”سوپای عێراق یاخود عێراقی سوپا”

ئەمڕۆ ”دوو شەممە، بەرواری 6-1”، ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عیراقە (جەژنی سوپا)، مێژوی دامەزراندنی سوپا دەگەڕێتەوە بۆ شەشی كانونی دووەمی ساڵی 1921، یەكەمین یەكەی لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیا بەناوی ”موسا كازم” لەبەغدا دامەزرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانی و لەساڵی 1937 دا هێزی دەریایی پێكهێنران.

 

دوای شۆڕشی ساڵی 1920 و پێكهێنانی یەكەمین حكومەت لەعیراق فەوجێكی بەناوی ”موسا كازم” لە 6ی مانگی كانونی دوەمی ساڵی 1921 دامەزراندو دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عیراق، فەوجی ”موسا كازم” لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیدا لەناوچەی كازمیە لەبەغدا كاریان كردبو، دواتر وەزارەتی بەرگری عیراق بەسەرۆكایەتی ”فەریق جەعفەر عەسكەری” پێكهات، سوپا لەوكاتەدا پشتی بەخەڵكانی خۆبەخش دەبەست.

 

ئیمە گەر سەیری مێژووی عێراق بكەیین بۆمان ڕوون دەبێتەوە كەعێراق هی سوپا بووە نەوەك ئەم دەوڵەتە سوپایەكی هەبێت تیایدا لانی كەم سوپایەكی نیشتیمانی بوبێت، هۆكاری ئەم دربڕینەمان بۆ سوپای عێراق سەرچاوە دەگرێت لەوەی كە بەدرێژایی حوكم سوپا بۆ دەستدرێژی و لەناوبردن و قڕكرن و ئەنفال و ... جۆرەكانی تری ئازاردانی هاونشتیمانیانی بەكارهاتوون.

 

شارەزیانی بواری سەربازی لەناوخۆ و دەرەوە، بەردەوام بەگومانەوە لە بەھێز بوونی سوپای عێرقیان روانیوە، ھیچ کاتێک پێیان وا نەبووە ئەگەر سوپای عێراق لاواز بوبێت بەرژەوەندی گشتی وڵات کەوتۆتە مەترسییەوە، پێیان وابووە سوپای عێراق ئەو سوپایە بووە بەردەوام دوژمنی گەلەکەی خۆی بووە لەھەر قۆناغێکی شکست یان سەرکەوتندابووبێ.

 

بۆنمونە: شەش ساڵ ”١٩٧٨ تا ١٩٨٤” شەڕی کوردی لەباشوری کوردستانی پێکرا، ھەشت ساڵ ”١٩٨٠ تا ١٩٨٨” جگە لەشەڕی عێراق و ئێران شەڕی جینۆسایدکردنی ھاوڵاتیانی بێدیفاع و ئەنفال و کیمیابارانی لە کوردستان پێکرا. دوو ساڵ ”١٩٩٠ تا ١٩٩٢” شەڕی داگیرکردنی کوێت و جەنگی دوەمی کەنداوی پێکرا،دوو ساڵ ”١٩٩٦ تا ١٩٩٨” شەڕی گەرمکردنی براکانی لەکوردستان پێکرا، دوانزە ساڵ ”١٩٩١ تا ٢٠٠٣” شەڕی لەناو بردنی گەلانی عێرقی بەبێ جیاوازی پێکرا.

 

ھیچ کاتێک ھاوڵاتیانی عێراقیش سوپای عێراقیان بە سوپای نیشتمانی خۆیان نەزانیوە، ھەمیشە پێیان وا بووە بە بەھێز بوونی سوپا و پەرەپێدانی سوپا زیاتر هاوڵاتیانی خستوتە دڵەڕاوكێوە و ترسیان لەجۆری سوپاكە هەبووە، کەواتە ھەم ھاونیشتمانیانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوور، ھەمیش خودی سوپا دووچاری ئەو مەترسییە بوونەتەوە کە خواستی دوژمنانی گەلانی عێراق بووە.

 

ئەمە لەكاتێكدا كە سوپا لەهەر وڵاتێكی تری دونیا و تایبەتتر وڵاتانی ڕۆژئاوا ”سوپا” وەك دایكی نیشتیمان و بەپارێزەری خاك و ئازادی و سەرجەم بەهاكانیان دەزانن و هاوڵاتیان لەڕۆژی سوپا لەپەڕی خۆشی و ئارامیدا یادی سوپا نیشتیمانیەكەیان دەكەنەوە، كەواتا دروست وایە كە سوپا نیشتیمانی بێت و بەشێوازێكی رێكخراو بێت و تیایدا هاونیشتمانیانی لەسێبەرەكەیدا هەست بەلانی كەمی ئارامی بكەن، ئەمەش بەسیستەماتیك كردنی سەرجەم دامەزراوەكانی وڵات دێتە ئاراوە

741 جار خوێندراوەتەوە