هاکان، قوڵتر لە برین

تەرم لە کیسێکدا هێما نییە بۆ مردنێکی ئاسایی و بەس، بەڵکو هێمایە بۆ سوکایەتی بە جۆر و فۆرمی مردنیش، سوکایەتی نییە بە خوڵقێنراو، بەڵکو سوکایەتییە بە خودی خاڵقیش.

چیرۆکی مردنی هاکان و شێوەی گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ باوکی، تەنیا ڕق نییە لە بوونێکی کۆمەڵایەتی جیاواز ، بەڵکو ڕقە لە خودی بوون خۆی، هەوڵدانە بۆ بێبەهاکردنی ژیان، بێڕێزی بە کەرامەت و بوونی ئینسان، بە بوونی جیاوازی. هاتنەگۆی دیوە ژەهراوی و دڕندەکەی ناوەوەی مرۆڤ و توانای دانەبڕانە لە ئایدیا و فیکری فاشیزم و ڕاسیستی مێژوویی.

کاتێک دوای (٧) ساڵ چاوەڕوانی، باوکێک (عەلی ڕەزا ئارسڵان)، بە غەمبارییەکی زۆرەوە تەرمی کوڕەکەی (هاکان/وڵات)لە کیسێکدا وەردەگرێتەوە، لەوێدا عەلی رەزا، بە تەنیا هەڵگری ئازاری باوکێک بۆ کوڕەکەی نییە، بەڵکو باوەشی بە ئازاری گەلێکدا کردووە، کە ماوەی سەد ساڵە، فاشیزمی مێژوویی هێزی نە تەنیا قبوڵکردنی، بەڵکو گوێگرتن لە پیت و وشەکانیشی نییە. ئازارێک هەڵگری ستەم و خەمە مێژووییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و  برینە قوڵەکانی دۆڵی زیلان، پیران، ئاگری،دەرسیم، ئامەد، شرناخ و رۆبۆسکی و دەیان و سەدان ناوچە و ڕووبەری دیکەیە!

باوەشی عەلی رەزا، بە تەنیا باوەشکردنەوە نییە بۆ برینی کوڕێک، باوەشێکە گەورەتر لە برینی ڕۆڵەیەک، لە جەرگی باوکێک، لە ئومێد و هیوایەک، باوەشی عەلی لەو چرکەساتەوە هێمایە بۆ کۆکردنەوەی کۆی ئازار و برینەکانی نەتەوەیەک، هێمایە بۆ برینی مرۆڤێک لە ڕووبەرێکی گەورەی ستەم و بێدادیدا، باوەش لەوێدا زمانە، زمانێک پڕ بە گەرووی هاوار دەکات، بەڵام نە جیهانی دیموکراسی و نە سوڵتان و عەمامە بەسەرەکانی دین هیچی لێنابیستن!

باوەشەکەی عەلی، نامەیەکی کراوە و سادەی باوکێکی کوردە بۆ سەرمێزی پڕ غروری دونیای رۆژهەڵاتی دین و رۆژئاوای مافی مرۆڤ و دیموکراسی، نامەیەک هەمووان بەبێ وەرگێڕان دەتوانن لە وشە و ڕستەکانی تێبگەن، هەمووان دەتوانن کۆدەکانی بخوێننەوە و لە بەرامبەریدا سەری پڕ لە شەرمیان بلەقێنن و ئابڕووی تکاوی مێژوو و  دین و شارستانیەتیان کۆبکەنەوە. نامەیەک کوردێک بە ڕۆحێکی شەکەت و دەست و پەنجەی زبرەوە لە گۆشەیەکی پەراوێزخراوی ژیان و شارستانیەت و مەدەنیەتدا دەینووسێت، بەڵام سنورەکان لەبەردەمیدا چۆکدادەدەن و لە وێنەیەکدا برین و ئازار و فرمێسکی میللەتێک دەگەیەنێت بە گوێی کاسی هەموو دونیا. برینێک بەسەر فڵچەکانی (جانلوکا کۆستانتین)ی ئیتاڵییەوە دەبێتە تابلۆیەکی سادە، بەڵام گەورە و پڕ مانا، بۆ شەرمەزارکردنی دیوەخانەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی.

لە تابلۆی باوکی هاکاندا، فرمێسک و برینی باوکێک بە شەقامەکانی شاردا دەگەڕێت و هەنگاو بە هەنگاو مێژووی میللەتێک دەنووسێتەوە. مێژوویەک وێڕای کەلێنە گەورەکانی ناوەوەی، بەڵام دوا مۆدێلی ستەمی دەرەوەش هێزی ئەوەی نییە چۆکی پێدابدات.

ئەوەی لە کیسێکدا شەقامەکانی شار تەی دەکات، گوتاری ئایدیۆلۆژی لەیەکدراوی فاشیزمی نەتەوەیی و فاشیزمی دینییە، هاوار و گوتاری راسیستی ئاکەپە و مەهەپەیە بۆ تەلارەکانی دیموکراسی، بۆ باڵەخانەکانی مافی مرۆڤ، بۆ سەردابەکانی بێڕێزی بە ئینسان.

هاکان لە کیسەیەکدا، پوختەی قەسیدە تەواونەکراوەکەی دیموکراسییەتی رۆژئاوا و واعیزە دینییەکانی ئیسلامە بۆ ماڵی ئایدیۆلۆژیای پاک، خوێنی خاوێن و منی باڵا، بۆ ماڵی ئەو ئیگۆ قوڵ و پەڕگیرەی گەرەکییەتی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە ڕەنگ و دەنگ و ئیتنیکی جیاوازدا بە چاوی ئەو و بە رەنگی ئەو ببینن. چ ئیگۆیەکی تۆقێنەر و کوشندەیە، کاتێک مرۆڤ بە کردنەوەی دەرگاکانی ئایدیۆلۆژیا، دونیا بۆ پاک و پیس، مرۆڤەکان بۆ مرۆڤی باڵا و مرۆڤی نزم، حەڵاڵ و حەرام دابەش دەکات. ئاخر دونیای حەڵاڵی دیموکراسییەتی ڕۆژئاوا و جیهانی دەسەڵاتدارە دینییەکانی ڕۆژهەڵات، پڕیەتی لە حەڕام و خوێن، پڕیەتی لە برینی قوڵ و ستەم و بێدادی. خوێنڕێژ و دڕندەکانی وەک هیتلەر، ئەتاتورک، سەدام، ئایەتوڵڵاکانی ئێران و نیوسوڵتانەکانی ئەنکەرە، مەگەر کوڕی ئەو دونیا داتکاوە لە ئەخلاقی مرۆیی، دیموکراسی، دین و مافی ئینسان نین؟

تراژیدیای هاکان لەبری شکاندنی ئیرادە و هێزی میللەتێک، دەبێتە وانەیەکی دیکەی ئیرادە و مێژووی درێژەدان بە وەستانەوە دژ بە ستەمی مرۆیی و نەتەوەیی.

175 جار خوێندراوەتەوە