یەکڕیزی لە بابانەوە بۆ ئێستا!

جارێکیان دیوەخانەکەی (ئەحمەد پاشای بابان) لە کاتی دەستبەسەری لە ئەستانبوڵ پڕ دەبێ لە میوان، عەبدوڵڵا پاشای برایشی لە کۆڕەکەدا ئامادە دەبێت.

کاتێک قاوەچییەکەی ئەحمەد پاشا قاوە دەگێڕێ و بە ناو میوانەکاندا دێت و دەچێ، هەموو جارێک عەبدوڵڵا پاشا تەماشای قاوەچییەکە دەکات و دەستیش بۆ دەمی خۆی دەبات. ئەمکارە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوەو سەرنجی میوانەکان رادەکێشێت. پاش چۆڵبوونی دیوەخانەکە، ئەحمەد پاشا و عەبدوڵڵا پاشای برای دەمێننەوە. ئەحمەد پاشا ئەم پرسیارە لە عەبدوڵڵا پاشای برای دەکات: عەبە ئەوە بۆچی واتدەکرد؟

عەبدوڵڵا پاشا دەڵێ: زۆرم تینوو بوو مەبەستم بوو ئاوی خواردنەوەم بۆ بهێنێ. ئەحمەد پاشا دەپرسێ: ئەی بۆچی لە جیاتی ئەم ئاماژەدانە، راستەوخۆ داوای ئاوت نەدەکرد؟ عەبدوڵڵا پاشا دەڵێ: قوربان لە حزوری جەنابتدا شەرمم دەکرد لە ناو ئەم هەموو میوانەدا قسە بکەم!

ئەحمەد پاشا دەڵێ: عەبە! تا لە وڵاتی خۆمان بووین، حاکم بووم و دەسەڵاتم هەبوو، خەڵک رێزی لێدەگرتم، تۆ چووی لەشکری تورکت هێنایە سەرم، ئێستایش لێرە، کە بە کەساسی و دەستبەسەری کەوتووین، شەرم دەکەی لە حزوری مندا، داوای ئاو لە قاوەچییەکەم بکەی؟ بە خۆمت بگووتبایە ئەحەی......... هەڵسە ئاوم بۆ بێنە.

ئەم بەسەرهاتەو دەیانی دیکەی ناو مێژووی ئێمە، پێماندەڵێ: ئەگەر لە ناو ماڵەکەی خۆتدا رێز لە یەکدی نەگری، ئەگەر لە ناوەوەدا تەبا و یەکڕیز نەبی، ئەوا جوڵەکانی دەرەوەی ناو ماڵەکەت، بەهایەکی گەورەی نابێ و هێندەی روویەکی نمایشی وەردەگرێ، گوزارشت لە حەقیقەتێک ناکات.

رێزگرتن لە بەهاکانی دیموکراسی و مافی ئینسان، رەخساندنی دەرفەتی کاری سیاسی یەکسان و ژیانێکی دادپەروەرانەو رێزلێگیراو بۆ هەمووان، قوڵکردنەوەی پرینسیپەکانی هاوڵاتیبوون لە ناوەوە، دەتوانێ یەکڕیزی راستەقینە لە دەرەوە فەراهەم بکات، یەکڕیزی و بەهای سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ئەم یەکڕیزییە لە ناوەوە دەست پێدەکات، تا لە ناوەوە ئەمە دروست نەکرێ، هەر گەڕان و هەوڵدانێک بۆی لە دەرەوە، دەبێتە هەوڵ و گەڕانێکی نمایشیانە.

 

 

3855 جار خوێندراوەتەوە