كۆمەڵگاو دانەبڕاو دەبێت و رۆتینات كەمتر دەكاتەوە، چونكە كارەكانی حكومەتی نەوەند كەمتر دەكاتەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە زۆربەی كاتداو ئاڵۆزی ناهێڵێت لەكارەكاندا.

لەراستیدا كاركردن بە "نامەركەزی كارگێڕی" پێویستی بەدەركردنی یاسا نییە، چونكە خۆی یاسای ژمارە (3)ی (2009) هەیە ‌و دەكرێت كاری پێبكرێت، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزكای سلێمانی داوای دەكات نامەركەزی "كارگێڕی ‌و داراییە" نەك سیاسی، بۆیە ئەو نامەركەزیەی داوا دەكرێت دژی دو ئیدارەییە و پێویستە سەرجەم لایەنەكان پێشوازی لێبكەن.

799 جار خوێندراوەتەوە