نەوشیروان مستەفا، مرۆڤ بوو، باخچە گەورەکەی ژیانی ئەو، سیاسەت بوو، لە نێو ئەو باخچەیەشدا، لە هەموو هاوڕێکانی و لە کۆی سیاسییەکانی دیکە زیاتر، خەریکی گوڵچنین بوو. ئەو چەند لەگەڵ سیاسەتدا ژیا، هێندەش لەگەڵ ئەدەب و مێژوو. ئەو چەند لە نێو دونیای سیاسەتدا بوو، هێندەش لە نێو دونیای ئەدەب و کاری رۆژنامەنووسی و نوسینەوەی یادەوەری و مێژوو، جگە لە هەموو ئەوانەش، ئەوەی خەڵکانێکی زۆر لە ئاستی سیاسی و ئیداری باڵادا، لە شاراوەیی و بە چرپە جورئەتی گووتنیان نەبوو، ئەو، تەنانەت ئەوکاتەیش کە هێشتا لە ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانیدا دەسەڵاتدار بوو، بە دەنگی بەرز و لە روناکیدا، بە ئاشکرا بە هەمووانی راگەیاند...
ئەو وەک مرۆڤێک، وەک سیاسی و نوسەر و رۆشنبیرێک هات و رۆیشت... مرۆڤەکانیش لە هەر ئاستێکی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتیدا بن، لە دەرەوەی هەڵسەنگاندن و رەخنە، بگرە بێ کەموکورتیش نابن.
تا زیندوو بوو، باش تێینەگەیشتین، زۆرێکیش تێیدەگەیشتن، دەشیانزانی ئەوەی ئەو دەیڵێ، ئەوەی کاری بۆ دەکات، رێگە دروستەکەیە، بەڵام نمایشی سادەگۆیی و پشتیوانی نەکردنەکەیان بە پاساوێک دەشاردەوە، کە هەرچی زیاتر دووفاقی و کوێراییداهاتنی ئەوانی بە دوو چاوی زەقەوە، دەسەلماند. لەگەڵ رۆیشتنیدا و بە ماوەیەکی ئێجگار کورت، هەست بە گەورەیی درزی دوای رۆیشتنی کرا.
ئەم پیاوە تا زیندوو بوو، کەمترین دەرفەت بۆ خۆحەشاردان لە پەنا هەڵوێست و نوسینەکانی ئەودا هەبوو، وەلێ دوای خۆی، دوای رۆیشتنی، کەوتن و هەڵوەشان، خۆخواردن و هەڕاجی ئەخلاقی سیاسی، لەوەش زیاتر نە تەنها شکاندنی پەنجەکان، بەڵکو شکاندنی ملی یەکدیش، بە ناوی ئەو، لە پەنای هەڵوێست و نوسینەکانی ئەودا، وەک (رێبازی نەوشیروان مستەفا) بەیان و پێناسە کرا! دوای ئەو، بە ناوی سیاسەتەوە، مرۆڤی کۆیلە، بە ناوی دیموکراسییەوە، پاوانخوازی و بە ناوی ئەخلاقیشەوە، بێ ئەخلاقی سیاسی بەرهەمهێنرا.
گومانێکم لەوەدا نییە، نەوشیروان مستەفا، بە حوکمی بەهێزی کەسایەتی، بە حوکمی بەهێزی پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و جەماوەری، وێڕای ئەزموونێکی دوور و درێژی سیاسی و عەسکەری، دەیتوانی زۆر لەوە زیاتر، زۆریش لەوە باشتر بکات، کە کردی...
بەڵام بۆ نەیکرد، بۆ گۆڕانی بەمجۆرە جێهێشت؟ بۆ لە دەستپێکردنی جوڵەی کاریگەری شەقامەوە (بۆ نموونە ٢٠١٠ لە هەڵوێست بەرانبەر تیرۆری سەردەشت عوسمان و خۆپێشاندانەکانی ٢٠١١)، دەگوازێتەوە بۆ بەشداری و مانەوە لە دەسەڵات بە تەنیشت پارتی و یەکێتییەوە لە ٢٠١٤. بۆ بە ئەندازەی بەهێزی و کاریگەری کەسایەتی سیاسی، عەسکەری، پتەوی پێگە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکەی، بەردەوام نەبوو لەوەی نەیارەکانی بخاتە ژێر گوشاری گەورەترەوە، لە کاتێکدا وا دەبینرا، کە میکانیزمەکانی ئەم کاریگەری دانانەی لە بەردەستدا بوو؟ بۆ ئەمانە و زۆرشتی دیکەیش، کە چاوەڕوان دەکرا بیانکات و نەیکردن، بۆ؟
راستییەکەی ئەگەرچی لە ئێستادا هەموو شت بۆ گووتن نابێ، بەڵام من بەشبەحاڵی خۆم تەواو وەڵامی ئەم (بۆ)یانەم لا نییەو نازانم بۆ؟ هێندە دەزانم، ئەگەر ئێوارەی ١٩ی ئەم مانگە لە ناو مەزارەکەیەوە سەرهەڵبڕێ، زۆر بە روونی هەست بە (ونی) هاوڕێ دێرینەکانی دەوروبەری، گەنجەکانی چەپ و راستی خۆی و، ئامادەگی زیاتر و هەمیشەیی خۆیشی دەکات، لە کاتێکدا ئەو لە ئێستادا جەستەیەکی بێ گیانی لە دونیا دەرچوو، ئەوانیدیش لە دونیادا بە جەستە زیندوو!
رۆحت شاد و یاد و یادەورەیت هەمیشە زیندوو...
1202 جار خوێندراوەتەوە